بەندیخانەی سەقز؛ هوشیار شەعبانی دوای ٦ مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بانە کە چەندین جار پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی هەیە، لە دوایین حاڵەتی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی خۆیدا لە بەفرانباری ١٤٠٤، دوای زیاتر لە ٦ مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا. هاوكات لەگەڵ ئازادبوونی، زۆرێک لە هاوڕێیان و نزیکانی، لەوانە دایکی محەممەد حەسەنزادە، گیانلەدەستداوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پێشوازییان لێکرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «هوشیار شەعبانی»، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بانە، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ دوای ٦ مانگ و ٣ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەرکرانی لە بەندیخانەکانی سنە و سەقز، بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
به وتەی ئەم سەرچاوەیە، هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی ناوبراو، کۆمەڵێک لە هاوڕێیان و نزیکانی، لەوانە دایکی محەممەد حەسەنزادە، گیانلەدەستداوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پێشوازییان لێکرد.
هوشیار شەعبانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری بانە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە بانە و لە شوێنێکی نادیاردا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە و لە حەفتەکانی ڕابردووشدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر بە کوردپای ڕاگەیاندبوو کە هوشیار شەعبانی لە حەفتەکانی ڕابردوودا دیسانەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێکۆڵینەوەی لێ کراوەتەوە؛ چونکە بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دۆسییەکەی لە کاتی هێرش بۆ سەر ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە لەناو چووبوو و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدا بوون دیسانەوە دۆسییەی بۆ ساز بکەن. هەروەها هێزە ئەمنییەکان چەندین جار دژایەتیی ئازادکردنی کاتیی ناوبراو و دانانی بارمتەیان کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە، ڕەزاامەندییان بە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو نیشان درا.
هوشیار شەعبانی لە ساڵی ١٣٩٦ەوە تا ئێستا چەندین جار پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی هەبووە و هەمیشە لەژێر گوشار، هەڕەشە و ڕاوەدوونانی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە. ڕاپۆرتی تەواوی پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی ناوبراو پێشتر لەلایەن کوردپاوە بڵاو کراوەتەوە.
کورتەیەک لە پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی هوشیار شەعبانی:
١٤٠٤:
ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بانە، لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کرا و بە بەرکەوتنی سێ گولـلە لە لاقی، بریندار و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ٥٣ ڕۆژ لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە و دواتر لە بەندیخانەی بانە، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرا و سەرەڕای برینەکانی بەهۆی تەقەکردنەکەوە، لە چارەسەری پزیشکیی گونجاو بێبەش کرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لەم ماوەیەدا سەبارەت بە مەترسیی ئەشکەنجەدان، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی چارەسەرکردنی ناوبراو هۆشداریی دابوو. ئەو لە کۆتاییدا لە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بانە ئازاد کرا. پێش دەسبەسەرکردنیشی، لە پووشپەڕی ١٤٠٤ەوە هێزە ئەمنییەکان چەندین جار هێرشیان کردبووە سەر ماڵی خۆی و خزمەکانی و هەڕەشەیان لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردبوو و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دابوو.
١٤٠٢:
لە خەرمانانی ١٤٠٢دا هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی هوشیار شەعبانی دۆسییەیان لە دژی ساز کرد. ناوبراو لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بانگی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە کرا. هەروەها لە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی باوکی، بۆ ڕادەستکردنی ناوبراو بنەماڵەکەیان خستە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.
١٤٠٠ تا ١٤٠١:
هوشیار شەعبانی لە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٨١ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بانەدا لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو. ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەوە تووشی خوێنڕێژیی گەدە بوو و لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە، بەڵام لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوو. ئەو لە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ بە بارمتە ئازاد کرا. دواتر دادگای ئینقلابی سەقز جێگیر لە بانە ناوبراوی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو سزا دا و لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» بێبەری کرا؛ جێبەجێکردنی هەشت مانگ لەم سزایە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسێردرا و ناوبراو ئەرکدار بە خۆناساندنی دەورەیی بە ئیدارەی ئیتلاعات کرا. لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی بانە گوازرایەوە.
۱۳۹۶ تا ۱۳۹۸:
هوشیار شەعبانی بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی، لەوانە پاڵپشتی لە کۆڵبەران و بەشداری لە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان، لە ساڵانی ١٣٩٦، ١٣٩٧ و ١٣٩٨ چەندین جار دەسبەسەر، دادگایی و زیندانی کرا. دوایین حاڵەت لە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا بوو کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک بێسەروشوێن کرا و بنەماڵەکەی لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بێئاگا بوون.