نووسەرێکی ئیلامی، دوو خەڵاتی ئەدەبی لە دوورگەی مانۆسی ئوسترالیا وەرگرت

20:32 - 11 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام دوو خەڵاتی ئەدەبی وەرگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی \"گاردین\"، بێهروز بوچانی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد خەڵکی شاری ئیلام، کە ماوەی نزیکەی ٦ ساڵە، لە دوورگەی مانۆسی وڵاتی ئوسترالیا دەژی، توانی دوو خەڵاتی بەناوبانگی نێونەتەوەیی بە دەست بێنێت.

نووسەر لە بەشی وێژەیی ناچیرۆکی خەڵاتی ڤیکتۆریەن پریمری بە بڕی ٢٥ هەزار دۆلار و لە بەشی وێژەیی خەڵاتی ڤیکتۆرین بڕی ١٠٠ هەزار دۆلاری بردەوە.

بۆچانی ماوەی نزیکەی ٦ ساڵە لە دوورگەی مانۆس زیندانییە و دەوڵەتی ئوسترالیا مۆڵەتی چوونە دەرەوەی لەو دوورگەیە پێ نەداوە.

هەر لە ماوەی مانەوەی لە دوورگەکەدا، نووسەر ڕۆمانێکی لە ژێر ناوی \"هیچ هاورێیەک جگە لە شاخەکان\" بڵاو کردوەتەوە.

ناوبراو سەبارەت بەو ڕۆمانە دەڵێت: \"ئەم کتێبە بەرهەمی ٥ ساڵ زیندان و شکەنجە بووە \" و پرسیار دەکات \"ئایا کوردەکان بێجگە لە شاخەکانی دۆستێکی دیکەیان نییە\".

لە رۆمانەکەیدا ڕۆژنامەنووس باس لە هەڵسووکەوتی نەشیاو بەرامبەر خۆی لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەی ڕابردوودا، لە زیندانی دوورگەی مانۆس دەکات.

بێهرووز بووچانی نزیکەی شەش ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر تووشی گرفت بووە و کوردستانی ئێرانی بەجێهێشتووە. له‌م شەش ساڵەدا له سه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری ڕۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لە ڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەییەکانی وەک ڕۆژنامەی \"گاردیه‌ن\" و \"هافینگتون پوست\" بابەت دەنووسێ.