بەهۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەكان كوڵبەرێك لە ناوچەی سەردەشت بریندار بوو

19:13 - 27 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەردەشت بۆ سەر كاسبكاران و كوڵبەرانی كورد هاووڵاتییەك بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەردەشت، رێكەوتی ٢٧ی بەفرانبار كاسبكارێك بە ناوی ئیبراهیم ئەحمەدی کوری حوسێن ، خەڵكی بێتووش لە شوێنێك بە ناوی \"قایر مەیس\" لە پشت گوندی مێرگاسێ‌ لە ناوچەی ئالان، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەكان بە توندی بریندار بووە.

بە وتەی شایەتحالان هەر لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا كۆمەڵێك ئەسبی بارهەڵگری كاسبكارانیش بە كووشت چوون.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە چوار مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا ٥٢ كوڵبەری كورد لە سنوورەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە تەقەی هێزە نیزامییەكان كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢٨ كوڵبەری كورد گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە و ٢٤ی دیكەش بریندار كراون.

ئاماری راستە قینە دەكرێ‌ لەوەش زیاتر بێت.

وێنە : فارس