بە بەشداریی منداڵان چالاکیی نەمام چاندن، لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو

14:33 - 16 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری بۆکان بەبۆنەی رۆژی \"دار و دارچاندن\" لە دەوروبەری ئەو شارە چالاکییەکی نەمام چاندیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، روژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی رەشەممە، ئیدارەی ژینگەپاریزیی شاری بۆکان بە بەشداریی منداڵانی باخچەی ساوایانی ئەو شارە نزیک بە ١٠٠٠ بن نەمامیان لە چیای \"کێوەڕەش\" و \"بەری میراوا\" چاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: مەبەست لە بەشداری کردنی منداڵان لەو چالاکییەدا، بارهێنانی منداڵان بە فەرهەنگی ژینگە دۆستی و پاراستنی ژینگە بووە.

\"11421.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لەو چالاکییەدا نەمامەکانی \"کاج، بادام، سێو و چوالە\" کە لەلایەن ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری بۆکانەوە دابین کرابوون، چێندراون.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا دەستەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ٦٢٠ بن \"نەمام\"یان لە دەوروبەری گوندی \"جێژنی ئاوا\"ی سەربەو شارە چاندبوو.

کارناسانی ژینگەپارێزی لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەماوەی ساڵانی رابردوودا چالاکیی نەمام چاندن، یان ئاوڕدانەوە لە ژینگە لەلایەن حکوومەتەوە لە کەمترین ئاستدا بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە رێژەی \"فرسایش ( سوان)\"ی زەوی لە وڵاتی ئێراندا بەوپەڕی خۆی بگات و هەنووکە وڵاتی ئێران لە ئاستی جیهاندا پلەی یەکەمی لە سوانی زەویدا هەیە.

وێنە: زریان