پارێزگای ئیلام هەتا ئێستا هۆڵێکی فەرهەنگی تێدا نییە

01:01 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: پارێزگای ئیلام بە حەشیمەتی ٥٤٠ هەزار کەسەوە لە بوونی هۆڵی فەرهەنگی بێبەرییە و هەتا ئێستا ئەم بابەتە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

هەواڵدەریی \"فارس\" بڵاوی کردەوە، پارێزگای ئیلام هەتا ئێستا هۆڵێکی فەرهەنگی تێدا نییە و لەم پەیوەندییەدا بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دروست کردنی هۆڵێکی فەرهەنگی کە پێویستییەکی سەرەکی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەیە، ئەوپەڕی کەمتەر خەمی دەنوێنن.

ئەوە لە کاتێک دایە کە پارێزگاکانی دەوروبەری ئیلام بۆ هەر دەزگا و ناوەندێکی فەرهەنگی خاوەن هۆڵێکی تایبەتیی خۆیانن، بەڵام هەتا ئێستا پارێزگای ئیلام لە بوونی هۆڵی فەرهەنگی بێبەرییە هەتاکوو منداڵان و مێرمنداڵان سەرقاڵی چالاکیی فەرهەنگی بن.

ئەو سەرچاوە حکوومەتییە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە بوون و پەرە گرتنی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی حاشا هەڵنەگر گرێدراوی نەبوونی هۆڵی فەرهەنگی لەو پارێزگایە دێتە ئەژمار.