ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە بۆکان گەیشتە ٦ کەس؛ لوقمان قوربانی و محەممەد حاجیزادەش دەسبەسەر کران
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد لە بۆکان، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی «لوقمان قوربانی» و «محەممەد حاجیزادە» بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکردنی «ئومید چاوباز»، «سدیق کەریمی»، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، «هادی عەزیزی»، چالاکی مەدەنی، و «شوانە دیوازی»ی بڵاو کردبووەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «لوقمان قوربانی»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها لاوێکی ٢٣ ساڵانی دیکەی کورد بە ناوی «محەممەد حاجیزادە»، کوڕی ئەسعەد و خەڵکی گوندی «گامێشگولی»ی بۆکان، ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بە بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.