سنە؛ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ئاوات کەرەمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

20:44 - 21 گەلاوێژ 2726

ئێوارەی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ئاوات کەرەمی»، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی «نگڵ»ی سەر بە سنە، بەبێ بەڵگەی دادوەر و بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکوانە دوای دەسبەسەرکردنی لە مافی هەبوونی پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەشی بۆ زانینی چارەنووسی بێئاکام بووە. تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ناوبراو نەزانراوە.

ئاوات کەرەمی پێشتریش لە ڕێکەوتی ۲۶ی بەفرانباری ۱۳۹۷دا دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» سزای ٤۰ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.