نەورۆزانەی ڤەژین کتێبی کوردییە

15:37 - 27 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین، بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە، کتێبی بەسەر منداڵان دابەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی ڕەشەمە، یەکەمین چالاکیی ڤەژین لەژێر ناوی \"نەورۆزانەی ڤەژین\"، بە دروشمی؛ \"بە تیشکی ئاگر دەنووسین جەژنە پیرۆزە\"، بەرەوپیریی نەورۆزەوە چوون.

لەم چالاکییەدا، کە به دروشمی \" بە تیشکی ئاگر دەنووسین جەژنە پیرۆزە\"، لە قوتابخانەی سەرەتاییی \"ڕزوان\"، لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو، لەم ڕێوڕەسمەدا کتێبی منداڵان بەسەر ٣٨٠ قوتابیی سەرەتایی دابەش کرا.

هاوکات لەو چالاکییەدا سروودی منداڵان و چەندین بەرنامەی شاد و ڕەنگاڵە پێشکەش بە منداڵانی کوردستان کرا.

لەو پێوەندییەدا، بۆ پێشوازیی لە جێژنی نەورۆز، ئەنجومەنی کەمئەندامانی شاری بۆکان و تایبەت بە منداڵانی کەمئەندام بۆ پێشوازی لە نەورۆزی ٢٧١٩ ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

لەم ڕێوڕەسمەدا ئەنجومەنی مۆسیقای شاری بۆکانیش بەشدار بووه.