یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار؛ دەستپێکردنی مانگرتن لە خواردنی ١٥٠٠ بەندکراو لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و پێبەندنەبوونی بەرپرسان بە بەڵێنەکانیان

09:01 - 25 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی ٦ بەندکراوی سزادراو بە لەسێدارەدان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان، نزیکەی ١٥٠٠ کەس لە بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج، لە ناڕەزایەتی بە پێبەندنەبوونی بەرپرسان بە بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوانی تۆمەتبار بە «تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر» و هەروەها گواستنەوەی هاوبەندییەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی، دەستیان بە مانگرتنی وشک لە خواردن کردووە.

لە بەشێک لەو ڤیدیۆیەدا کە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی «کوردپا» کەوتووە، سەدان کەس لە بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار لە هۆڵی ئەم یەکەیەدا دەبینرێن کە بە بەرزکردنەوەی پلاکاردگەلێک بە دروشمی «نا بۆ لەسێدارەدان» و ڕێکەوتی «٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥»، دەستپێکردنی مانگرتنی وشکی ١٥٠٠ بەندکراو ڕادەگەیەنن.

لە بەشێک لە بەیاننامەیەی کە بەندکراوان لە ڤیدیۆکەدا دەیخوێننەوە، هاتووە؛

«ئێمە شاهیدی ئامادەبوونی بنەماڵەکانمان بووین لە مەیدانەکاندا و لەژێر باری گوشاری کەمەرشکێنی ئابووری و هەژاریدا برۆمان گرژ نەکرد و تا دوا هەناسە لەسەر خاکی نیشتمانەکەمان، ئێران وەستاین. بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە مانگرتنی پێشوودا بەپێی بەڵێنی ئێوەی بەرپرسان لەسەر بنەمای سڕینەوەی سزای لەسێدارەدان (جگە لە حاڵەتی چەکداری) دستمان لە مانگرتن هەڵگرت، بەداخەوە ئەمڕۆ شایەتی ئەوە بووین کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ژمارەی ٦ کەس لە هاوبەندییەکانمان بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە. ئێستا لەم ڕێکەوتەوە تا بەدەستهێنانی مافەکانمان و پابەندبوونی ئێوەی بەرپرسان بە بەڵێنەکەتان بۆ لادانی سزای لەسێدارەدان، لە مانگرتنەکەمان بەردەوام دەبین. هاونیشتمانیانی ئازیز، خەڵکی ئێران، گیانی ١٥٠٠ کەس لە سزادراوانی لەسێدارەدانی ماددەی هۆشبەر لە یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار لەژێر مەترسیی مەرگدایە. تکایە دەنگی ئێمەی دیل و بەندکراوی ئێران بن. نا بۆ لەسێدارەدان.»

بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج، یەکێک لە گەورەترین و ترسناکترین بەندیخانەکانی ئێران و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەم بەندیخانەیە بەهۆی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی، ئامارە پڕ لە ترس و لەرزەکان و بارودۆخی تایبەتی باڵادەست بەسەریدا، پێگەیەکی تایبەتی لە زنجیرەی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا هەیە؛

١. گەورەترین بەندیخانەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

قزڵحەسار لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی بەندکراوانەوە، گەورەترین بەندیخانەی ئێرانە و لە گەورەترین بەندیخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێت. ئەم کۆمەڵەیە لە دەیەی ١٣٥٠ی هەتاوی بە توانای چەند هەزار کەس دروست کرا، بەڵام لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا هەمیشە چەندین هێندەی توانای ڕاستەقینەی خۆی بەندکراوی تێدا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیە لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ هەزار بەندکراو دەگۆڕێ. ئەم چڕییە کارەساتبارە وای کردووە قزڵحەسار بە شێوەیەکی کردەیی ببێتە «شار-بەندیخانە»یەکی قەرەباڵغ؛ دۆخێک کە کۆنتڕۆڵکردنی لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت لە توانای هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەکەش دەرچووە.

٢. بارودۆخی نامرۆڤانە و پێشێلکردنی مافە سەرەتایییەکان

بەڵگەنامە و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، دۆخی ژیان و تەندروستیی قزڵحەسار وەک نموونەیەکی ئاشکرای «ئەشکەنجەی سیستماتیک و وردەوردە» ناو دەبەن. بەهۆی چڕی و قەرەباڵغی زۆری دانیشتووانەکەیەوە، دیاردەی خەوتن لەسەر زەوی و ڕێڕەوەکان بووەتە کارێکی باو و هەزاران بەندکراو بێ تەخت، لەسەر زەویی بەندەکان، ڕێڕەوەکان، بەرانبەر توالێتەکان و حەوشەکانی هواخۆریدا دەحاوێنەوە.

هەروەها پچڕانی بەردەوامی ئاوی خواردنەوە، کۆنبوونی تۆڕی ئاوەڕۆ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک سێل، هێپاتیت، ئایدز و نەخۆشییە پێستییەکان، و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستیی تەندروستی وەک ماددەی دەستشوشتن و حەمامی گەرم، بارودۆخی ژیانی بەندکراوانی بە توندی قەیراناوی کردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لە هەبوونی تۆڕێکی بەربڵاوی دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر و توندوتیژیی ڕێکخراو لە ناوخۆی بەندیخانەکەدا دەکەن؛ بە شێوەیەک کە بەشێکی گرنگی دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر و ڕوودانی شەڕ و چەقۆکێشییە کوشندەکان، بە چاوپۆشی یان هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندیی هەندێک لە بەرپرسان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمنیی بەندکراوان ئەنجام دەدرێت و شەڕە خوێناوییەکانی ناو بەندەکان بووەتە کارێکی ڕۆژانە.

سەرەڕای ئەمەش، ناردنی بەندکراوانی نەخۆش بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی بەندیخانە لە زۆر حاڵەتدا بە ئەنقەست دوا دەخرێت یان لەلایەن بەرپرسانەوە دژایەتی دەکرێت؛ بابەتێک کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، ساڵانە دەبێتە هۆی مەرگی بێدەنگی دەیان بەندکراو.

٣. بەرزترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان

بەندیخانەی قزڵحەسار وەک پایتەختی لەسێدارەدان لە ئێراندا دەناسرێت. ئەم بەندیخانەیە بەرزترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە وڵاتدا هەیە. لە ڕابردوودا بەشێکی زۆری لەسێدارەدانەکان پەیوەست بوو بە دۆسییەکانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا حوکمەکانی لەسێدارەدانی پەیوەندیدار بە کوشتنی بەئەنقەست (قیساس)، دزیی چەکدارانە و هەروەها هەندێک لە بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتیش لەم بەندیخانەیەدا جێبەجێ کراون.

یەکێک لە شێوازە ناسراوەکانی ئەم بەندیخانەیە، گواستنەوەی بەکۆمەڵی بەندکراوانی سزادراو بە لەسێدارەدان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ناسراو بە «دابڕگە»یە؛ گواستنەوەیەک کە بەزۆری لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا و پێش جێبەجێکردنی حوکمەکان لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا ئەنجام دەدرێت و هەمیشە کەشی دەروونیی بەندەکانی بەندیخانەکە بە توندی تێکدەدات.

٤. گواستنەوەی بەندکراوان دوای داخستنی ڕەجایی‌شار

دوای داخستن و چۆڵکردنی بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بەشێکی زۆری باری ئەمنی و دادوەرییەکەی بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار گوازرایەوە. ئەم هەنگاوە جگە لە زیادکردنی چڕیی دانیشتووانی بەندیخانەکە، بووە هۆی گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی، عەقیدەتی، ناڕەزایەتیی سەرشەقامەکان و دەسبەسەرکراوان بۆ ئەم بەندیخانەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندە گشتییەکان و ڕاگرتنیان لە تەنیشت بەندکراوانی تاوانە توندوتیژەکان، کەشی نائەمنی قزڵحەسار وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنەسەر، ئەشکەنجەی دەروونی و سزادانی زیاتری ئەوان بەکار دهێنن.

لە ڕوانگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە، بەندیخانەی قزڵحەسار نەک ناوەندێکی چاکسازی و پەروەردە، بەڵکو یەکێکە لە دیارترین هێماکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و «ماشێنی بەرهەمهێنانی توندوتیژی و مەرگ» ئەژمار دەکرێت؛ بەندیخانەیەک کە بارودۆخەکەی مەودایەکی قووڵی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیان، لەوانەش «یاساکانی ماندێلا»، هەیە.