حوکمی دەسبەسەرکردن بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ "موژگان کاووسی" دەر کراوە

12:59 - 26 بانەمەڕ 2720

"موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی کوردی یارسانی، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

ئەو نووسەرە ڕایگەیاندووە: "هەتا ئێستا ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە خۆناساندنم بە زیندان بە دەستم نەگەیشتووە".

ناوبراو پاش ئەو هەوڵەی لە لقی دووی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگوستەریی شاری "نەوشەهر" نووسراوەیەک لەژێر ناوی "حوکمی دەسبەسەرکردنی بە جێگای بانگهێشتنامە" بڵاو کردووەتەوە.

ئەو نووسەرە کوردە دەڵێت: "لە باسی دۆسیەسازیی ئیتلاعات و سپای پاسداران دەگوزەرێم، تەنیا باسی ئەم سێ ڕۆژە دواییە دەکەم. لەم قۆناغە و بەپێی ڕەواڵی یاسایی، دەبا من لە لقی بەڕێوەبەریی تاوانەکان ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بە کاتی خۆناساندنم بە زیندانیان بۆ بناردایەتم. سەرەڕای ئەوەیکە ماوەی دوو حەوتوو پێش کورتە پیامێک لە سەنا سەبارەت بە تۆمارکردنی دۆسیەکەم لە لقی بەڕێوەبەریی تاوانەکانم وەرگرت، چاوەڕێی نامەی ئاگادارکردنەوەی  خۆناساندنم بە زیندان بووم بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەم. لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە ٥ مانگ لە ئازادبوونی کاتیی من بە دانانی بارمتە، هەنووکە کەرەستە شەخسییەکانمیان پێ نەداونەتەوە. ئەم کەرەستە و کەلوپەلانە بۆ لێکۆڵینەوە بە حوکمی دادوەریی دادگا، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆماندا و لە کاتی دەسبەسەرکردندا، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دەستی بەسەردا گیراوە و هەنووکە پێیان نەدراوەتەوە".

ناوبراو هەروەها  دەڵێت: "هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٩٩، هاوژینەکەم جارێکی دیکە سەردانی لقی دووی دادگای بەڕێوەبەریی تاوانەکانی شاری نەوشەهری کردبوو و لەگەڵ لێپرسی دۆسیەکەم قسەی کردبووە کە سەرەڕای پێدانی دوو داواکاری من بە ناوبراو بۆ موڵەتپێدان بە کۆتاییهاتنی ماوەی تاقیکاریی پزیشکی و دەوا و دەرمانەکانم و هەروەها دانەوەی کەرەستەکانمان، ئاماژەی بە نەبوونی بانگهێشتنامەی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەم کردبوو؛ دادیاری دادگا لە وڵامدا، پێی ڕاگەیاندبووە کە بۆ تاوانبارانی ئەمنییەتی بانگهێشتنامە نانێردرێت و لە قۆناغی یەکەم تەنیا حوکمی دەسبەسەرکرانی بۆ دەبرێتەوە".

دەقی تەواوی ئەم نووسراوەیە لە بەشی فارسیی "کوردپا"دایە.