٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سلێمان ڕەسووڵی»، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، «سلێمان ڕەسووڵی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ناوبراودا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

"سلێمان ڕەسووڵی" لە چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری شنۆیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.