٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕرای تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «نازەنین حوسێنپوور»، ژنە لاوی ٣٤ ساڵانی خەڵکی پیرانشار و دایکی دوو منداڵی بچووک و هاوسەری تووشبوو بە شێرپەنجە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. هەروەها سەرەرای ئەوەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار وتبووی بەم زووانە ئازاد دەکرێت، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ۱۰ ڕۆژە بۆ نازەنین حوسێنپوور دەرکراوە و ناوبراو بۆ هاوکاری و دانپێدانانی زۆرەملێ لە چوارچێوەی ئەو سیناریۆیەی کە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار سەرقاڵی دارشتنیەتی لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندایە. لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، ئەو تەنانەت یەک پەیوەندیی تلفۆنیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵە یان نزیکەکانی نەبووە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کُردپا؛ تا پێنجەمین ڕۆژی دوای دەسبەسەرکردنی «نازەنین حوسێنپوور»، دامودەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لێدوانی دژبەیەکیان بە نزیکەکانی دابوو و وتبوویان بەم زووانە ئازاد دەکرێت و دۆسییەکەی دەنێردرێت بۆ دادگا؛ بەڵام هیچکام لەم بەڵێنانە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون. ئەمە لەحاڵێکدایە کە نازەنین حوسێنپوور بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و هاوکاری لەگەڵ ئەو سێناریۆیەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە بۆی دروست کردووە، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندایە. ئەو تەنانەت ئیزنی پەیوەندییەکی چەند چرکەییشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. هەروەها بڕیاری دەسبەسەرکردنی ۱۰ ڕۆژەی بۆ دەرکراوە.
شایانی باسە «نازەنین حوسێنپوور» ٣٤ ساڵەیە و ئاستی خوێندنی سەرەتاییە. لە زۆر حاڵەتدا، دامودەزگا ئەمنییەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا کەڵکئاوەژوو لە ئاستی نزمی خوێندنی دەسبەسەرکراوان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و ناچارکردنیان بۆ ئیمزاکردنی لاپەڕەکانی لێکۆڵینەوە دەکەن و دەیانخەنە ژێر گوشارەوە.
«نازەنین حوسێنپوور» خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵی بچووکە، کوڕێک و کچێک. هاوسەرەکەی چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و گرێیەک لە سەریدایە کە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی بەشێک لە جەستەی. هەروەها باوک و دایکی هاوسەری نازەنین کە بەساڵاچوون، لە بارودۆخێکی جەستەیی گونجاودا نین؛ خەزووری تووشی نەخۆشیی شەکرەیە و خەسووشی بەهۆی پچڕانی بڕبڕەی پشت زەمینگیر بووە. نازەنین چاودێریی هەر سێ کەسیانی دەکرد و هاوکات بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی منداڵە بچووکەکانیشی لەسەر شان بوو. ئێستا بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی نازەنین، بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی منداڵەکانی و هاوسەرە نەخۆشەکەی کەوتووەتە سەر شانی باوک و دایکی بەساڵاچوو و نەخۆشی هاوسەرەکەی.
شایانی باسە بنەماڵە و باوک و دایکی «نازەنین حوسێنپوور» لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێرانن و ئەو تاقە ئەندامی بنەماڵەکەیە کە لە ئێراندا دەژێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «نازەنین حوسێنپوور»، کچی سلێمان میرزا و خەڵکی گوندی «شێناوێ»ی سەر بە پیرانشار، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. نازەنین حوسێنپوور هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.





