راپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی کەریم خانی زەند

19:35 - 12 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بە هاوکاری سەنتەری لوڕ فێستیڤاڵێکیان بەناوی \"کەریم خانی زەند، کوردێکی پاشا و مرۆڤێکی دادپەروەر\"یان لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد.

ئەو دیدارە رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رەشەممە بە وتاری لێژنەی باڵای فێستڤاڵ کە لەلایەن \"سیروان جەلال\"ەوە پێشکەش کرا دەستی بەکارەکانی کرد و دواتر وتاری ئیدارەی گەرمیانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن \"سەلاح کوێخا\"وە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو فێستیڤاڵەدا دوکتور \"محەممەد عەلی سوڵتانی\" توێژەری ناسراوی کورد وتەیەکی سەبارەت بە ژیان، پێگە و کەسایەتیی کەریم خانی زەند پێشکەش کرد.

دواتر فیلمێکی دیکیۆمێنتاری سەبارەت بە کەریم خانی زەند کە لەلایەن \"یەحیا زاهیدی پوورەوە ئامادە کرابوو، پیشانی ئامادەبوان درا و دوایین بڕگەی سەرلە بەیانی رۆژی هەینی پارچە مۆسیقایەک لەلایەن گروپی مۆسیقای سەنتەری هاوبەشی لوڕ پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

\"11345.jpg\"
یەکەم بڕگەی پاشنیوەڕۆی فستیڤاڵ وتارێک لە ژێر ناوی \"خێڵی زەند یەکێک لە خۆشناوترین فەرمانڕەوایانی مێژووی ئێران\" لەلایەن سۆران حوسێنی لە شاری بانەوە خوێندرایەوە.

دواتر \"چۆمان تەقیە دین\" خەڵکی شاری سلێمانی بابەتێکی شیکاری بەناوی \"سەرهەڵدان و دەرکەوتنی زەندیانی کورد لە ئێران\" بۆ ئامادە بوان خوێندەوە.
\"کەریم خانی زەند و دامەزراندنی فەرمانڕەوایی زەندییەکان لە ئێران\" ناوی لێکۆڵینەوەیەک بوو کە لەلایەن \"نێعمەت شەهاب\" خەڵکی شاری هەولێر پێشکەش کرا.

پاشان گفتوگۆیەک لەسەر لێکۆڵینەوە، وتار و بابەتاکان هاتە ئاراوە و دواتر فستیڤاڵ بەخوێندنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"سیمای زەند لە ئاوێنەی مێژوودا\" کە لەلایەن \"سروە فەتاحی\" دانیشتووی شاری تارانەوە ئامادە کرابوو، درێژەی بەکارەکانی خۆی دا.

لەلایەکی دیکەوە \"نەرگس ئیبراهیمی\" خەڵکی شاری سنە بابەتێکی بەناوی \"سلسلە زندیە و زندگینامەی کریم خان زند\" پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
\"عومەر فارووقی\" توێژەری ناسراوی کوردی خەڵکی شاری سەقز بابەتیكی توێژینەوەیی بەناوی \"کورد، لوڕ و لەک لە جەرگەی مێزۆپۆتامیادا\" بۆ بەشدارانی ئەو فێستیڤاڵە خوێندەوە.

\"11346.jpg\"
رۆژی شەممە، کە رۆژی دووەمی فێستیڤال بوو ئەم بابەت و لێکۆڵینەوانە پێشکەش کران
سەرەتا بابەتێک لە ژێر ناوی \"کەریم خانی زەند سەرکردەیەکی ئازا و بوێر لە تەنگانەدا\" لەلایەن \" نەریمان مەجید \" خەڵکی دەربەندیخان پێشکەش کرا.

دواتر \"دەسەڵاتداریی خانی زەند دەرفەتێک بۆ کوردان ناوی وتارێک بوو کە \" لەلایەن \"گوڵاڵە دروودیان\" دانیشتووی شاری تارانەوە خوێندرایەوە.

لە پانێلێکی دیکەی ئەو فێستیڤاڵەدا توێژێنەوەیەک لە ژێر ناوی \"روانینی سیاسیی ئەمڕۆ بۆ دەسەڵاتداریی کەریم خانی زەند\" لەلایەن \"ئەکرەم مێهرداد\" خەڵکی شاری سلێمانییەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.

لر بڕگەیەکی دیکەی ئە فێستڤاڵەدا گفتوگۆیەکی کراوە بۆ لێکدانەوە و تاوتوێ کردنی بابەت و توێژینەوەکان هاتە ئاراوە.

\"11347.jpg\"
لە دوایین بڕگەدا کۆمەڵێک بابەت لە ژێر ناوەکانی \"اوضاع اجتماعی ایران در زمان کریم خان زند\" لەلایەن \"جەلال مورادی\" خەڵکی لوڕستان، \"ئایدۆلۆژیای دادپەروەردی سەردەمی ناجێگیر بوونی دەسەڵات\" ئەمجەد غوڵامی\" لە شاری بۆکان، \"کەریم خانی زەند دادپەروەر و رەوشت بەرزە شاهان\" لەلایەن ئیبراهیم کوێخا زەند\" لە گەرمیانەوە خوێندرانەوە.

رۆژی سێهەم و کۆتایی فێستیڤاڵ لە شاری خانەقین و لە سەنتەری رۆشنبیری ئەو شارە بەڕێوە دەچێت، کە تێدا کۆمەڵێک توێژینەوە و چالاکی پێشکەش دەکرێن.
هەروەها لە نێوئاخنی کاری فێستڤاڵدا گروپی مۆسیقای سەنتەری هاوبەشی لوڕ و گروپی مۆسیقای چریکەی ژنان لە شاری سنە کۆمەڵێک گۆرانی و مۆسیقا پێشکەش دەکەن و دواتر لێژنەی بەڕێوەبەری بە خەڵات کردنی توێژەرانی بەشدار، کۆتایی بەکارەکانی فێستیڤاڵ دێنێت.

وێنە:ماڵپەری خەندان