دوكتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا: بۆ بەشداری لە دووەمین كۆنفرانسی زمانی كوردی، مەرجی زانستیمان هەیە

16:35 - 13 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بڕیارە لە مانگی بەفرانباری هەتاوی یان سەرەتای ساڵی زایینی \"دووەمین كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی\" لەلایەن وەزراەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت.

دوكتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا سكرتێری‌ ئەكادیمیای‌ كوردی‌ لەم بارەوە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند: ئێمە وەكوو ئەكادیمیای كوردی بۆ ئەوەی بەشداری دووەمین كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی بین كۆمەڵێك مەرجی زانستیمان هەیە كە بریتیتن لە: لێژنەیەكی زانستی و باڵا پێك بهێنرێت، ئەو بابەت و تارانەی كە دەنێردرێن و بڕیارە لە كۆنفرانسدا پێشكەش بكرێن لەلایەن ئەو لێژنەوە تاوتوێ‌ و هەڵبسەنگێنرێن، باسی لاوەكی نەكرێت و لەو كۆنفرانسەدا باس لە كێشە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی زمانی كوردی بكرێت و هەروەها ئەو كەسانەی كە بۆ ئەو كۆنفرانسە بانگهێشت دەكرێن دەبێ‌ شارەزا و پسپۆڕی زمان بن و بە هاوئاهەنگیی هەموو لایەك بێت.

دوكتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا لە وەڵامی ئەو ئەو پرسیارەشدا كە بەپێی بەرنامە و پێڕەوی ئەكادیمیای كوردی هەموو پرس و گۆڕانكاری و بڕیارێك كە لەمەڕ زمانی كوردی بدرێت لە ئەستۆی ئەكادیمیایە، ئەی بۆچی ئێستا ئەم كۆنفرانسە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە بەڕێوە دەچێت، وتی: \"بەداخەوە ئەمەش بەرەنجامی ئەو پشێوی و كەموكووڕییە بەڕێوەبەری و زانستییانەیە كە لەناو دامەدەزگاكانی حكوومەتی هەرێمدا هەیە و وەزارەتێك كار و ئەكری خۆی راناپەڕێنێ‌ و دەپەرژێتە سەر كارێكی لاوەكی كە پێوەندیی بەوەوە نیە\".

ساڵی‌ رابردوو و لە رۆژانی 29ی گەلاوێژ هەتا 1ی خەرمانانی 1390ی هەتاوی ( 19 هەتا 22ی سێپتامبری 2011ی زایینی)‌بە بەشداری نزیكە بە250 كەس لە مامۆستایانی‌ زانكۆ و پسپۆڕانی‌ ئەو بوارە لە دەرەوە و ناوەوەی‌ كوردستان و ئەندامانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، بە دروشمی (زمان ناسنامەی نەتەوەییە) كۆنفرانسی زانستیی زمانی كوردی بەڕێوە چوو و لە كۆتاییدا كۆنفرانس بە دەركردنی‌ 14 راسپاردە كۆتایی بەكارەكانی‌ هێنا.