کوردپا ئیدعای ناوەندی میدیایی دەزگای دادوەریی ئێرانی بە درۆ خستەوە

13:30 - 29 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، ئیدعای ناوەندی میدیایی دەزگای دادوەریی ئێرانی سەبارەت بە ناڕاستبوونی هەواڵی پشتڕاستکردنەوەی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی سێ زیندانی بە تاوانی دزیکردن بە هەموو شێوەیەک بە درۆ خستەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەمەڕ پشتڕاستکردنەوەی حوکمی "بڕینی چوار قامکی دەستـ"ـی سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، ناوەندی میدیایی دەزگای دادەوەری بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دادگوستەریی ورمـێ، ڕاستبوونی ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە و ئەو هەواڵەی بە "شەپۆلێکی پڕوپاگەندە لە ڕاستای درێژەی پرۆژەی فەزاسازیی میدیایی ڕۆژئاوا دژی هەڵوێستیی دەزگای دادوەری لە بەربەرەکانێی هەمەلایەنەی لەگەڵ گەندەڵی و نائەمنی" لەقەڵەم داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا بە هەوڵی هەواڵنێران و هاوکارەکانی لە کوردستانی ئێران، دادنامەکانی دادگا و بڕیاری کۆتایی دیوانی باڵای وڵاتی کە حوکمی قرتاندنی قامکی ئەو سێ زیندانییەی دەست کەوتووە و ڕاستبوونی ئەو هەواڵە لەلایەن سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، لە ڕاستای ڕوونتربوونەوەی بیروڕای گشتیی دادنامەی حوکمی "قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستـ"ـی ئەو سێ زیندانییەی لە زیندانی ورمێ، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە دەخاتە بەر دەستی خوێنەران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا دادنامەکانی ئەو سێ زیندانییەی بۆ ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان ناردووە.

حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی سێ زیندانی بە تۆمەتی "دزیکردن" لە زیندانی ورمێ، بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند" لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو حوکمە بۆ جێبەجێکردنی ڕەوانەی نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگوستەریی ورمێ کراوە.

ئەو سێ زیندانییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، دادگایی و بەپێی مادەی ٢٧٨ی یاسای سزای ئیسلامی "بۆ چوار بابەت دزیکردن سزای ''حەددی'' بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بۆ بڕاوەتەوە، بە شێوەیەک ببڕدرێتەوە کە پەنجە گەورەکەی و بەری دەستی بمێننەوە و بەپێی ماددەی ٦٦٧ی هەمان یاساش بە گەڕاندنەوەی هەمان کەلوپەل و ماڵە دزراوەکە سزا دراوە.

ئەو حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بەو سێ زیندانییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، حوکمیقرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەو سێ زیندانییە لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست و بە زیندانییانی دیکە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.