کێشەی دەواو دەرمان لەشاری سونقوڕ + وتووێــــژ

15:36 - 27 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بۆ کۆنترۆڵ کردن و چاوەدێری کردنی \"کێشە و گرفتەکانی فرۆشتنی دەواو دەرمان\" لە دەرمانخانەکانی شاری \"سونقوڕ\"، لێژنەیەکی هاوبەش لە مەئموورانی تەعزیرات و ئیدارەی بێهداشت پێکهات.

بەڕێوەبەری یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری سونقڕ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتراست کردنەوەی هەواڵی کەمیی دەواو دەرمان لەشاری سوقوڕ، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، دەرمانی نەخۆشییەکانی هەناو، حەبی وارافارین(دژی خەستیی خوێن)، متفورمین(دژی شەکرە) و سیتالۆپرام(دژی خەمۆکی) روویان لە کەمی کردووەو دەرمانەکانی دیکە بە ئەستەم لە دەرمانخانەکاندا دەست ئەکەون.

\"14008.jpg\"
\"محەممەد کەیوانی\" سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی \"تەبی ماڵت\" رایگەیاند، هەتا ئێستا چەندین لێژنەی هاوبەش لەلایەن ئیدارەی بێهداشتی شاری \"سونقوڕ\"ەوە بۆ پێشگیریی لە نەخۆشی تەبی ماڵت پێکهاتووە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا دەرمانی نەخۆشیی تەبی ماڵت بە دەرمانخانەکان نەدراوە.

ئەو پزیشکەی دەرمانخانەی \"کاکایی\" لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لەوەش کرد، کەمیی دەواو دەرمان گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت دەرمانەکانی بەرهەم هاتووی نیوخۆی وڵاتیش بە شێوەی جیرەبەندی بەسەر دەرمانخانەکاندا دابەش دەکرێت و بۆ نموونەش رۆژانە تەنیا ١٠٠ دەنک حەب بە دەرمانخانەیەک ئەدرێت کەلە ماوەی نزیک بە ٢ کاتژمێردا تەواو دەبن.

ناوبراو لەو پەیوەندییەدا ئاماژەی بەوەش دا، شیرکەتەکانی \"ئەلبورز، داروپەخش، فێردۆسی و رازی\" بەرپرسیارەتیی دابەش کردنی دەوا و دەرمانیان لە ئەستۆیە و هەنووکە لە سەرتاسەری ئێراندا بەرەوڕووی کێشەی دابین کردنی دەرمان بوونەتەوە.

دەگوترێت شیری وشک لە دەرمانخانەکانی شاری سونقوڕ رووی لە کەمی کردووە و ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

پێشتریش \"شەمس‌عەلی رەزازادە\" جێگری بەرپرسی رێکخراوی دەوا و دەرمان رایگەیاندبوو کە ٩٠%ی ماددە سەرەتاییەکانی دروست کردنی دەوا و دەرمان، لە وڵاتانی \"هێند و چین\"ـەوە هاوردە دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوەو بەوتەی بەرپرسانی رێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێــران، هەنووکە ١٥٠ جۆری دەواو دەرمان لە وڵاتی ئێراندا رووی لە کەمی کردووە.