ئاماری لەسێدارەدان لە مانگی ٧ی زایینیدا؛ تۆمارکردنی ٧١ لەسێدارەدان لە ٢٦ بەندیخانەی ئێراندا؛ لەسێدارەدانی ٧ بەندکراوی سیاسی لە شوێنی نادیار و لەبەر چاوی خەڵکەوە

21:17 - 17 گەلاوێژ 2726

١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی «کوردپا» لە مانگی حەوتەمی زایینیی ۲۰۲۶دا، لەسێدارەدانی لانیکەم ٧١ کەسی لە ٢٦ بەندیخانەی ئێراندا تۆمار کردووە، کە ٦ حاڵەتیان لە شوێنی نادیار و ۲ کەسیان لەبەر چاوی خەڵکەوە بووە. لەم نێوانەدا، ٧ بەندکراوی سیاسی (پێکهاتوو لە ٦ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی) و ٢ بەندکراوی ئەمنییەتی لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان، زیاتر لە ٥٠٪ لە پەیوەندیی بە «کوشتن» و ٣٦٪ لە پەیوەندی لەگەڵ «ماددە هۆشبەرەکان»ـەوە لە سێدارە دراون. هەروەها دوو کەسیان ژن، یەکیان منداڵ-تاوانبار و کەسێکی دیکەیش ئەگەری هەیە منداڵ-تاوانبار بووبێت.

کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانەکان لە ٦ مانگی یەکەمی ۲۰۲۶دا، ئاماری ٣٥٩ کەسی تۆمار کردووە و لە پەیوەندی لەگەڵ زانیارییە ئامارییەکان لە ۱۵ ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدانی ۹,۱۴۹ کەسی تۆمار کردووە.

نیشاندانەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە ژوئییەی ۲۰۲۶دا؛

٧١ کەس لە ٢٦ بەندیخانەی ئێراندا، ٦ کەس لە شوێنی نادیار و ٢ کەس لەبەر چاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.

لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا، ٧ کەسیان هاووڵاتیی کورد، ٤ کەس هاووڵاتیی بەلووچ، ١ کەس هاووڵاتیی تورک، ١ کەس هاووڵاتیی تورکمان و ٤ کەسیان هاوولاتیی وڵاتی ئەفغانستان بوون.

٦ بەندکراوی سیاسی و ناڕازیی بەفرانباری ١٤٠٤، لەوانە «محەممەدئەمین دەهاقانی»، «عرفان ئێسفەندیاری»، «گوڵمحەممەد محەممەدی»، «مێهدی خانەکی»، «ئەبولفەزل سپاهی بادجانی» و «ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێن‌ئابادی»، بە تۆمەتەکانی «سیخوڕی»، «موحاربه»، «افساد فی الارض»، «تێکدانی موڵکی گشتی» و «کوشتن» لە شوێنی نادیاردا و لەم نێوانەدا «ئەبولفەزل سپاهی بادجانی» و «ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێن‌ئابادی» لەبەر چاوی خەڵکەوە لە ئێسفەهان لە سێدارە دران.

«عارف خۆشکار»، زیندانیی سیاسی و دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیش لە بەندیخانەی قزڵحەسار بە تۆمەتی «کوشتنی کەسێکی حكوومەتی» لە سێدارە درا.

هەروەها «مەحیەدین عەبدوڵڵاهی» و «حوسێن پاڵانی»، دوو هاووڵاتیی کورد، بە تۆمەتی «بەغی» لە پەیوەندی لەگەڵ «داعش» لە سێدارە دران.

لەم نێوانەدا، ٣٦ کەس بە تۆمەتی کوشتن، ٢٦ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی «دەستدرێژیی سێکسی» لە سێدارە دراوە.

لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا، ٢ کەسیان ژن بوون و هاووڵاتییەکی کورد بە ناوەی «فەرزاد سوبحانی»، خەڵکی نەغەدە، لە کاتی تۆمەتی «ئەنجامدانی کوشتن»دا تەمەنی ژێر ۱۸ ساڵ بووە. هەروەها «مەیسەم ئیرەندگانی»، هاووڵاتیی بەلووچی لەسێدارەدراو لە ئێرانشار بە تۆمەتی «کوشتن»، ئەگەری هەیە تەمەنی ژێر ۱۸ ساڵ بووبێت.

لە نێوان ٧١ کەسی لەسێدارەدراودا، زیاتر لە ٩٤٪ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومتەوە ڕانەگەیەندراون و ٦٧٪یان بە شێوەی گرووپی ٢ تا چەند کەسی لە سێدارە دراون. بەڵام حکوومەت هەواڵی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی یان بەندکراوانی بە تۆمەتی «ئەمنی»ی بە تەواوی میدیایی کردووە.

 

له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بخوێننه‌وه‌؛ زانیارییە پێکهاتەیییەکانی لەسێدارەدان لە ۱۵ ساڵی ڕابردوودا (۲۰۱۲ – نیوەی یەکەمی ۲۰۲۶)؛
 

ئاماری نیوەی یەکەمی ۲۰۲۶: لە نێوان زیاتر لە ٣٥٩ لەسێدارەدان لە سەرانسەری ئێراندا، کوردەکان بە ٣٠ کەس و بەلووچەکان بە ٢٨ کەس بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی ئێتنیکییان هەبووە. ٩ کەس لە لەسێدارەدراوەکان ژن و ٤ کەس لە بەرچاوی خەڵکەوە هەڵواسراون.

بەرزبوونەوەی بێوێنەی لەسێدارەدانی سیاسی: تەنیا لە ماوەی ٥ مانگدا، لە ۲۷ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە تا ۲۶ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سزای لەسێدارەدانی ٤٦ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی بە شێوەیەکی بەپەلە و نادیار جێبەجێ کراوە، کە بەرزترین ئامار لە کورتترین مەودای زەمەنیی دوای دەیەی ۱۳۶۰ـە. ئەم ژمارەیە لە ۲۰ ناڕازیی بەفرانباری ١٤٠٤، ۱۴ تۆمەتباری سیخوڕی (بە بەرزبوونەوەیەکی بێوێنە لە ساڵانی ۲۰۲۵ و ۲۰۲۶دا)، ۱۱ تۆمەتباری «بەغی» و ناڕازییەکی ژن، ژیان، ئازادییە کە ڤیدیۆی ددانپێدانانی زۆرەملێی ۳۰ کەسیان بڵاو کرایەوە، پێکهاتووە.

دیارکەری ۱۵ ساڵە (۲۰۱۲ تا ۲۰۲۶): لە کۆی لانیکەم ۹,۰۷۸ لەسێدارەدان لە وڵاتدا، بە تۆمارکردنی ۱,۵۶۳ حاڵەت لە ساڵی ۲۰۲۵دا، لەسێدارەدانی ۲۵۰ ژن، ۵۰ منداڵ-تاوانبار و ۲۹۷ حاڵەت لەبەر چاوی خەڵکەوە، ناسنامەی ۹۸۰ هاووڵاتیی کورد پشتڕاست کراوەتەوە.

پێنوێنی چەوسانەوەی پێکهاتەیی و ئێتنیکی: کوردەکان سەرباری ئەوەی زیاتر لە ۱۰٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، ٣٠٪ی کۆی لەسێدارەدانە سیاسییەکان (پێکهااتوو لە ٤٥ کەس لە ۱۴۹ کەس) و ۸۲٪ی لەسێدارەدانە ئایینی/عەقیدەتییەکان (پێکهاتوو لە ۲۴ کەس لە ۲۹ کەس) لە سەرانسەری وڵاتیان بەرکەوتووە.

 

شێوازە سیستماتیکەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کوردەکان:
 

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان: ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوە سیاسییە کوردەکان بە بنەماڵەکانیان لە زیاتر لە ۹۵٪ی حاڵەتەکاندا.

بێبەشکردن لە مافی بەرگری: بێبەشکردنی ڕەها لە پارێزەری سەربەخۆ و داڕشتنی ڕواڵەتیی دۆسییەکان لەلایەن پارێزەرە دەستنیشانکراوە ئەمنییەکانەوە، وەک دۆسییەی مێهرداد محەممەدی‌نیا.

گوشارە چەندلایەنەکان: ئەشکەنجەی جوغرافیایی، گواستنەوە بۆ تاران و ناوەندی پارێزگاکان، تۆڵەسەندنەوەی ئابووری لە بنەماڵەکان، بڕینی یارانه و مووچەی مانگانە، سڕینەوەی جوغرافیا لە خەڵکی خۆجێیی، پەیڕوکردنی ڕقی ئێتنیکی لەلایەن دادوەرە بێگانەکانەوە لە کوردستان، و بەکارهێنانی خولی «لەسێدارەدانی پێشگیرانە» بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە.

لە هەمان پەیوەندیدا بخوێننەوە؛  ڕاپۆرتی ٦ مانگ سەرکوتکاریی پێکهاتەیی؛ زیاتر لە ١٤٣٠ حاڵەتی پێشێلکاریی زەقی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان