مەهاباد؛ ئەنوەر مەولوودی دوای ٤ مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ١٥ میلیارد تمەنی ئازاد کرا
٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ «ئەنوەر مەولوودی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ (١٣٠ ڕۆژ) دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی قورسی ١٥ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ئەنوەر مەولوودی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی گوندی "خێرئاوا"ی سەر بە ناوچەی شامات لە مەهاباد، دوای ١٣٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی قورسی ١٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.»
ئەنوەر مەولوودی ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە. ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.