تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانی؛ ٣٧ ساڵ بەرپرسایەتیی بێدەنگی لەسەر شانی ئوتریش، و ٣٧ ساڵ تێرۆریزم بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە
٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ ٣٧ ساڵ دوای تێرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی، عەبدوڵڵا قادریئازەر و فازڵ ڕەسووڵ، لە ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ لە ڤییەن، نە بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی ئوتریش بکەران و داڕێژەرانی ئەم تاوانەیان دادگایی کردووە، نە بەرپرسیایەتیی یاسایی و سیاسیی ئەم تێرۆرە بە ڕوونی قەبووڵ کراوە، و نە ڕێکارە نێودەوڵەتییە بەردەستەکان بۆ بەدواداچوونی ئەم تێرۆرە ئامانجدارە بەکار هێنراون. ئوتریش، بە پشتبەستن بە پارێزبەندیی دیپلۆماتیک، تێڕوانینی بازرگانی-سیاسی و لەژێر گوشاری تاراندا، گومانلێکراوانی ئازاد کرد و بە کردەوە پرۆسەی دادوەریی بێدەنگ کرد.
لەکاتێکدا بکەرانی ئەم تاوانە ئەمڕۆ لە پۆستە باڵاکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدا چالاکن، ئەم ڕێژیمە هێشتا بەهۆی جێبەجێکردنی سیاسەتی «کوشتنی سەروویاسایی» لە خاکی ئورووپادا و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی ژیان، لەژێر ڕەخنەی هەمیشەیی ناوەندە مافی مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندایە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامرازگەلێک وەک دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی، ڕێژیمەکانی سزای مەگنیتسکی، و ڕێکارە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێشتا دەرفەتی یاسایی کاریگەر بۆ شکاندنی خولی پارێزبەندی و کردنەوەی دووبارەی دۆسیەکە دەڕەخسێنن.
لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا، ئێمە لە بەردەم تاوانێکدا دەوەستین کە نەک تەنیا وەرچەرخانێک لە مێژووی تێرۆرەکانی دەرەوەی سنووری کۆماری ئیسلامیدا بوو، بەڵکوو بوو بە یەکێک لە ڕیسواترین شکستەکانی دادپەروەری لەسەر خاکی وڵاتێکی ئورووپایی. لەو ڕۆژەدا، سێ کەس کە بۆ وتووێژێکی فەرمی، بێ چەک و بە مەبەستێکی باشەوە لەسەر مێزی دانوستان ئامادە ببوون، لەلایەن شاندێک لە هێزە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران.
ئەم تێرۆرە، بە ڕێکەوت یان هەڵکەوتە نەبوو. بەڵکوو بەشێک لە بەرنامەداڕشتنی ئەمنیی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی سیستماتیکی نەیاران لە تاراوگەدا بوو؛ سیاسەتێک کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق توندتر بوو و لە ساڵانی دواییدا بە تێرۆری چالاکوانانی سیاسی و فەرهەنگیی دیکە لە فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و سویس بەردەوام بوو.
سەرەڕای بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، لەوانە تۆماری دەنگیی تەواوی دانیشتنەکە، شوێنەواری فیزیکیی تاوانەکە، شایەتیدانی دژبەیەکی بکەران، و تەنانەت دەرکردنی حوکمی دەسبەسەرکردنی داواکاری گشتیی ئوتریش دژی ئەوان، ئەم دۆسییەیە هەرگیز نەچووە ناو ڕێڕەوی دادپەروەرییەوە. بەپێچەوانەوە، هەندێک لە بکەران بە ئێسکۆرتی فەرمی هەتا فڕۆکەخانە بەڕێ کران و گەڕانەوە بۆ ئێران.
ئەم ڕاپۆرتە، لە بەرەبەری سی و حەوتەمین ساڵیادی ئەو تاوانەدا، بە ئامانجی خوێندنەوەی دووبارەی ورد و بەڵگەمەندی ڕووداوەکان، شیکردنەوەی یاسایی-سیاسیی ڕەهەندەکانی دۆسییەکە، و داواکاریی ڕوون بۆ بەدواداچوونی نێودەوڵەتیی بکەران و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی پێکهاتەیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئامادە کراوە.
١. گیڕانەوەی ڕووداوی تێرۆرەکە: کوشتن لە ئاپارتمانی ژمارە ٥، ڤییەن
لە هاوینی ساڵی ١٣٦٨دا، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری سیاسیی ناسراوی کوردەکانی ئێران و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هیوای چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کوردستان، جارێکی دیکە چووە ناو پرۆسەی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم دانوستانانە، کە بە بانگهێشتی حکوومەتی ئێران و بە نێوەندگیریی فازڵ ڕەسووڵ، چالاکوانی کوردی عێراقیی دانیشتووی ڤییەن ئەنجام درا، پێشتر لە دوو خولدا لە بەفرانباری ١٣٦٧دا بەڕێوە چووبوو و قاسملوو سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەدا گەشبین بوو.
دوای پێوەندیی دووبارەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خولی سێهەمی دانوستانەکان لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ لە ئاپارتمانێکی نیشتەجێبوون لە شەقامی لینکه بانگاسە ژمارە ٥ لە شاری ڤییەن بەڕێوە چوو. ئەم شوێنە، لەلایەن فازڵ ڕەسووڵەوە دابین کرابوو و هیچکام لە لایەنەکان لە وردەکاریی شوێنەکە ئاگادار نەبوون. ڕەسووڵ، هەر دوو شاندەکەی بەجیا گەیاندە شوێنەکە.
لە کاتژمێری دیاریکراودا، دوکتۆر قاسملوو و عەبدوڵڵا قادریئازەر بێ هیچ ڕێوشوێنێکی پاراستن چوونە ناو ئاپارتمانەکە. کەمێک دواتر، شاندی نێردراوی کۆماری ئیسلامی کە پێکهاتبوون لە محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا ئاجوودی و ئەمیرمەنسوور بوزورگیان (غەفوور دەرجەزی) چوونە لایان. ووتووێژ دەستی پێکرد و بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانەکان، مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، داماڵینی چەکی پێشمەرگە، و ئەگەری چالاکیی ئاشکرای حیزبی دیموکرات بوو.
لە کاتی دانوستانەکەدا، سەحراڕوودی جەختی دەکردەوە کە ئەم وتووێژانە دەبێت بە نهێنی بمێننەوە تا دوژمنان نەتوانن ڕێگری لێ بکەن. بەڵام کەمێک دواتر، بێ هیچ نیشانەیەک لە گرژی یان تێکهەڵچوون، دەنگی تەقەی چەند گولـلەیەک لە شوێنەکەی پڕ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیس، هەر سێ دانوستانکاری کورد لە مەودای نزیکەوە و بە تیری خەلاس تەقەیان لێ کرابوو. دوکتۆر قاسملوو نێوچاوان، چهناگه و قوڕگی پێکرابوو و بەڵگەکان نیشانیان دەدا کە چەکەکان ئامێری بێدەنگکەریان لەسەر بووە. تەرمەکان لە کاتێکدا دۆزرانەوە کە دوو کەس لە قوربانییەکان لە دۆخی دانیشتندا و لەناکاو کوژرابوون.
تەنیا ئەندامە زیندووەکانی دانیشتنەکە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوون. سەحراڕوودی بە برینداری لە ئاپارتمانەکە هاتە دەرەوە و خۆی گەیاندە دراوسێیەک. پۆلیس لە شوێنەکە ئامادە بوو، بەڵام سەرەڕای دژبەیەکبوونی ئاشکرای لێدوانەکانی ئەندامانی شاندی ئێرانی و بەڵگە قورسە فیزیکییەکان لە شوێنی تاوانەکەدا، نەک تەنیا ئەوان دەسبەسەر نەکران، بەڵکوو لە ڕۆژانی دواییدا، بە ئاسانکاریی دەوڵەتی ئوتریش، ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشت.
٢. بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان دژی هێزەکانی تێرۆری کۆماری ئیسلامی
ئەگەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ دوای تێرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی هەر جۆرە بەرپرسیایەتییەکیان ڕەت کردەوە، بەڵام کۆمەڵێک بەڵگەی تەکنیکی، شایەتیدانەکان و بەڵگە مەیدانییەکان کە لەلایەن پۆلیسی ئوتریش و دامەزراوە سەربەخۆکانەوە کۆ کرانەوە، بەڕوونی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئامادە لە دانیشتنەکە، لەم کوشتنانەدا دەسەلمێنێت.
شیکردنەوەی شوێنی تاوانەکە:
پۆلیسی تایبەتی دژە تێرۆری ئوتریش (EBT) بە سەرپەرستیی ئۆسواڵد کەسلەر بەخێرایی لێکۆڵینەوەکانی دەست پێکرد. دۆزینەوە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە:
هیچ نیشانەیەک لە چوونەژوورەوەی بە زۆر یان شکاندنی قفڵی دەرگا لە شوێنەکەدا نەبوو.
سێ قوربانییەکە لە دۆخی دانیشتندا، بێ نیشانەیەک لە بەرگری، کرابوونە ئامانجی گولـلە.
هەر سێ کەسەکە تیری خەلاسیان لێ درابوو؛ شێوازێک کە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سرویسە ئەمنییە دەوڵەتییەکاندا یەک دەگرێتەوە.
شوێنی وردی تەقەکان، ئاڕاستەی گولـلەکان و شوێنی قەوانەکان پیشانی دەدا کە تەقەکردنەکە لە شوێنی دانیشتنی شاندی کۆماری ئیسلامییەوە کراوە، نەک لە دەرگای چوونەژوورەوەی ئاپارتمانەکەوە.
چەکەکان، بێدەنگکەرەکان و کڕینەکانی ئەرتەشی شاهەنشایی:
دوو دەمانچەی دروستکراوی ئێسپانیا، مۆدێلی تەیار بە بێدەنگکەر، لە شوێنەکەدا دۆزرانەوە. لێکۆڵینەوەکان نیشانیان دا ئەم مۆدێلە ڕێک ئەو جۆرەیە کە لە دەیەی ١٣٥٠دا لەلایەن ئەرتەشی شاهەنشایی ئێرانەوە کڕدرابوو. ئەم چەکانە لە سەتڵێکی زبڵدا، لەگەڵ چاکەتێکی خوێناوی و کلیلێکی ماتۆڕسکیلێک دۆزرانەوە کە دواتر دەرکەوت سەحراڕوودی بە ناوی خوازراوی «مستەفا مستەفەوی» کڕیبووی.
شایەتیدانە دژبەیەکەکان و هەڵسوکەوتی گوماناویی بکەران:
سەحراڕوودی لە نەخۆشخانەدا ئیدعای کرد کە هێرشبەران کەسانی نەناسراو بوون کە لە دەرگای سەرەکییەوە هێرشیان کردووە. لەکاتێکدا بوزورگیان ئیدعای کرد هەر لە شوێنەکە ئامادە نەبووە و چووەتە مەک دۆناڵد. لە بەرانبەردا، بەڵگە تەکنیکییەکانی تەقەکردنەکە، دۆخی تەرمەکان، و ناسینەوەی فرۆشیاری ماتۆڕسکیلەتەکە هەموویان شایەتی درۆزنیی ئاشکرای ئەم کەسانە بوون.
تۆماری دەنگیی تەواوی دانیشتنی دانوستانەکە:
دوکتۆر قاسملوو، بە تێگەیشتن لە ئەگەری مەترسی، دانوستانەکانی بەنهێنی تۆمار کردبوو. ئەم شریتە دەنگییە، دوای ڕووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە و ڕادەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا. لەم وتووێژەدا، ڕەوتی دانوستانەکان بەباشی تۆمار کراوە و هیچ نیشانەیەک لە دەمەقاڵێ یان هەڕەشە نابینرێت. ئەم خاڵە، گریمانەی کوشتنی بەرنامەداڕێژراو بەهێز دەکات.
ڕای کۆتایی سەرۆکی پۆلیسی دژەتێرۆری ئوتریش:
ئۆسواڵد کەسلەر، بەپرسی باڵای پۆلیسی ئوتریش لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ڕایگەیاند: «کوردەکان کوژران و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە زیندوویی مانەوە. بۆ ئێمە بابەتەکە بە تەواوی ڕوونە. ئەوی دیکە لەسەر شانی سیاسەتمەدارانە.»
٣. کەمتەرخەمیی دەوڵەتی ئوتریش: هاودەستیی بێدەنگی لەگەڵ تێرۆریزمی دەوڵەتیدا
دوای ڕوودانی تاوانەکە لە ڤییەن، چاوەڕوان دەکرا دەوڵەتێک کە خۆی بە بنەماکانی دیمۆکراسی، دادپەروەریی سزایی، و مافی مرۆڤ پێبەند دەزانێت، پێڕاگەیشتنی بڕیاردەرانە و ڕاشکاو بەم تێرۆرە سیاسییە لەسەر خاکی خۆی بخاتە ئەولەوییەتەوە. بەڵام ئەوەی لە کردەوەدا ڕووی دا، نەک تەنیا بێدەربەستی، بەڵکوو هاوکاریی نەنووسراو لەگەڵ ڕاکردنی بکەرانی تاوانێکی دەوڵەتی بوو؛ نەرمییەک کە پەیامێکی ڕوونی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد؛ تێرۆر و کوشتن لە ئورووپادا هیچ تێچوویەکی نییە.
ئازادکردنی گومانلێکراوان و گەڕانەوە بێ دادگاییکردن:
سەرەڕای بەڵگەی بەهێز دژی سێ ئەندامی شاندی کۆماری ئیسلامی، لەوانە چەکە دۆزراوەکان، شریتی تۆمارکراو، شایەتییە دژبەیەکەکان، و ڕاپۆرتی فەرمیی پۆلیس، دوو کەس لە گومانلێکراوان (سەحراڕوودی و بوزورگیان) ئازاد کران. محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی کە بریندار ببوو، نەک تەنیا دەسبەسەر نەکرا، بەڵکوو لەژێر پاراستنی پۆلیسدا، ڕاستەوخۆ تا فڕۆکەخانە بردرا و گەڕایەوە بۆ تاران. پێدەچێت ئەمیر بوزورگیانیش لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٦٨ خاکی ئوتریشی بەجێ هێشتبێت.
دواکەوتن لە دەرکردنی حوکمی دەسبەسەرکردن: چوار مانگ دەرفەت بۆ ڕاکردن
ئەگەرچی داواکاری گشتیی ئوتریش لەکۆتاییدا لە ٧ی سەرماوەزی ١٣٦٨ بۆ سێ گومانلێکراوەکە (سەحراڕوودی، ئاجوودی و بوزورگیان) حوکمی دەسبەسەرکردنی دەرکرد، بەڵام ئەم حوکمە دوای ئەوە دەرچوو کە هەموو بکەران لە وڵات چووبوونە دەرەوە. ئەم دواکەوتنە چوار مانگییە، بە کردەوە پەنجەرەیەکی پارێزراوی بۆ کۆماری ئیسلامی کردەوە تا هێزەکانی خۆی لە بەدواداچوونی دادوەری ڕزگار بکات.
ڕۆڵی تێڕوانینە سیاسییەکان و مامەڵەگەریی ئەمنی:
بەپێی ڕاپۆرتەکان، گوشارە دیپلۆماتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەستکەوتوو لە مامەڵە چەکدارییەکانی کۆمپانیای ئوتریشیی Voest لەگەڵ ئێران لە ماوەی شەڕدا، و نیگەرانی لە تۆڵەسەندنەوەی تێرۆریستی، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نەرمی نواندنە دادوەرییە بوون. لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ڕێکەوتی ٢١ی مارسی ١٩٩٤ لەگەڵ گۆڤاری تایم ئەنجام درا، بەرپرسێکی باڵای ئوتریش (کە ناوی ئاشکرا نەکراوە) ڕایگەیاند: «هیچ وڵاتێک نایەوێت بەدواداچوون بۆ دۆسییەیەکی تێرۆریستی بکات. مەحکوومکردنی تێرۆریستێک واتە ١٥ ساڵ زیندانیی هەتاهەتایی؛ واتە وڵاتی ئێوە ١٥ ساڵ لەبەردەم مەترسیی هێرشە تێرۆریستییەکاندایه.»
ئەم لێدوانانە، کە لە ٢٥ ساڵەی تێرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانیدا بڵاو کرایەوە، نیشاندەری نیگەرانیی بەرپرسانی ئوتریش لە دەرهاوێشتە سیاسی و ئەمنییەکانی بەدواداچوونی دادوەریی ئەم دۆسییەیە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم نیگەرانییانە ناتوانن ببنە پاساو بۆ چاوپۆشین لە دادپەروەری. بێدەنگی و بێهەڵوێستیی دەوڵەتی ئوتریش لەهەمبەر ئەم تاوانەدا، نەک تەنیا پێشێلکردنی ئاشکرای پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی دەوڵەتیدا، بەڵکوو پەڵەیەکی نەنگیشە بە نێوچاوانی سیستەمی دادوەریی ئەو وڵاتەوە.
پێشێلکردنی ڕوونی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئوتریش:
ئەم کەمتەرخەمییە ئاشکرایە، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما و بڕیارە پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جۆزەردانی ١٣٦٨دا لە بواری پێشگیری لە لە سێدارەداننە سەروویاسایی، خێرا و سەرەڕۆیانەکانە (بنەماکانی ١، ٢، ٤ و ١٠). دەوڵەتی ئوتریش، نەک تەنیا لە لێکۆڵینەوەی کاریگەر خۆی بەدوور گرت، بەڵکوو بە ڕەخساندنی مەرجەکانی ڕاکردنی بکەران، دادپەروەریی کردە قوربانیی بەرژەوەندیخوازیی سیاسی.
٣٧ ساڵ دوای ئەم تێرۆرە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئوتریش بەرپرسیایەتیی خۆی قەبووڵ بکات و بە بەکارهێنانی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان وەک دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی و ڕێژیمەکانی سزای مەگنیتسکی، هەنگاوێکی کاریگەر لە ئاراستەی جێبەجێکردنی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە خولی پارێزبەندیی بکەرانی تێرۆرە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرێت.
٤. بۆچی ئوتریش لە ماوەی٣٧ ساڵدا بەدواداچوونی بۆ دۆسییەکە نەکردووە؟
٤.١ ئازادکردنی دەستبەجێی گومانلێکراوان و بە بێدەنگی مانەوەی دۆسییەکە
سێ دیپلۆمات/هێزی ئیتلاعاتیی ئێرانی دوای تەقەکردنەکە پەنایان بۆ باڵیۆزخانە برد و لەو ڕۆژانەدا بێ لێپرسینەوەی دادوەری گەڕانەوە بۆ تاران؛ دەوڵەتی ئوتریش بە پشتبەستن بە پارێزبەندیی دیپلۆماتیک و «بەرژەوەندییە ئابوورییەکان» ڕێگەی بە چوونەدەرەوەیان دا.
لێپرسی ڤییەن تا نۆڤامبری ١٩٨٩ حوکمی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتیی دەرکرد بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش دۆسییەکەی «بە ئەولەوییەتی پێوەندییە دووقۆڵییەکان» خستە لاوە.
شارەزایانی ئەمنی جەخت دەکەنەوە کە ئوتریش لەو ساڵانەدا سەرقاڵی گرێبەستەکانی وزە و فرۆشتنی چەکی پاش شەڕ لەگەڵ ئێران بوو؛ پاڵنەری سیاسی بۆ «هێورکردنەوەی تاران» بوونی هەبوو.
٤.٢ کەمکوڕییە یاساییەکان و بێهەڵوێستیی سیستەمی دادوەری
دادستانی ئوتریش بەهۆی نەبوونی تۆمەتباران لە قەڵەمڕەوی خۆیدا و نەبوونی ڕێکاری سەلاحییەتی جیهانی سەبارەت بە «تێرۆریزمی دەوڵەتی» لەو کاتەدا، داواکاریی کۆتایی بۆ پێڕاگەیشتنی یاسایی دەرنەکرد.
شرۆڤەکاران دەڵێن کە نەبوونی گوشاری سیاسیی یەکیەتیی ئورووپا و نەبوونی سکاڵای فەرمی لەلایەن دەوڵەتە بەشدارەکانەوە (عێراق/کوردستان) کەشی ڕاکردنی فراوانتر کرد.
٥. کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی: نکۆڵی، تۆمەتبارکردن، چەواشەکاری
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانیدا، دەستبەجێ سیاسەتێکی سێ توێژی گرتەبەر: نکۆڵیکردنی ڕاستەوخۆی دەستێوەردان، تۆمەتبارکردنی لایەنی سێهەم (عێراق)، و چەواشەکردنی ئامانج و سروشتی دانوستانەکان. ئەم ڕێبازە، نەک تەنیا هەوڵێک بۆ سڕینەوەی شوێنپێی تێرۆرەکە بوو، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتێکی فەرمی لە بەڕێوەبردنی بیروڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو کە لە زۆربەی تێرۆرە سیاسییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیشدا دووبارە بووەتەوە.
نکۆڵیکردنی دەستێوەردان و تۆمەتبارکردنی لایەنی سێهەم:
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، عەلیئەکبەر موحتەشەمی، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە «ڕێژیمی بەعسی عێراق» بەرپرسیار بێت لەم تێرۆرە. ئەو هەروەها بانگەشەی کرد کە بابەتی دانوستانەکان، نە پرسی سیاسی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵکوو وتووێژ لەسەر چۆنیەتیی گەڕانەوەی «کوردە پەشیمانەکان» بۆ ئێران بووە، بانگەشەیەک کە لەگەڵ دەقی دانوستانە تۆمارکراوەکان، پێشینەی دانیشتنەکانی پێشوو، و ئامانجە ئاشکرا ڕاگەیەندراوەکانی حیزبی دیموکراتدا لە دژایەتیی تەواودا بوو.
ئاگادارنەبوون لە تۆماری نهێنیی دانیشتنەکە:
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاگاداری تۆماری دەنگیی دانیشتنەکە لەلایەن دوکتۆر قاسملوووە نەبوون. ئەم شریتە کە دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە، شایەتی بێ ئەملاوئەولا لەسەر ڕەوتی جیددی و ئاشتیخوازانەی گفتوگۆکان بوو، هەروەها بابەتێک بووکە لەسەر نەبوونی گرژی لە دانیشتنەکەدا، گێڕانەوەی بانگەشەکراوی «هێرشی کەسانی نەناسراو»ی بەتەواوی بێمانا دەکرد.
دروستکردنی گێڕانەوەی ئەمنی بۆ ڕەواییدان بە جینایەت:
گێڕانەوەی فەرمیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بەخێرایی دەستی پێ کرد. لە پاڵ تۆمەتبارکردنی عێراقدا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا دانوستانەکان بە شێوەی دیدار لەگەڵ «کەسێکی پەشیمان» پیشان بدات. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەم ئاستی نوێنەرایەتیی ئێران (سەحراڕوودی، ئاجوودی، بوزورگیان) و هەم جۆری بابەتە باسکراوەکان لە دانیشتنەکەدا (ئۆتۆنۆمی، داماڵینی چەک، چالاکیی ئاشکرای سیاسی) نیشاندەری وتووێژێک لە نێوان دوو ئەکتەری سیاسیدا بوو، نە پڕۆسەی لێپرسینەوە یان پێکهاتن لەگەڵ کەسانی «پەشیمان».
بێدەنگی دوای گەڕانەوەی بکەران:
دوای گەڕانەوەی سەحراڕوودی و بوزورگیان بۆ ئێران، نەک تەنیا چاودێرییەک لە ئارادا نەبوو، بەڵکوو ئەوان لە پێکهاتە فەرمییەکانی سیستەمدا پلەیان بەرز کرایەوە. محەممەدجەعفەر سەحراروودی لە ساڵانی دواییدا بوو بە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی مەجلیس (عەلی لاریجانی) و لە ساڵی ٢٠١٣شدا بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیک سەفەری ژنێڤی کرد، بێئەوەی دەوڵەتە ئورووپاییەکان هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی حوکمی دەسبەسەرکردن دژی ئەو بنێن.
٦. پێگەی ئێستای بکەرانی تێرۆرەکە و بەرپرسیایەتیی کۆماری ئیسلامی
ئەلف. بکەرە ناسراوەکان و پۆستەکانی ئێستایان
١. محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی
ڕۆڵ لە تێرۆرەکەدا: سەحراروودی، ڕێبەری شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە دانیشتنەکەدا لەگەڵ قاسملوو ئامادە بوو؛ گومانلێکراوی سەرەکیی تەقەی ڕاستەوخۆیە.
دۆخی ئێستا: بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان، سەحراڕوودی دواتر پلەی بۆ سەرتیپیی سپای قودس بەرز کرایەوە و بۆ ماوەیەک ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی مەجلیس (عەلی لاریجانی) بوو.
دۆخی یاسایی: لە ساڵی ١٩٨٩وە لەژێر حوکمی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتیی پۆلیسی ئوتریشدایە؛ بەڵام ئێران لە ڕادەستکردن یان بەدواداچوونی ئەو خۆی بواردووە.
٢. ئەمیرمەنسوور بوزورگیان (ناسراو بە غەفوور دەرجەزی)
ڕۆڵ لە تێرۆرەکەدا: ئەفسەری ئیتلاعاتی، ئەندامی شاندی ئۆپەراسیۆنی نێردراو بۆ ڤییەن، پێدەچێت بەرپرسی هاواهەنگی و جێبەجێکردنی تێرۆرەکە بووبێت.
دۆخی ئێستا: زانیاریی فەرمیی کەم هەیە، بەڵام میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆن و سەرچاوە ئەمنییە ڕۆژاواییەکان ئەو بە چەند ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی کۆماری ئیسلامییەوە، لەوانە تێرۆر لە ڕۆمدا، گرێ دەدەن.
دۆخی یاسایی: لە لیستی گومانلێکراوانی نێودەوڵەتیدایە کە دوایان کەتوون.
٣. مستەفا ئاجوودی
ڕۆڵ لە تێرۆرەکەدا: سێهەم ئەندامی شاندی نێردراوی ئێران بۆ دانوستانەکان لە ڤییەن؛ گومان دەکرێت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداریی چالاکی هەبووبێت.
دۆخی ئێستا: زانیارییەک لەسەر پێگەی فەرمیی ئێستای ئەو لەبەر دەستدا نییە، بەڵام لە ساڵانی دوای تێرۆرەکەدا لە پێکهاتەی جێبەجێکردنی دەوڵەتدا لە کوردستان چالاکی هەبووە.
دۆخی یاسایی: ئەویش هێشتا لەژێر حوکمی دەستبەسەرکردنی دادوەریی ئەتریشدایە.
ب. بەرپرسیارێتیی یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران
کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا هیچکام لە بکەرانی تێرۆرەکەی نەخستووەتە ژێر چاودێری یان سزا، بەڵکوو پلەیانی بەرز کردووەتەوە و بە بەخشینی پۆستە حوکمییەکان پاڵپشتی لێ کردوون. ئەم هەڵسوکەوتە:
پێشێلکردنی بڕگەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە مافی ژیان و قەدەغەکردنی کوشتنەکانی دەرەوەی دادگا مسۆگەر دەکات.
نموونەی ئاشکرای تێرۆریزمی دەوڵەتی و ئەنجامدانی کوشتنە ئامانجدارەکانە لە خاکی وڵاتی سێهەمدا.
نموونەیەکە لە تاوانێکی ڕێکخراوی دەوڵەتی دژی نەیارانی سیاسی دادەنرێت و بەشێکە لە شێوازە فراوانەکەی تێرۆرە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا.
لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە، ئەم جۆرە هەنگاوانە دەتوانن لەژێر ناونیشانی تاوان دژی مرۆڤایەتیشدا لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت، بەتایبەت ئەگەر بسەلمێنرێت کە بە شێوەی ڕێکخراو و بە ئاگاداریی دەسەڵات ئەنجام دراون.
جگە لەمە، خۆبەدوورگرتنی ئێران لە هاوکاریی دادوەری لەگەڵ دەوڵەتی ئوتریش و پەناپێدانی تۆمەتباران، سەرپێچییەکی ئاشکرا لە بنەمای هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە جدییە نەتەوەییەکاندایە. ئەم شتانە هاوکات بەرپرسیایەتیی سیاسی و یاسایی ڕێژیم لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا جێگیر دەکات و بەستێن بۆ جێبەجێکردنی سزاکان و بەدواداچوون لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی و سازوکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دابین دەکات.
٧. زنجیرەی کوشتنە سیاسییەکان لە ئورووپا؛ لە ڤییەنەوە تا بێرلین
تێرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی لە ڤییەن، نە ڕووداوێکی تەنیا، بەڵکوو بەشێک بوو لە ستراتێژییەکی بەردەوامی سڕینەوەی فیزیکیی نەیاران لە دەرەوەی سنوورەکاندا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، بە شێوەی سیستماتیک گەشەی پێدا. ئەم کوشتنانە، بەگشتی لە دڵی وڵاتانی ئورووپاییدا و لە بێدەنگی یان بێهەڵوێستیی دامەزراوە ئەمنییەکانی خانەخوێدا، جێبەجێ کران. تێرۆری ڤییەن، ئەگەرچی لە لایەنی هێمایین و سیاسییەوە زۆر بەرچاو بوو، بەڵام دەستپێکەری قۆناغێکی نوێ لە هەناردەکردنی توندوتیژیی سیاسی بۆ ڕۆژاوا بوو.
کوشتنە ئامانجدارەکان لە ئورووپا دوای ڤییەن:
لە مەودای ساڵانی ١٣٦٨ تا ١٣٧٢ دوای تێرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی لە ڤییەن، کۆمەڵێک لە قەتڵە سیاسی و دەرەکییەکان لە فەرانسە، سویس ئیتالیا و ئاڵمان ئەنجام دران کە هەموویان بە نەیارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسترابوونەوە. قوربانیانی ئەم تێرۆرانە بەگشتی لە نێوان ڕێبەرانی حیزبە نەیارە کوردییەکان، چالاکوانانی عەرەب، کەسایەتییە فەرهەنگییە دوورخراوەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ هەڵدەبژێردران. تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵی دوای تێرۆری ڤییەندا، ئەمانە ڕوویان دا:
لەو قۆناغەدا، پێنج کەس لە چالاکوانان و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن لە فەرانسە لەوانە دوکتۆر سەیفوڵڵا قازی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، کەریم حەکی، نەجمەدین شەریفیان و حەسەن ئارمان (لە ئەندامانی کۆمەڵە) کوژران.
لە ئیتالیا، محەممەدسدیق کوردستانی، چالاکی سیاسیی کورد، تێرۆر کرا. لە ئاڵمان، کارەساتبارترین هێرش لە ڕێستوورانی میکۆنۆسی بێرلین ڕووی دا کە تێیدا دوکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی نوێی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی بە زەبری گولـلە کوژران. لە هەمان ساڵدا، فەرەیدوون فەڕوخزاد، هونەرمەند و ڕووناکبیری ڕەخنەگر، لە شاری میونشن بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا.
ئەم تێرۆرانە کە بە پارێزبەندیی تەواوی بکەران ئەنجام دران، نیشاندەری جێبەجێکردنی سیاسەتێکی فەرمی بوون بۆ سڕینەوەی فیزیکیی نەیاران و دروستکردنی تۆقاندن لە نێوان کۆمەڵگەی دوورخراوی ئێراندا، بێدەنگی و بێکردەوەیی دەوڵەتە ئورووپاییەکان لە بەرانبەر ئەواندا، بە کردەوە بە تێپەڕبوونی ئەم تاوانانە یارمەتی دا.
دەرهاوێشتەی بێدەنگیی ئورووپا: شەرعییەتپێدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی
نەبوونی هەنگاوی جیددی لەلایەن دەوڵەتگەلێک وەک ئوتریش بۆ بەدواداچوونی دادوەریی بکەرانی تاوانی ڤییەن، پەیامێکی ڕوونی بۆ کۆماری ئیسلامی نارد: دەکرێت لە خاکی ئورووپادا بکوژیت، بێئەوەی تێچوویەک بدەیت. ئەم بێ هەڵوێستییە، ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامی دا نەک تەنیا ئۆپەراسیۆنی سڕینەوە بەردەوام بکات، بەڵکوو لەوە وەک ئامرازی پێشگرتن دژی نەیاران لە تاراوگەدا کەڵک وەربگرێت.
تێرۆریزمی دەوڵەتی بە بزەی دیپلۆماتیکەوە
بەرپرسانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی، بە بەکارهێنانی پاسپۆرتە دیپلۆماتیکەکان، لە قاڵبی شاندە فەرمییەکان یان بەشداری لە دانیشتنە نێودەوڵەتییەکاندا، بە ئازادی لە خاکی ئورووپادا هاتوچۆیان دەکرد. تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٣دا، سەحراڕوودی کە لەژێر حوکمی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتیدا بوو، بە بانگهێشتی فەرمی چوو بۆ ژنێڤ و بێ دەسبەسەرکردن گەڕایەوە بۆ ئێران.
٨. گێڕانەوەی بنەماڵەکان و هەوڵە مافخوازییە ناسەرکەوتووەکان
دوای تێرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی، بنەماڵەی قوربانیان، بەتایبەت هاوسەری ئەو هێلێن کرۆلیچ (قاسملوو)، ڕێڕەوێکی سەخت و پڕ لە ڕێگرییان لە هەوڵە یاسایی، میدیایی و دیپلۆماتییەکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری دەست پێکرد، ڕێڕەوگەلێک کە چەندین جار لەلایەن دەوڵەتی ئوتریشەوە داخران.
سکاڵای فەرمی دژی دەوڵەتی ئوتریش:
هێلێن قاسملوو لە گەلاوێژی ١٣٧٠دا، بە سکاڵایەکی فەرمی، دەوڵەتی ئەتریشی بە «خۆبەدوورگرتنی بڕیاردەرانە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سزایی کاریگەر» و «ڕەخساندنی چوونەدەرەوەی ئازادانەی بکوژان بە ئاگاداریی سیاسی» تۆمەتبار کرد. ئەو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی مامەڵە چەکدارییە نهێنییەکانی کۆمپانیای نەمسایی Voest لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی شەڕی ئێران و عێراقدا کرد و ئەوی بە هۆکاری دەستێوەرانی دەوڵەت لە ڕەوتی دۆسییەکەدا زانی.
بڕیاری دادگا: ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە و داکۆکی لە پارێزبەندی:
دادگاکانی ئەتریش، بێ بیستنی شایەتیدانەکان، سکاڵاکەیان ڕەت کردەوە. ئەوان ڕایانگەیاند هێلێن کرۆلیچ نەیتوانیوە بانگەشەیەکی «پاساوپێدراو» بخاتە ڕوو و پێڕاگەیشتن بە تاوانێک بە دەستێوەرانی دەوڵەتی دەرەکی، لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەریی ئەواندایە. ئەم حوکمە دواتر لە دادگای تێهەڵچوونەوەشدا پشتڕاست کرایەوە.
تێچووی مافخوازی:
لە کۆتاییدا، دەزگای دادوەریی ئوتریش، هێلێن قاسملووی بە پێدانی ٨٠ هەزار شیلینگ بۆ تێچووەکانی دادگاییکردن مەحکووم کرد. ئەو بە ئازایەتییەوە ڕایگەیاند کە ئامادەیە وەک «قەرزارێکی مایەپووچ بچێتە زیندانەوە» بەڵام «تەنانەت یەک شاهیش بە سیستەمێکی دادوەری نادات کە پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی دەکات». بەرپرسانی دادوەری هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە نەنا.
سەرووتر لە دۆسییەیەکی بنەماڵەیی:
هەوڵەکانی بنەماڵەی دوکتۆر قاسملوو، سەرووتر لە مافخوازییەکی کەسی، بەشێکە لە بیرەوەریی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و دۆسییەیەکی زیندووە لە بیرەوەریی مێژوویی تێرۆرە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، دۆسییەیەک کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ، هێشتا کراوە، داواکاریتەوەر و نموونی خۆڕاگری لە بەرامبەر پارێزبەندی لە سزایە.
٩. شیکردنەوەی یاسایی: پارێزبەندی لە سزا، پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان
دۆسییەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو نەک تەنیا لە تێڕوانینی سیاسی و ئەخلاقییەوە، بەڵکوو لە ڕەهەندی مافی نێودەوڵەتیشدا نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی بنەمای وڵامدەربوون، پابەندییەکانی دژە تێرۆریزم، و بنەماکانی دادڕەسیی سزایی کاریگەرە. لەم دۆسییەیەدا، دوو دەوڵەت، یەکێکیان بکەری تاوانەکە و ئەوی دیکەیان خانەخوێ، هەردوو لایان لە پێگەی بەرپرسیایەتیی یاساییدا جێگیر دەبن.
پێشێلکردنی بنەمای قەدەغەکردنی تێرۆرە دەرەکییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە:
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێکخستن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی تێرۆر لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا، بە شێوەیەکی ئاشکرا بەندەکانی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەمای بنەڕەتیی «دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە»ی پێشێل کردووە. لەسەر بنەمای بڕگەی ٢(٤)ی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی زەبر لە خاکی وڵاتانی دیکەدا، لەوانە بۆ ئامانجی سیاسی، بەڕوونی قەدەغەیە.
جگە لەوەش، بڕگەی ١ی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی دەرەکی (١٩٧٣، ڕێککەوتننامەی نیویۆرک)، تێرۆری ئامانجداری هاووڵاتییانی بیانی لە قەڵەمڕەوی وڵاتانی دیکەدا بە نیشانەی ئاشکرای تاوانی نێودەوڵەتی دەزانێت. کۆماری ئیسلامی هەرگیز ئەم ڕێککەوتننامەیەی ئیمزا نەکردووە، بەڵام لەسەر بنەمای مافی عورفی، هێشتا لە بەرانبەریدا پابەند دادەنرێت.
بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی ئوتریش لە پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکاندا:
دەوڵەتی ئوتریش بە ئازادکردنی گومانلێکراوانی تێرۆرەکە، ڕێگری لە پێڕاگەیشتنی سزایی، و ڕەخساندنی ئەگەری گەڕانەوەی پارێزراو بۆ ئەوان، بنەما سەرەکییەکانی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە:
بنەماکانی پێشگیری لە لەسێدارەدانەکانی سەروو یاسایی، سەرەڕۆیانە و خێراکان کە لە جۆزەردانی ١٣٦٨دا (دوو مانگ پێش تێرۆرەکە) لە ئەنجومەنی ئابووری-کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کرا، ئوتریشی ناچار بە لێکۆڵینەوەی خێرا، بێلایەن و کاریگەر دەکرد. دەوڵەتی ئوتریش بە کردەوە هیچکام لەم پێداویستییانەی ڕەچاو نەکرد.
بڕگەی ١٣ و ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی دەستڕاگەیشتن بە مافخوازی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ ڕزگاربووانی قوربانییان مسۆگەر دەکات. ڕەوتی بلۆککردنی سکاڵای هێلین قاسملوو، پێشێلکردنی ئەم مافە بنەڕەتییانە بوو.
پابەندی بە بنەمای “نەبوونی پارێزبەندی بۆ تاوانە جیددییەکان” لە مافی نێودەوڵەتیی عورفیدا، دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە تەنانەت لە بەردەم بەرپرسانی فەرمیی وڵاتانی دیکەشدا، لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جیددی (وەک تێرۆری سیاسی)، لە بنەمای پارێزبەندی خۆیان بەدوور بگرن.
ئەنجام: دۆسییەیەکی کراوە لە مافی نێودەوڵەتیدا
دۆسییەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو، لە ڕوانگەی یاساییەوە، هێشتا شیاوی بەدواداچوون لە ڕێکارە جیهانییەکانی وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، سازوکارە جیهانییەکانی دادپەروەریی گواستنەوەیی، و هەروەها داڕشتنی سکاڵا لە دادگاکانی وڵاتانی سێهەمدا بە دەسەڵاتی دادوەریی جیهانییە. تا ئەو کاتەی بکوژان پارێزراو بن، ئەم تاوانە لەژێر بنەمای «نەبوونی تێپەڕبوونی کات»دا بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
١٠. بەرپرسیارێتیی بەدواداچوونی جیهانیی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو: دامەزراوە بەرپرسەکان و ڕێگاچارە یاساییە بەردەستەکان
دۆسییەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و دوو هاوڕێکەی لە خاکی ئوتریش، نەک دۆسییەیەکی داخراوی مێژوویی بەڵکوو بەرپرسیایەتییەکی کراوە لە ڕێکخستنی یاسایی نێودەوڵەتیدایە. ئەم تێرۆرە سیاسییە، کە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام درا، لە نیشانە ئاشکراکانی تێرۆریزمی دەوڵەتی و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیانە. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە، بەرپرسایەتیی یاسایی بەدواداچوونی ئەم تاوانە هێشتا لەسەر شانی دامەزراوە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکان قورسی دەکات. بەڵام بەدیهاتنی دادپەروەری لە گرەوی چالاککردنی ئامرازە یاساییەکان و گوشاری ستراتیژیی مەدەنیدایە.
١. دەوڵەتی ئوتریش (شوێنی ڕوودانی تاوانەکە)
ئوتریش وەک وڵاتێک کە تێرۆرەکە لە خاکی ئەودا ڕووی داوە، بەرپرسایەتیی سەرەتایی پێڕاگەیشتنی لەسەر شانە. لەسەر بنەمای بنەمای دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی، دادستانی ڤییەن لە ساڵی ١٩٨٩وە دۆسییەکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام بەدواداچوونی کاریگەر و جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەسبەسەرکردن دژی تۆمەتبارانی ئێرانی ڕاگرتووە. ئەم بێ هەڵوێستییە ڕەخنەی جیددی یاسایی و سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە و هێشتا ئوتریش ناچارە بە زیندووکردنەوەی دۆسییەکە، هاوکاریی دادوەری و جێبەجێکردنی دادپەروەری.
دەوڵەتی ئوتریش لە تێڕوانینی یاساییەوە هێشتا بەرپرسی سەرەکیی بەدواداچوونی دۆسییەکەیە. هەرچەند بەدواداچوونی چالاکانە لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەنجام نەدراوە، بەڵام بنەماڵەی قوربانییان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و دامەزراوە مەدەنییەکانی ئوتریش دەتوانن گوشارێکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی ڕەوتی دادوەری دروست بکەن.
ئوتریش دەتوانێت لەسەر بنەمای بڕگەی ٦٥ی یاسای سزایی خۆی، لە ئەگەری ئامادەبوونی تۆمەتبار یان خستنەڕووی هۆکاری نوێ، دۆسییەکە چالاک بکات.
دەوڵەتی ئوتریش هەروەها لەبەردەم بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیدایە، چونکە لەسەر بنەمای بنەماکانی مافی مرۆڤ، ناچارە بە لێکۆڵینەوەی کاریگەر لە بابەت کوشتنە گوماناوییەکان لە قەڵەمڕەوی خۆیدا.
هەنگاوی کرداری لەم بابەتەدا پێکهاتنی کارزاری مەدەنی و یاسایی لە ئوتریش، پێکهاتنی کۆمیتەی بنەماڵەکان یان یەکیەتیی ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ داواکاریی کردنەوەی دووبارەی فەرمیی دۆسییەکە دەگرێتەوە.
٢. دادگاکانی وڵاتانی دیکە لەژێر بنەمای «دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی»دا
لەسەر بنەمای بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی، وڵاتانی وەک ئاڵمان، سوێد، فەرانسە و هۆلەند دەتوانن تاوانگەلێک وەک تێرۆر، کوشتنی سەروویاسایی، و تاوان دژی مرۆڤایەتی بخەنە ژێر بەدواداچوونەوە، تەنانەت ئەگەر لە خاکی ئەو وڵاتەدا ڕووی نەدابێت.
بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی ڕێگە دەدات بەو وڵاتانەی کە تاوانێک لە خاکی ئەواندا ڕووی نەداوە، لەسەر بنەمای توندی و سروشتی تاوانەکە، هەنگاو بۆ لێکۆڵینەوە، ڕاوەدوونان و دادگاییکردنی ئەنجامدەران بنێن. ئەم بنەمایە لە بابەتگەلێک وەک ئەشکەنجە، جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تێرۆرە ڕێکخراوەکاندا بەکارهێنانی هەیە.
وڵاتانی وەک سوێد، ئاڵمان، فەرانسە و نوروێژ پێشینەی بەکارهێنانی ئەم بنەمایەیان هەیە.
لە دۆسییەی حەمید نووریدا، دادگای سوێد توانی کەسێک بە ڕەگەزنامەی ئێرانی بەهۆی ڕۆڵی لە لە سێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ لە ئێراندا دادگایی و مەحکووم بکات. ئەم دۆسییەیە مۆدێلێکی کرداری و پێشڕەوە بۆ دۆسییەی قاسملوو.
هەنگاوی کرداری لەم پێوەندییەدا بەڵگەمەندکردن، پێوەندی لەگەڵ پارێزەرە پسپۆڕەکان لە بواری مافی نێودەوڵەتی و ئاگادارکردنەوەی خێرا لە ئەگەری ناسینەوەی سەفەری دەرەکیی تۆمەتباراندایە.
٣. ئینتێرپۆل (پۆلیسی نێودەوڵەتی)
دوای دەرکردنی حوکمی دەسبەسەرکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکی لەلایەن دادستانی ئوتریشەوە، ئاگادارکردنەوەی سوور (اخطار قرمز) بۆ ئەوان دەرچووە. هەرچەند ئینتێرپۆل ناچاریی دادوەری بۆ دەسبەسەرکردن دروست ناکات، بەڵام دەتوانێت هاواهەنگی لە نێوان وڵاتاندا بۆ هەنگاوی دادوەری ئاسان بکات. بابەتەکە ئەوەیە کە وڵاتانی ئەندام دەبێت ئیرادەی سیاسی و یاسایی پێویستیان بۆ هەنگاوی کرداری لە بەدواداچوونی ئەم جۆرە هۆشدارییانەدا هەبێت.
٤. نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە کاروباری ئێراندا، و ڕاپۆرتنێری کوشتنەکانی سەروویاسا، توانایەکی یاسایی گرنگیان بۆ پێشبردنی ئەم دۆسییەیە هەیە. ئەم دامەزراوانە دەتوانن تێرۆری دکتۆر قاسملوو وەک نیشانەی ئاشکرای «کوشتنی سەروویاسایی ڕێکخراو» لە ڕاپۆرتە ساڵانەکانی خۆیاندا بخەنە ڕوو و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بۆ پێکهێنانی مێکانیزمێکی ڕاستیدۆزینەوە یان لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی هان بدەن. هەروەها، کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی پێڕاگەیشتن بە سکاڵا کەسییەکان دژی دەوڵەتانی ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هەیە. بنەماڵەی قوربانیان دەتوانن سکاڵایەکی دوولایەنە دژی ئوتریش (بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەدواداچوونی کاریگەردا) و ئێران (بەهۆی دەستێوەران لە تێرۆرەکەدا) بخەنە ڕوو.
بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە، ئامرازە یاسایی و سیاسییەکانی بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی دەرەوەی دادگا و کوشتنە سیاسییەکانی لەبەر دەستدایە:
ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران و ڕاپۆرتنێری تایبەتی کوشتنەکانی سەروویاسا دەتوانن بابەتەکە لە ڕاپۆرتە ساڵانەکاندا بەرجەستە بکەن و پێشنیار بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بدەن.
ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت میکانیزمی لێکۆڵینەوە (Fact-Finding Mission) لەم دۆسییەیەدا تاوتوێ و پەسند بکات، بەتایبەت ئەگەر هاوکاریی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و وڵاتان ڕابکێشرێت.
کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHRC)یش دەسەڵاتی پێڕاگەیشتن بە سکاڵا کەسییەکانی لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلی ئارەزوومەندانەی پەیماننامەی مافە مەدەنیـسیاسییەکاندا هەیە.
هەنگاوی کرداری لەم بابەتەدا ناردنی سکاڵای فەرمی لەلایەن بنەماڵەی قوربانییان یان نوێنەرە یاساییەکانی ئەوان دژی ئوتریش (بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەدواداچووندا) و دژی ئێران (بەهۆی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە تێرۆرەکەدا) بۆ ئەم کۆمیتەیەیە.
٥. یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام
لە ڕەهەندی سیاسیدا، یەکیەتیی ئورووپا و دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان ئامرازی سزای ئامانجداریان لەبەر دەستدایە. ڕێژیمەکانی سزای ناسراو بە Magnitsky لە ئەمریکا، کانادا، بەریتانیا و یەکیەتیی ئورووپادا، ڕێگە دەدات پێشێلکارانی جیددیی مافی مرۆڤ لەوانە بکەرانی تێرۆرە سیاسییەکان، ڕووبەڕووی بلۆککردنی دارایی، قەدەغەکردنی سەفەر و سزای سیاسی ببنەوە. بە پێشکەشکردنی بەڵگەی پێویست لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی کەسانێک وەک سەحراڕوودی دەکرێت داواکاریی زیادکردنی ناوی ئەوان بۆ لیستی سزاکان پێشکەش بەم دامەزراوانە بکرێت.
هەنگاوی کرداری لەم بابەتەدا پێشکەشکردنی دۆسییەی بەڵگەمەند و داواکاریی فەرمی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بۆ دامەزراوە بەرپرسەکانی سزا، لەوانە نووسینگەی هەنگاوی دەرەکیی یەکیەتیی ئورووپا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، و دەوڵەتی کانادایە.
٥. کارزارە مەدەنییەکان، بەڵگەمەندکردن و دادخوازیی میدیایی
لە کۆتاییدا، هیچکام لەم ڕێگایانە بێ گوشاری گشتی و جووڵە دادخوازییەکان ناگەنە ئەنجام. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، گرووپە مەدەنییە کوردییەکان، و چالاکوانانی سیاسی دەبێت بە بەرهەمهێنانی بەڵگەکان، بەڕێوەبردنی دانیشتنە نێودەوڵەتییەکان، کەمپینە میدیاییەکان، و خستنەڕووی بابەتەکە لە پارلەمانەکانی ئورووپادا، ئەم دۆسییەیە بە زیندوویی بهێڵنەوە و لە بیروڕای گشتی وەک ئامرازی گوشار لەسەر دەوڵەتەکان کەڵک وەربگرن.
دۆسییەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو بابەتێکی تەنیا مێژوویی نییە، بەڵکوو نیشانەیەکی زیندووە لە پارێزبەندیی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر تاوانە دەرەکییەکاندا. بەدواداچوونی ئەم دۆسییەیە، ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە تەنیا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هۆشمەندانەی گوشاری مەدەنی، بەدواداچوونی یاسایی، سزا ئامانجدارەکان و کارلێکی نێودەوڵەتییەوە شیاوی بەدیهاتن دەبێت. ئەگەر ئەم ڕێگایە بە ئیرادەی ستراتێژی تێپەڕ بکرێت، نەک تەنیا ئومێد بە بەدیهاتنی دادپەروەری زیندوو دەکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە مۆدێلێک بۆ شکاندنی پارێزبەندیی دەوڵەتە پێشێلکارەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا.
١١. تێرۆری دکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانی دۆسییەیەکی کراوە لە مافی نێودەوڵەتیدا؛ نیشانەی ئاشکرای تاوانێک کە تێپەڕبوونی کات نایگرێتەوە
دۆسیەی تێرۆری دکتۆر قاسملوو، بە تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ، لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە نە داخراوە و نە تێپەڕبوونی کات لەخۆ دەگرێت. لەسەر بنەمای بنەما یاساییە قەبووڵکراوەکان لە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و مافی سزایی نێودەوڵەتیدا، تاوانگەلێک وەک کوشتنەکانی سەروویاسا، تێرۆریزمی دەوڵەتی، و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژیان لەو تاوانانەن کە بەهۆی سروشتی توند و نەتەوەییەکەیانەوە، تێپەڕبوونی کات نایانگرێتەوە.
بنەمای یاسایی «نەبوونی تێپەڕبوونی کات» بۆ ئەم دۆسییەیە:
بڕگەی ١ی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە نەبوونی تێپەڕبوونی کاتی تاوانە جەنگییەکان و تاوان دژی مرۆڤایەتی (١٩٦٨): ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕوونی دەکاتەوە کە «هیچ سنوورێکی کاتی بۆ ڕاوەدوونان و سزادانی تاوانە جەنگییەکان و تاوان دژی مرۆڤایەتی نییە، بێڕەچاوکردنی کاتی ئەنجامدانی ئەوان».
ڕێڕەوی دادوەریی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی وڵاتان: دادگاکانی وڵاتە ئورووپاییەکان وەک ئاڵمان، فەرانسە، سوێد و ئێسپانیاش بە پشتبەستن بە بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی و نەبوونی تێپەڕبوونی کات، زۆرێک لە دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە ئەشکەنجە، کوشتنی دەرەوەی دادگا و تێرۆرە سیاسییەکانی دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠یان لە دەیەکانی دواییدا بەدواداچوون کردووە.
بەڵگەنامە مافی مرۆییەکان وەک پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR): مافی ژیان لە بڕگەی ٦ی ئەم پەیماننامەیەدا، پارێزراوە لە دەستدرێژی و هەر جۆرە کوشتنێکی ڕێکخراو، پێشێلکردنی بنەڕەتیی ئەم مافە دادەنرێت. لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی هیچ کات بکەرانی نەخستووەتە ژێر بەدواداچوونەوە، ئەم پێشێلکارییە هێشتا بەردەوامە.
بنەمای بەردەوامیی تاوانەکە (Continuing Crime): تا ئەو کاتەی بکەرانی تێرۆرەکە لەژێر پاڵپشتیی فەرمیی حکوومەتێکدان، نە ڕاوەدوونراون، نە دادگایی، و نە سزا، تاوانەکە لە دۆخی بەردەوامیدایە. بۆیە، دەستپێکی ئەژمارکردنی تێپەڕبوونی کات بێمانایە.
١٢. داواکارییە دیاریکراوەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئوتریش و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ:
کردنەوەی دووبارەی فەرمیی دۆسییەی تێرۆری ڤییەن لەلایەن دەوڵەتی ئوتریشەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگە بەهێزەکان و شایەتییە بەردەستەکان.
دەرکردنی دووبارە و چالاککردنی حوکمی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتی بۆ محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا ئاجوودی و ئەمیر بوزورگیان (غەفوور دەرجەزی).
دیاریکردنی ڕاپۆرتنێرێکی تایبەت لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوەی تێرۆرە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سەرنجدان لەسەر دۆسییەی قاسملوو وەک نموونەیەکی هێمایین.
کۆتاییهێنان بە سیاسەتی نەرمی نواندنی ئورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بواری دۆسییەکانی تاوانە سیاسییەکان لە تاراوگەدا.
مسۆگەرکردنی فەرمیی دەوڵەتی ئوتریش بۆ جێبەجێکردنی بنەمای دووبارەنەبوونەوە و پێدانی قەرەبووی فەرمی بە ڕزگاربووانی قوربانییانی ئەم تاوانە.
پاڵپشتیی کاریگەری دامەزراوە مافی مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕە مەدەنییەکانی ئێران لە کەمپەینی دادخوازیی ئەم دۆسییەیە وەک بەشێک لە بیرەوەریی بەکۆمەڵ و دادپەروەریی گواستنەوەیی.
٣٧ ساڵ دوای تێرۆری ناجوامێرانەی دوکتۆر قاسملوو، عەبدوڵڵا قادریئازەر و فازڵ ڕەسووڵ لە دڵی ئورووپادا، هێشتا هیچکام لە بکەران یان داڕێژەرانی ئەم تاوانە نەخراونەتە ژێر ڕاوەدوونانی دادوەریی کاریگەر. کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانەی قەبووڵ نەکردووە، بەڵکوو هەندێک لە بکەرانی ڕاستەوخۆی ئەو بۆ پلە فەرمی و دیپلۆماتیکەکان بەرز کردووەتەوە. لە بەرانبەردا، دەوڵەتی ئوتریش کە خانەخوێی ئەم تێرۆرە بوو، بە کەمتەرخەمی و نەرمیی ئاشکرا، بەستێنساز بووە بۆ بەردەوامیی خولی پارێزبەندی لە سزا بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتی.
تێرۆری دوکتۆر قاسملوو نەک تەنیا لە تێڕوانینی مێژووییەوە بەڵکوو لە ڕوانگەی یاساییەوە، دۆسییەیەکی کراوە و برینێکی یاسایی ماندووە. کۆمەڵگەی جیهانی، دەوڵەتی ئوتریش، و دادگاکانی وڵاتانی سێهەم هێشتا لە تێڕوانینی یاسایی و ئەخلاقییەوە بەرپرسن کە لە بەرانبەر ئەم تاوانەدا بێدەنگ نەبن.
بۆیە ئەم دۆسییەیە چیتر تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی یان داواکارییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هێمای دادپەروەریی دواکەوتوو و تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی دەوڵەتە ئورووپاییەکانە لە بەرانبەر بنەماکانی مافی مرۆڤدا. تاوان لە ڤییەندا، ئەو کاتە ڕادەوەستێت کە ڕاستی بەڕوونی قەبووڵ بکرێت، دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و پارێزبەندی تێکبشکێنرێت.
لیستێک لە سەرچاوە فارسی و ئینگلیزییەکان سەبارەت بە تێرۆری دکتۆر عەبدوڵڵا ڕەحمان قاسملوو، پێکهاتوو لە وتارە مێژوویی و شیکارییەکان، ڕاپۆرتە یاسایی و سیاسییەکان، بەیاننامە فەرمی و ڕێکخراوەییەکان، بابەتە ئاشکراکەرەکان و بەڵگەنامە ئەمنییەکان و سەرچاوەکان سەبارەت بە بکەرانی تێرۆرەکە و پێگەی ئێستای ئەوان کە پێشکەش دەکرێت:
سەرچاوە فارسییەکان؛
1. https://fa.wikipedia.org/wiki/عبدالرحمان_قاسملو
2. https://www.iranrights.org/fa/memorial/story/30421/abdol-rahman-qasemlu-ghassemlou
3. https://www.iranrights.org/fa/newsletter/issue/53
4. https://peshmergekan.com/?p=48641
5. https://www.radiofarda.com/a/f35_Qasemlou_20_Years_Afetr_Hejri/1776675.html
6. https://old.iranintl.com/ایران/قاسملو؛-رهبری-که-با-حذف-فیزیکی-از-خاطرهها-نرفت
7. https://www.radiozamaneh.com/288103/
8. https://www.dw.com/fa-ir/iran/a-49526051
9. https://kurdpa.net/fa/news/روزنامهی-دی-پرس-ترور-دکتر-قاسملو-را-فصل-تاریک-تاریخ-اتریش-توصیف-کرد
10. https://www.cafetarikh.com/news/48674/رازهای-ترور-قاسملو-آیا-پای-صدام-میان
11. https://peshmergekan.com/?p=28406
12. https://www.tudehpartyiran.org/2013/07/15/به-مناسبت-سالروزِ-جنایت-هولناک-ترورِ-د/
13. https://kurdistanmedia.com/fa/news/2023/06/139
14. https://www.avatoday.net/fa/node/5527
15. https://kurdpa.net/fa/news/دکتر-قاسملو-رهبری-کوردستانی-و-اخلاقمدار-در-سیاست
16. https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=11&q=20160913105900133950
17. https://iranwire.com/fa/features/108070
18. https://iranhrdc.org/report-ghassemlou-assassination-in-vienna/
19. https://1946.blogfa.com/post/194
20. https://kar-online.com/به-مناسبت-بیستمین-سالگرد-ترور-دکتر-قاس/
21. https://kurdpa.net/fa/news/rmmk-به-کارگیری-ابزار-ترور-و-خشونت-از-سوی-دولت-علیه-مردم-محکوم-است
منابع انگلیسیزبان و بینالمللی؛
22. https://theinsightinternational.com/mismas/articles/misc2012/7/irankurd868.htm
23. https://iranhrdc.org/report-ghassemlou-assassination-in-vienna/
24. https://pdki.org/english/demanding-accountability-for-the-assassination-of-dr-ghassemlou-and-abdullah-ghaderi-azar/
25. https://pdki.org/english/statement-on-the-35th-anniversary-of-the-assassination-of-dr-a-r-ghassemlou/
26. https://pdki.org/english/gathering-in-brussels-to-demand-justice-in-the-case-of-dr-ghassemlous-assassination/
27. https://www.change.org/p/the-austrian-government-and-the-european-parliament-petition-re-open-the-murder-case-of-dr-ghassemlou-2
28. https://kurdpa.net/en/news/new-document-reveals-that-the-us-was-aware-of-the-assassination-of-kurdish-leader-dr-abdulrahman-ghassemlou
29. https://theinsightinternational.com/mismas/articles/misc2009/7/irankurdistan488.htm
30. https://en.wikipedia.org/wiki/Abdul_Rahman_Ghassemlou
31. https://www.kurdishlobbyaustralia.com/wp-content/uploads/2024/07/Why-and-Why-Not-In-commemoration-of-Ghassemlou-1930-1989.pdf
32. https://english.alarabiya.net/features/2018/03/11/From-Ghassemlou-to-Qaderi-Iran-s-history-of-assassinating-its-Kurdish-opposition
33. https://anfenglishmobile.com/features/thirty-years-ago-the-murder-of-dr-abdul-rahman-ghassemlou-36229
34. https://www.pdk-iran.org/english/doc/kasemlu.htm
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە