مەهاباد؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەمیر سولەیمانی، لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسی و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کوردستانی ئێران، «ئەمیر سولەیمانی»، هاوڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵانی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەر بە ناوچەی «شاروێرانی» مەهاباد و لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ئەمیر سولەیمانی»، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٤ ساڵانی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەر بە ناوچەی «شاروێرانی» مەهاباد، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەمیر سولەیمانی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو برای یەکێک لە چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران بە ناوی «حیسام سولەیمانی»یە. گوشارخستنە سەر بنەماڵەی چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، لە ڕێکارە پێکهاتەیی و ترسێنەرەکان دژ بە هاوڵاتییانی کوردە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.