پشتڕاست‌کردنەوەی حوکمی "قرتاندنی چوار قامکی دەستی" سێ زیندانی لە زیندانی ورمێ

13:29 - 27 خەرمانان 2720

حوکمی "قڕتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی" سێ زیندانی بە تۆمەتی "دزی"کردن لە زیندانی ورمێ، بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند" لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو حوکمی بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕەوانەی نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگوستەریی ورمێ کراوە.

ئەو سێ زیندانییە لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، دادگایی و بەپێی مادەی ٢٧٨ی یاسای سزای ئیسلامی "بۆ چوار بابەت دزیکردن سزای ''حەددی'' بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستەی بۆ بڕاوەتەوە، بە شێوەیەک ببڕدرێتەوە کە پەنجە گەورەکەی و بەری دەستی بمێننەوە و بەپێی ماددەی ٦٦٧ی هەمان یاساش بە گەڕاندنەوەی هەمان کەلوپەل و ماڵە دزراوەکە سزا دراوە.

ئەو حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بەو سێ زیندانییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، حوکمی "قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی" ئەو سێ زیندانییە، لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست و بە زیندانییانی دیکە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

دادنامەکانی لقی ١ی دادگای کەیفەری ١ی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان لە زیندانی ورمێ و لقی ١٢ی دیوانی باڵای وڵات، ئەو سێ زیندانییە تۆمەتبارن بە دزیکردن، لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، پارێزراوە.