سوعدا خەدیرزادە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەتکردنەوەی خۆکوژییەکەی کرا

17:58 - 1 خەرمانان 2722

لە نوێترین هەواڵ لە سەر بارودۆخی سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، هەواڵدەریی "میزان" سەر بە هێزی دادوەری، فیلمێکی لە دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو زیندانییە سیاسییە و هەواڵی ڕەتکردنەوەی خۆکوژییەکەی بڵاو کردەوە.

ئەو هەواڵدەرییە ڕایگەیاندووە کە ئەو زیندانییە سیاسییە لە چاوپێکەوتنێکدا، لەگەڵ وتەبێژی هێزی دادوەری هەواڵی خۆکوژییەکەی خۆی ڕەت کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا، بە کوردپای ڕاگەیاند: موجتەبا محەممەدی، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ورمێ و ناسر عەتەباتی، بەرپرسی گشتیی دادگوستەری پارێزگای ورمێ، پێش لەو چاوپێکەتنە، سوعدا خەدیرزادەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە لەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ وتەبێژی هێزی دادوەریدا ، هەواڵی خۆکوژییەکەی خۆی، ڕەت بکاتەوە.

هەواڵدەریی "میزان" هەروەها لەو ڕاپۆرتەیدا باس لەوە دەکات کە لەم دواییانەدا بەرپرسان بەستێنی ئازادکردنی سوعدایان ئامادە کردووە، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا دژایەتی لەگەڵ ئازادکردنی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە کراوە و هەر جارە بە بیانوویەک، بارمتەکەیان قورستر کردووەتە هەتا ئەو بارمتەی گەیشتووەتە سێ میلیارد تمەن و ئازادییە کاتییەکەیان وەدوا خستووە. لە دوایین حاڵەتدا، باس لە گوشار خستنە سەر ئەو زیندانییە کراوە، کە پاش یەکەمین بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، بارمتەکەی بۆ ئازاد کردنی قەبووڵ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بڕیارە بەیانی چوارشەممە ٢ی خەرمانان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سوعدا خەدیرزادە بەشێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد، بەڕێوە بچێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە پەیوەندیی لەگەڵ خۆکوژیی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاند: چاوەکانی ئەو  زیندانییە پاش خۆکوژییەکەی تووشی تارمایی بووە و پێویستیی دەسبەجێی بە چارەسەری پزیشکیی هەیە.

پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە وردەکاریی دوایین بارودۆخی سوعدا خەدیرزادە پاش خۆکوژییەکەی، کردبووەوە.