ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی لە لایەن خێزانی شەریف باجوەر سەبارەت به پشتیوانی لە ئاژەڵان و ژینگەوە

14:12 - 29 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: خێزانی شەریف باجوەر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی زاگرۆسنشین کردووە، کە هەر ئاژەڵ یان باڵندەیەک کە لە لای خۆیان ڕایان گرتووە، بیسپێرنەوە به باوەشی ژینگە.

نازار حەقپەرەست، خێزانی شەریف باجوەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا، به بۆنەی شەشەمین مانگی گیان لەدەستدانی شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی، داوای لە خەڵکی پارێزگاکانی زاگرۆس کردووە، که هەر کەسێک ئاژەڵ یان باڵندەیەکی لای خۆی ڕاگرتووە، بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستی جەستەیی، لە ڕۆژی هەینی، ٣ی ڕەشەممەدا بیسپێرێتەوە باوەشی سروشت.

خێزانی شەریف باجوەر، لەم ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە، که لە بەرەبەری شەشەمین مانگی شەهیدبوونی ئازیزانی ژینگەی کوردستاندا، دەمانەوێت به گەیشتن به ئامانجی پیاوانی گەورە و خۆشەویستیی ژینگه و خەمخۆرانی دارستانەکانی زاگرۆس \"ئومید کۆنەپۆشی\" و \"شەریف باجوەر\" و پێنجشەممەکانی ـ میهرەبانی، داوا لە ئێوە خەڵکی خۆشەویستیی پارێزگاکانی کۆهکیلوویە و بویرئەحمەد، چوارمەحاڵ و بەختیاری، فارس، ئیلام، کرماشان، هەمەدان، کوردستان، خووزستان، هۆرمۆزگان، ورمێ، لوڕستان و ئیسفەهان دەکەین، کە هەر کەس ئاژەڵ یان باڵندەیەکی ( بەتایبەت سمۆرە و هەڵۆ) لە لای خۆی ڕاگرتووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی، لە ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەممەدا بیسپێرێتەوە باوەشی ژینگە و بەم کارە ئەمەگی خۆمان بەرانبەر بەو ئازیزانەی کە لە ئاگردا سووتان و هەروەها جوگرافیا و نیشتمانەکەمان نیشان بدەین.

ناوبراو لەم ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی: بەم چالاکییە دەستپێکێک بین بۆ ‌هاوڕێیەتی لەگەڵ سروشت و نیشتمانەکەمان و لە سەردەمێکدا کە وێرانکردنی ژینگه لە دنیادا زۆر بووەتەوە خۆمان بە بەرپرسیار بزانین.

نازار حەقپەرەست، لە کۆتاییی ئەم ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە: هەروەها لەم ڕۆژەدا، به بۆنەی شەشەمین مانگی شەهیدبوونی هاوڕێیانمان، دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لەسەر گڵکۆی شەهیدەکانمان دەبین و بە نوێکردنەوەی پەیامی پاراستنی ژینگه یادیان بەرز ڕادەگرین. خەڵکی خۆشەویست هەر کەس دەتوانێت بە ناردنی فیلمی ئازادکردنی ئاژەڵان (لە یەک خولەکدا و به ئاماژه به ناوی گوند یا شار) بۆ پەیجی ئینستاگرامی sherif.bajwer@ لە پەرەدان به میهرەبانیدا یارمەتیدەرمان بن.

ڕۆژی شەممە، ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێزیی مەریوانی به ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەدپەژووهی\"، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری پیڵە و سڵسی ئەو شارەدا گیانیان لە دەست دا.

شەریف باجوەر، لەدایکبووی ١٣٥٠، کوڕی بایزید لە چالاکانی مەدەنی و ناسراوی کوردستان بوو. ئەم چالاکە مەریوانییە، ساڵی ٩٦ به دروشمی \"نەبوونی توندوتیژی ڕێگای سەرکەوتنی مرۆڤە\"، لە کردەوەیەکی ناڕەزایەتیدا بە پاسکیل ڕۆیشتە تاران.