بۆکان؛ دەسبەسەرکردنی زەکەریا باسار دوای بەبارمتەگیرانی باوکی؛ باوک و کوڕەکە تا ئێستاش دەسبەسەرن

13:31 - 24 گەلاوێژ 2726

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد لە شاری بۆکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «زەکەریا باسار»، هاوڵاتیی خەڵکی بۆکانیش دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ئەوە دەسبەسەر کرا کە باوکی، «ئیسماعیل باسار» دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو تا کاتێک «زەکەریا باسار» خۆی ڕادەستی دامەزراوە ئەمنییەکان نەکات، باوکی ئازاد ناکرێت. بەم حاڵەشەوە، تا ئێستا هەردووکیان، باوک و کوڕەکە، لە گرتنگەی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بۆکاندا ماونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان «ئیسماعیل باسار»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکانیان بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کردبوو و وتبوویان تا کوڕەکەی بە ناوی «زەکەریا باسار» خۆی بە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان نەناسێنێت، «ئیسماعیل باسار» ئازاد ناکرێت.

سەرلەبەیانیی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «زەکەریا باسار»، لاوی کورد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا؛ بەم حاڵەشەوە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەم باوک و هەم کوڕەکە لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەرن.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردانە زانیاری لەبەردەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم باریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

بە دەسبەسەرکردنی ئیسماعیل باسار و زەکەریا باسار، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵکی بۆکان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ەوە، گەیشتووەتە ٧ کەس. «ئومید چاو‌باز»، «سدیق کەریمی»، زیندانیی سیاسیی پێشوو، «هادی عەزیزی»، چالاکی مەدەنی، «شوانە دیوازی»، «لوقمان قوربانی» و «محەممەد حاجیزادە» لە دەسبەسەرکراوانی دیکەی ئەم شەپۆلەن.