مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی بڵاڤۆكێكی كوردیی خوێندكاری لە زانكۆی "باختەر"ی ئیلام هەڵوەشایەوە

16:18 - 11 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بڵاڤۆكێكی كوردیی خوێندكاری (بن زاراوەی لەكی) كە ماوەیەك لەمەوپێش لە زانكۆی \"باختەر\"ی ئیلام مۆڵەتی چاپ و بڵاو كردنەوەی وەرگرتبوو، پێش لە بڵاوبوونەوەی یەكه‌م ژمارەی، مۆڵەتەكەی هەڵوەشایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بڵاڤۆكی كوردیی خوێندكاری بەناوی \"چەرداوڵ\" كە ماوەیەك لەمەوپێش لە زانكۆی \"باختەر\"ی ئیلام مۆڵەتی چاپی وەرگرتبوو، دوای تەواو بوون و ئامادەكردنی یەكەم ژمارەی، لەلایەن حیراسەتی ئەو زانكۆیەوە بەرپرسانی بڵاڤۆكی \"چەرداوڵ\" ئاگادار كراونەتەوە كە مۆڵەتی چاپی ئەو بڵاوكراوە هەڵوەشاوەتەوە.

لێپرسراوانی حیراسەتی زانكۆی \"باختەر\"ی ئیلام هۆشدارییان بە خوێندكاران داوە كە ئەگەر بێت و بڵاوی بكەنەوە لەگەڵ كێشەی ئینزباتی بەرەوڕوو دەبن.

پاش رووداوەكانی هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ساڵی 1388 لە ئێران لە زانكۆكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران شەپۆلێكی بەربڵاو لە داخستن و هەڵوەشاندنەوەی بڵاوكراوە خوێ،دكارییەكان دەستی پێكرد كە تەنیا لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی 1388 بەملاوە بڵاڤۆكەكانی: \"ماد، زیلان، كورمانج، ژینۆ، هەرەوەز و بووژان لەلایەن \"جێگری فەرهەنگی و ئیدارەی حیراسەت\"ی زانكۆكانەوە مۆڵەتی بڵاوكردنەوەیان لێ‌ سەندراوەتەوە و 15 بڵاڤۆكی خوێنكاریی دیكەش لە زانكۆكانی ئەو پارێزگایە مۆڵەتی یاساییان وەرگرتووە، بەڵام ئیزنی بڵاوكردنەوەیان پێنادرێت.

بەپێی راپۆرت و زانیارییەكان هەر لەو ماوەیەدا تەنیا لە دوو پارێزگای ئیلام و كرماشان بڵاوكراوە خوێندكارییەكانی: \"واژە نو، هاوار، تاق بوستان، چرۆ و زارۆی واران\" پێش بە وەشانیان گیراوە و مۆڵەتیان لێ‌ سەندراوەتەوە.

ئەم شەپۆلە لە داخستنی بڵاوكراوە كوردییە خوێندكارییەكان لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران لە كاتێك دان كە هەموو بابەت و ناوەرۆكی ئەو بڵاڤۆكانە لەلایەن \"جێگری فەرهەنگی و حیراسەت\"ی زانكۆكانەوە كۆنترۆڵ و چاوەدێری دەكرێن و بەتایبەتی لە ساڵی 1384 بەملاوە هیچ بابەتێك بەدژی سیاسەتەكانی حكوومەتی ئێران لەو بڵاڤۆكانە بڵاو نەكراوەتەوە.

ناوەرۆكی بابەتی بڵاڤۆكە خوێندكارییەكان لە چوارچێوەی پرسی فەرهەنگی، ئەدەبی، خوێندكاری و كۆمەڵایەتی دان.