میاندواو؛٢٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ناسر ڕەسووڵزادە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ

15:08 - 24 گەلاوێژ 2726

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ناسر ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی میاندواو و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاوڵاتییە کوردە لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ناسر ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی گوندی «گامێش‌گولی»ی میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و پاشان بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا. تا ئێستا زانیارییەک ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناسر ڕەسووڵزادە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ئاوایی «سەرچنار» لە دابەشکارییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەر بە شاری میاندواو ئەژمار دەکرێت، بەڵام زۆرێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، ئاواییەکە سەر بە شاری بۆکان دەزانن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم گۆرانکارییە لە دابەشکاریی وڵات بە ئامانجی گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووی داوە.

هاوکات، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییان لە بۆکان دەستی پێکردووە و تا ئێستا بووەتە هۆی دەسبەسەرکردنی حەوت هاوڵاتیی کورد. ئەم کەسانە بریتیین لە: «ئیسماعیل باسار»، «زەکەریا بادسار» باوک و کوڕ، «ئومید چاو‌باز»، «سدیق کەریمی» زیندانیی سیاسیی پێشوو، «هادی عەزیزی» چالاکی مەدەنی، «لوقمان قوربانی» و «محەممەد حاجیزادە».