بۆکان؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی شوانە دیوازی و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی ناڕوون

14:35 - 23 گەلاوێژ 2726

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، نزیکەی کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی «شوانە دیوازی»، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی «سەرچنار» و دەسبەسەریان کرد. ئەم هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی ناڕوون ڕاگوێزراوە.

شوانە دیوازی، تەمەن ٤٤ ساڵان، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

ئاوایی «سەرچنار» لە دابەشکارییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەر بە شارستانی میاندواو ئەژمار دەکرێت، بەڵام زۆرێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، ئاواییەکە سەر بە شاری بۆکان دەزانن.