گیانلەدەستداوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ لە کوردستان/ قەتڵی حکوومەتیی موتەلیب سەعیدپەیرۆو لە مەودایەکی کورتدا

12:10 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، "موتەلیب سەعیدپەیرۆو" لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ خەڵکی شاری بانە، لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شار و لە ماشینی خۆیدا، لە مەودای یەک میتری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێ دەکرێت و گیان لەدەست دەدا.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووه، دوو ماشین لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە جۆری تۆیۆتا کە لە حاڵی لێخوڕین لە یەکێک لە کۆڵانەکاندا بووە. موتەلیب سەعید پەیڕەو لە کاتێکدا لە ماشینەکەیدا بووە، بە بێ هیچ هۆکارێک دەسڕێژی لێ دەکەن.

سەرەتا یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان دادەبەزێت و بە کوتەک شووشەی ماشینی ئەو هاووڵاتییە دەشکێنێت و دواتر یەکێکی دیکە لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای یەک میتری و لە پشتی ماشینەکەوە، تەقەی لێ دەکات.

موتەلیب سەعید پەیڕەو ، سەرەڕای بەرکەوتنی گولـلە، سواری ماشینەکەی دەبێت و هەڵدێت، دواتر هێزە سەرکوتکەرەکان هێرش دەکەنە سەر ماشینی ئەو هاووڵاتییە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکان، هێزە سەرکوتکەرەکان ١١ کەسن کە هەندێکیان جلوبەرگی شەخسییان لەبەر دایە و چەند کەسێکیشیان سپایی و گاردی تایبەتن.

لە یەکێکی دیکە لە گرتە ڤیدیۆکاندا کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووه، ماشینی ڕاگیراوی موتەلیب لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری بانە، بەرچاو دەکەوێت و وردە وردە خەڵک لە دەوری کۆ دەبنەوە و جەنازەی ئەو هاووڵاتییە لە ماشینەکەی دێننە خوارەوە.

 ئەو کەسانە کە گرتە ڤیدیۆکان شیکاری دەکەن، باس لەوە دەکەن که ئەو ماشینە هی موتەلیب سەعیدپەیرۆو بووە کە ماوەیەک پێش تەقەی لێ کرابوو.

موتەلیب سەعیدپەیرۆو خێزاندار و باوکی دوو منداڵی قوتابیی پۆلی ١١ و ٧مـە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای خۆپێشاندانە جەماوەرییە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران، بە گشتی ٥٣ هاووڵاتی لە کوردستان گیانیان لەدەست داوە، کە ٨ کەسیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و هەروەها ٣ کەسیان ژن بوونە.