کتێبی \"فمنیسم، زشت و زیبا\" ڕوونوێنی لێکرا

13:01 - 18 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی ڕوونوێنی لە کتێبی \"فمنیسم؛ زشت و زیبا\" لە نووسینی محەممەد جەماڵەددینی واژی لە کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ۱۷ی ڕەشەممە، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی تامەزرۆی کتێب و خوێندنەوە، کۆڕێک بۆ ڕوونوێنی لە کتێبی \"فمنیسم؛ زشت و زیبا\" بۆ نووسەر محەممەد جەماڵەددینی واژی بەڕێوەچوو کە یەکەم کۆڕی لەوچەشنە بوو کە لە کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار) پێکهات.

کۆڕەکە بە بەخێرهێنانی ئامادەبووان، پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی ماڕس و خوێندنەوەی ڕیزی بەرنامەکان دەستیپێکرد.

دواتر پەیامی کافە کتێبی ئەندێشە پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی ٨ی ماڕس و ئاماژە بە گرینگیی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆڕ و کۆبونەوە لەسەر پرسی ژنان بە بەشداری کەسانی پسپۆڕ و ئاکادیمی بۆ ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان و پێگەیاندنیان لە بوارە جۆراوجۆرەکان درا.

لەدرێژەی پەیامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە گوتار و دونیابینیی مەدەنی و دێموکراتیکی ناوەندی ئەندێشە و هەروەرتر ئەرک و ڕەساڵەتە ڕۆناکبیرییەکانی ئەو ناوەندە، جەخت کرایەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پانتاییەکی گشتی لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ دیالۆگ، گۆڕینەوەی ڕا و ئەندێشەی جیاواز و لەئاکامدا تەفاهوم و لێکتێگەیشتن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئاماژە بەو ڕاستییە کرا کە بنکەی ئەندێشە، کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و پیرانشار بە تایبەتی، بە خاوەن پێکهاتەیەکی فرەچەشن و مینیاتۆری دەبینێ و بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ \"پرس و ڕەنجی هاوبەش\"ی کۆمەڵایەتی، کولتوری، مەدەنی و هتد... دەرگای دیالۆگ و بەرهەڤدان بەرەو ڕووی ڕەوتە جیاوازەکاندا دەکاتەوە و رێگە بۆ \"ئیمکان\"ی هاوهەڵوێستی و هاوکاری سەبارەت بە \"پرسە هاوبەشەکان\" خۆش دەکات. کەوابێ پێکهێنانی ئەو کۆڕەش لەو پێناوەدا خوێندنەوەی بۆکرا.

دواتر پیرۆزبایی لە مامۆستا جەماڵ واژی کرا بۆ نووسین و لەچاپدانی کتێبەکە و لەو ڕوانگەیە کە بەڕێزی وەک هەڵکەوتەیەک لەناو مامۆستایانی ئایینی، باسێکی گرینگ و هەستیاری وەکوو فێمێنیسمی وەک سووژەی یەکەم بەرهەمی نووسراوی خۆی هەڵبژاردووە، بەرز نرخێندرا.

دواتر لە بڕگەی دووهەمی بەرنامەکەدا، پەخشانێک لەسەر ساڵیادی ۱۷ی ڕەشەمە لەلایەن بەڕێز مامۆستا ئیبڕاهیم سەلیمی پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دی لە کۆڕەکەدا مامۆستا یونس نۆوخاە باسێکی لەسەر فێمێنیسم لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکان و مافەکانی ژن لە ئایینی ئیسلام دا پێشکەش کرد و چەند بەش لە کتێبەکەی خستە بەرباس.

دواتر بەڕێز ئەنوەر ڕەستگار پەخشانێکی تایبەت بە ڕۆژی ٨ی ماڕس و ژنانی کورد پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دوابەدوای ئەو پەخشانە، نووسەر(محەممەد جەماڵەددینی واژی) وێڕای سپاسی کافەکتێبی ئەندێشە بۆ پێکهێنانی کۆڕەکە، ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ژنان بەتایبەت ژنانی ستەملێکراوی کورد کرد و چۆنیەتی سازبوونی بیرۆکەی خوێندنەوەی هەمەلایەنەی هەموو مەکتەبە فکرییەکان لەسەر ئەو بابەتە و دواتر نووسینی کتێبێک سەبارەت بە فێمێنیسمی باسکرد.

لەدرێژەدا هاوکات لەگەڵ باس کردن لە پێکهاتە و ناوەڕۆکی کتێبەکە، نووسەر ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای وەدەستخستنی مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواری بەپێی نەریتەکانی تایبەت بەخۆی و هەروەتر چۆنیەتی مامەڵەی ئایینی ئیسلام لەگەڵ دۆزی ژنان باس کرد. بەڕێز واژی بە ئاماژەدان بەو ڕاستییە کە کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی گواستنەوە لە سوننەتەوە بەرەو مۆدێڕنیتە دایە، بە خەسارناسی ڕەوتی مۆدێرنیزاسینۆن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی، هەڵسەنگاندنێکی لەنێوان دۆخی ئازادی ژنان و دەستەبەربوونی مافەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و وڵاتی جیهانی سێهەم (بەتایبەت وڵاتانی موسوڵمان) هێنایە ئارا.

نووسەر تیشکی خستە سەر جیاوازی قووڵی نێوان کولتوری عەڕەب لەگەڵ کولتوری کوردی. هەر بۆیە باسی لە پێویستیی پێداهاتنەوە بە هێندێک لەو دەقانە کرد کە بە ناوی ئایین بەڵام لەژێر کاریگەری کولتووری پیاوسالاری عەڕەبی مافەکانی ژنانی پێشل کردووە، کرد. نووسەر وێرای ئەوەیکە هەوڵی خۆی بە هەوڵێکی کولتووری بۆ چارەسەری پرسی ژن زانی بەڵام هاوکات باسی لە زەروورەتی گۆڕانی هەمەلایەنە لە ڕوانینی کەسایەتییە ئایینیەکان، دەوڵەتەکان، یاسادانەران، سیستەمی پەروەردە، ڕووناکبیران و... کرد و هۆکاری سەرکەوتنی ڕێژەیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانی بەستەوە بە گۆڕانکاری لە دەقە پەروەردەییەکان و جێگیرکردنی ئەو مافانە لە یاساکان و بەتایبەت، هەڵاواردنی ئەرێنی (تەبعیزی موسبەت) بۆ ژنان لەپێناو هاوسەنگ کردنی گۆڕەپان و پێکهێنانی دەرفەتی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکان دا.

لەکۆتایی باسەکەیدا، نووسەر ئاماژەیەکی کورتی بە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای نووسین لەسەر وەها بابەتێک کرد و هەوڵی خۆی تەنیا بۆ پێکهێنانی کەشێک بۆ هاوسەنگی لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فێمێنیسم لەقەڵەمدا.

دواتر ئامادەبووان کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەکرد و نووسەر وڵامی دانەوە.
کۆڕەکە بە پەردەلادان و ڕوونوێنی لە کتێبەکە و واژۆکردنی لەلایەن نووسەر کۆتاییهات.