سنە؛ مەجید کەریمی و غیاس نێعمەتی بەبێ وەرگرتنی بەرگری سزای کڕینەوەی زۆرەملێی خزمەتی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپێندرا

14:29 - 23 گەلاوێژ 2726

٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، «مەجید کەریمی» و «غیاس نێعمەتی»، دوو مامۆستای کوردی خەڵکی سنە و لە چالاکوانانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، دوای ساڵێک لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕادەستکردنی دۆسییەی سەرپێچیی ئیداری و لە کاتێکدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرەوڕووی بێبەشکردن لە خزمەت بووبوونەوە، لە کۆتاییدا لەلایەن لێژنەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکانەوە، بەبێ بەهرەمەندبوون لە مافی بەرگری بە ئامادەبوونی خۆیان و بەپێچەوانەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو لەلایەن لێژنەی باڵای چاوەدێرییەوە، سزای کڕینەوەی زۆرەملێی (بازخرید اجباری) خزمەتی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپێندرا.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی؛ لە گەلاوێژی ١٤٠٤، «مەجید کەریمی»، «غیاس نێعمەتی» و «جەهانگیر بەهمەنی» بە بڕیاری دەستەی ڕاپەڕاندنی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە خزمەت بێبەش کران. دوای مانگەکان لە بەدواداچوونی یاسایی، لێژنەی باڵای چاوەدێری بەسەر ڕاپەڕاندنی سەرپێچییەکانی ئیداری لە پووشپەڕی ١٤٠٥ ئەم بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە و دۆسییەکانی بۆ ڕادەستکردنەوەی دووبارە ڕەوانەی دەستەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە کردەوە و بەپێی ئەم بڕیارە، ئەم سێ مامۆستایە تا کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، بە شێوەیەکی کاتی گەڕانەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن.

لە کۆتاییدا، لێژنەی پێداچوونەوە بەبێ بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ پێشکەشکردنی بەرگری بە ئامادەبوونی خۆیان و بە پشتبەستن بە پێشینەیان، بڕیارێکی نوێی دەرکرد. بەپێی ئەم بڕیارە، سزای دابڕانی هەمیشەیی (انفصال دائم) لە خزمەتی «مەجید کەریمی» و سزای دەرکردنی هەمیشەیی «غیاس نێعمەتی» بۆ «کڕینەوەی خزمەت» (بازخرید خدمت) گۆڕدرا؛ بڕیارێک کە لە کرداردا بە واتای بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی مامۆستایەتی، بڕینی مووچە و بیمە و زەوتکردنی مافە پیشەییەکانە و جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ دەرکردن نییە. هەروەها سزای دەرکردنی هەمیشەیی «جەهانگیر بەهمەنی» بۆ شەش مانگ دابڕان لە خزمەت (انفصال از خدمت) کەم کرایەوە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران دەرکردنی ئەم بڕیارانەی بە بەردەوامیی بەرەوڕووبوونەوە ئیداری و ئەمنییەکان لەگەڵ مامۆستایانی ڕەخنەگر و چالاکوانی سێنفی زانیوە و پێی وایە گۆڕینی بڕیارەکانی پێشوو، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەیان لەلایەن لێژنەی باڵای چاوەدێرییەوە، لەگەڵ ناوەڕۆکی بڕیاری ئەم ناوەندە و پێداویستییەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانەدا ناگونجێت. ئەم ئەنجومەنە وێڕای مەحکوومکردنی بێبەشکردنی مامۆستایان لە مافی کارکردن، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە دەرچووەکان، گەڕانەوەی بێمەرجی «مەجید کەریمی» و «غیاس نێعمەتی» بۆ پۆلەکانی خوێندن و کۆتاییهێنان بە دۆسییەسازکردن و بەرەوڕووبوونەوەی ئەمنی و ئیداری دژی چالاکوانی سێنفیی فەرهەنگییان دەکات.

لە هەمان پەیوەندیدا بخوێننەوە:
 

سەرکوتکردنی چالاکوانانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان؛ لە بڕیاری دەرکردن و دابڕانەوە تا خانەنشینکردنی زۆرەملێ و بێبەشکردنی ئیداری دژی ١٥ مامۆستای کورد لە سنە، دیواندەرە و سەقز

سنە؛ دۆسییەسازی و بانگکردنی ١٥ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بۆ لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری ٢ی سنە

مامۆستایانی کوردستان؛ ئەگەر پادگانیکردنی قوتابخانەکان و هەزاران دۆسیەسازکردن کۆتایی نەیەت دەست بە چالاکییە ناڕەزایەتییەکان دەکەینەوە

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرکۆنەکردنی سەرکوتکردنی مامۆستایانی کوردستان و پشتیوانیکردن لە مافە صنفی و مەدەنییەکانیان