کۆتۆل؛ ٥ ڕۆژ دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی بەهمەن مۆدیرزادە، ئەندامی شۆرای شار، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە دژی لەسێدارەدان

20:33 - 17 گەلاوێژ 2726

١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی «بەهمەن مۆدیرزادە»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کۆتۆل و ئەندامی شۆرای شاری ئەم شارە، کە لە دژی لەسێدارەدان ستۆرییەکی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاو کردبووەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: «بەهمەن مۆدیرزادە»، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵەی خەڵکی کۆتۆل سەر بە ورمێ و لە ئەندامانی شۆرای شاری ئەم شارە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای شاری "خۆی"ەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەم سەرچاوەیە، دەسبەسەرکردنی ناوبراوی پێوەندیدار بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە دژی لەسێدارەدان لە ئینستاگرام زانی.

بەم پێیە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێزە ئەمنییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ هۆکارێکی ڕوونیان ڕانەگەیاندووە و لە ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەشیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.