سوعدا خەدیرزادە لەلایەن سکاڵاکەرانیەوە لە یەکەمین دادگاییدا هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا

12:31 - 4 خەرمانان 2722

یەکەمین دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ بەڕێوەچوو و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی هەڕەشەی کوشتنیان لەو زیندانییە سیاسییە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانان، بەشێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١ جێگیر لە شاری مەهاباد، بە ئامادەبوونی ئەو زیندانییە سیاسییە، پارێزەرەکەی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چوو.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، ڕایگەیاند: تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی سوعدا خەدیرزادە "بەشداری لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بووە، کە ئەو زیندانییە سیاسییە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، ڕایگەیاند: بەرپرسی لقی٣ی دادگای کەیفەریی ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد بە ناوی "جەواد بەنایی" و ڕاوێژکارانی بە ناوەکانی "ئەمیر ئوجاقلوو" و "غوڵام کەریم‌خانی" بوون. بەڵام پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە لە ئەستۆی "غوڵام کەریم‌خانی" دەبێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها باسی لە هەڕەشەی کوژرانی سوعدا خەدیرزادە لەلایەن یەکێک لە سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بە ناوی "موراد پیرۆتی‌نیا" کوڕی خزر پیرۆتی‌نیا، ئەندامی سپای پاسداران کردووە کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن کەسەسانێکی نەناسراوە کوژرابوو، ئەو کەسە لە ڕەوتی دادگادا ڕایگەیاندووە لە ئەگەری ئازادکردنی سوعدا خەدیرزادەدا، ئەوان خۆیان دەیکوژن. ئەمە لە کاتیكدایە کە هەواڵدەریی "میزان"سەر بە هێزی دادوەری، چەند ڕۆژ پێش باسی لە بەستێنی ئازادکردنی سوعدا کردبوو. بەپێی زانیارییەکانی کوردپا بەرپرسانی دادسەرای مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە پاش بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی دادگا، بارمتەکەی سوعدا قەبووڵ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پارێزەری سوعدا پاش هەڕەشەی کوشتنی لەلایەن سکاڵاکەرانی دۆسییەکەیەوە، بە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە لە درێژدان بە بریکارییەکەی پاشگەز بووەتەوە.

بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی سوعدا خەدیرزادە، ماوەیەک پێش لەلایەن دادگاوە قەبووڵ کراوە، بەڵام لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا دژایەتی لەگەڵ ئازادکردنی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە کراوە و هەر جارە بە بیانوویەک، بارمتەکەیان قورستر کردووەتە هەتا ئەو بارمتەی گەیشتووەتە سێ میلیارد تمەن.

کوردپا دوو ڕۆژ پێش لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە دوایین بارودۆخی سوعدا کردبوو کە ئەو ناچار کراوە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و هەواڵی خۆکوژییەکەی خۆی ڕەت کردووەتەوە. هەواڵدەریی "میزان" فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییەی بڵاو کردبووەوە.

پێشتر کوردپا وردەکاریی لە سەر دوایین بارودۆخی سوعدا خەدیرزادە پاش خۆکوژییەکەی بڵاو کردبووەوە.