سێ‌شوێنی مێژوویی لە شارستانی مەریوان چوونە ریزی ئاسەواری میللیەوە

12:53 - 5 رێبەندان 2711
كوردپا: لە شاری مەریوان سێ‌ئاسەواری مێژوویی وەكوو ئاسەواری میللی تۆمار كران و پردی مێژوویی \"گاران\" یەك لەو ئاسەوارانەیە.

لێپرسراوی ئیدارەی میراس فەرهەنگی پارێزگای كوردستان رایگەیاند، ئەو پردە لە 20 ك.م جادەی مەریوان ـ سەقز هەڵكەوتووە و مێژووی درووست كردنەكەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان.

بە وتەی ئەمیر ئلاهی: ئەو بینا مێژووییە لە ساڵی 1385 لەلایەن ناوەندەكەیانەوە نۆژەن كراوەتەوە.

قەلای\"امام\" یەكێكی تر لەو ئاسەوارە مێژووییانەیە كە بە شێوەی مەرجدار تۆمار كراوە و هەتا ئێستاش ژمارەی تۆمار كردنەكەی ئاشكرا نەكراوە و مێژووی درووست كردنەكەی ئەو قەلایە دەگەرێتەوە سەردەمی ئیسلامییەكانە و لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری مەریوان هەڵكەوتووە.

ئەو لێپرسراوە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا ئەوەشی خستە روو، زەریاچەی زرێباریش بە ژمارەی 102 لە ئاسەواری میللی ئێران تۆمار كراوە و بەیەكێك لە ئاسەوارە سرۆشتییەكانی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار.

گۆلی زرێبار لە دوو ك.م رۆژئاوای شاری مەریوان هەڵكەوتووە و ماوەیەك لەمەوبەر بە هۆی ئاگەر كەوتنەوەی بەردەوام لە قامیشەلانەكانی دەورووبەری ئەو گۆلە، بەشێكی بەرچاو لە زیندەوەرەكانی ناو ئاوەكە لەناو چوون.