خەڵاتی هونەریی ماملێ بۆ ساڵی 2011، دەبەخشرێتە عەباس كەمەندی

18:43 - 27 بەفرانبار 2711
كوردپا: مەڵبەندی هونەریی ماملێ وەك نەریتی ساڵانە خەلاتی ماملێ پێشكەش بە هونەرمەندێكی كوردستان دەكات و بۆ ساڵی ٢٠١١هونەرمەند عەباسی كەمەندی بۆ بەربژێری ئەم خەڵاتە دەست نیشان كراوە.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ لە راگەیاندنێكدا كە نوسخەیەكی بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، نووسیویە، بۆ ئەمساڵ ئەم مەڵبەندە \"عەباسی كەمەندی\" هونەرمەندی ناسراوی كوردی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵات و دیارییە دەست نیشان كردوە.

لە درێژەی راگەیاندنەكەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ دا هاتووە كە: بەرێز مامۆستا عەباسی كەمەندی ماوەیەكی دوور و درێژە لە بوارەكانی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەكەماندا خزمەتێكی زۆری گۆرانی و مووزیكی كوردی كردووە و رۆڵ و نەخشی زێرینی خۆی لەنێو پانتایی فەرهەنگ و كولتووری گەلەكەیدا جێگیر كردووە، لەم روانگەیەوە و بۆ رێزگرتن لە ئەرك و خزمەتەكانی كاك عەباسی كەمەندی، كۆمیتەی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەو كەسایەتییە لێوەشاوەی دەست نیشان كردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ بۆساڵی ٢٠١١.

\"2475.jpg\"

ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە كە مەڵبەندی هونەریی ماملێ خەڵات دەبەخشێتە هونەرمەندانی داهێنەری كورد، پێشتر هەركام لە هونەرمەندان قادر عەبدوڵڵا زادە ناسراو بە \"قالە مەرە\" لە بۆكان لە ساڵی ٢٠٠٩ و ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە \"باكووری\" لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە.

بریاڕە ئەمساڵ لە بیرەوەریی سێزدەیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەند \"محەمەد ماملێ\" لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە شاری هەولێر بە ئامادە بوونی چەندین كەسایەتیی هونەری و فەرهەنگیی بەشە جیاجیاكانی كوردستان و میوانانی ناوخۆ و دەرەوە و بنەماڵەی ماملێ \"سێیەم خەڵاتی ماملێ\" ببەخشرێتە هونەرمەند عەباسی كەمەندی.

مەڵبەندی هونەری ماملێ لە دەهەمین ساڵوەگەری كۆچی دوایی هونەرمەند محەممەدی ماملێ رێكەوتی ١٩ی رەشەممەی ١٣٨٧ی هەتاوی بە ئامانجی هاندان و پەرە پێدان وگەشە پێدانی هونەر لە ناو كۆمەڵگای كوردەواری بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار كراوە دامەزراوە و ئامانجەكانی مەڵبەند بریتین لە:سازدانی سێمینار لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەكانی هونەری كوردی، گرتنی كۆڕ بۆ رێزگرتن و یادكردنەوە لە هونەرمەندانی كورد و دیاری كردنی خەڵاتی ماملێ بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە توانیێتیان داهێنان و سەركەوتن لە هونەر و مۆسیقای رەسەن و كولتوری كوردەواریدا بەدیهێنابێت.

بەپێی توانا، یارمەتی كردنی ئەو هونەرمەندانە‌، كە خاوەنی بەرهەم و شوێنەواری هونەری كوردەوارین، بەڵام بەهۆی ئاستەنگە جۆراوجۆرەكان، ناتوانن كارە هونەرییەكانیان گەشە پێ‌ بدەن.

\"2476.jpg\"
عەباس کەمەندی

عەباس كەمەندی ساڵ ١٣٣١ لە گەڕەكی \"جەورئاوا\"ی شاری سنە لەدایك بووە و جیا لە كاری مامۆستایەتی زۆرینەی هونەركانی تاقی كردۆتەوە و هەتا رادەیەكیش تێیاندا سەركەوتوو بووە، هەر بەم هۆیەوە بە \"پیاوی حەوت هونەر\"ناسراوە.

ماوەی ٣٤ ساڵ لە دەنگ و رەنگی شاری سنە كاری بێژەری، دووبلاژ، دەرهێنەری، ئاماەكار، ئەكتەری، نووسین و ... كردووە و یەكێك لە دەنگە رەسەن و سیحراوی و دەگمەنەكانی كوردە و لە بواری شیعریشدا دەستێكی باڵای هەیە و كاری زۆرینەی ئاواز و مۆسیقییەكانی هی خۆیەتی و گەلێك كاری لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی لەبارەی مۆسیقا، فەرهەنگ و فۆلكلۆری كورد و بەتایبەت دەڤەری هەورامان ئەنجام داوە كە هەتا ئێستا چاپ و بڵاو نەكراونەتەوە و ئێستاش سەرقاڵی نووسینی رۆمانێكی گەورەیە.