مێهران/ئیلام؛ ٣ ڕۆژ دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ئاریەن تەروەند، لە بنەماڵەی گیانبەختکردوو سەعید تەروەند، گیانلەدەستداوی بەفرانباری ١٤٠٤

14:46 - 23 گەلاوێژ 2726

٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ئاریەن تەروەند»، لاوی کوردی ٢١ ساڵانی خەڵکی «مێهران»ی سەر بە پارێزگای ئیلام و ئامۆزای «سەعید تەروەند»، گیانلەدەستداوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئابادان، هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ئاریەن تەروەند»، لاوی کوردی ٢١ ساڵانی خەڵکی «مێهران»ی سەر بە ئیلام، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان و لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لەکاتێکدا کە چاو و دەستەکانی بەسترابوونەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر شوێنی دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەودا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

«ئاریەن تەروەند»، ئامۆزای «سەعید تەروەند»، گیانلەدەستداوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی ئابادانە.

«سەعید تەروەند»، لاوی ٣٣ ساڵانی کوردی خەڵکی «مێهران»ی سەر بە ئیلام و پەیمانکاری کۆمپانیای نەوت لە ئابادان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئاباداندا، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی لەدەست دا.