بۆجنوورد؛ شەهریار محەممەدی بریمانلو، زۆرانبازی کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، بە ٢ ساڵ بەندکران سزا درا
١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «شەهریار محەممەدی بریمانلو»، لاوی کوردی کرمانج و خەڵکی «بۆجنوورد» لە سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە هۆزی «بریمانلو» و زۆرانباز، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی بۆجنووردەوە سزای بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێنرا و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: «شەهریار محەممەدی بریمانلو»، لاوی ٢٠ ساڵەی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد، لەلایەن لقی دووەمی دادگای ئینقلابی بۆجنووردەوە بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات» سەرەتا بە ٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا، بەڵام دواتر ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو لە دادگای سەرەتاییدا لە مافی بوونی پارێزەر بێبەش کرابوو، بەڵام بۆ ناڕەزایەتیدان بە بڕیارەکە لە ڕێگەی پارێزەرەوە پەنای بۆ دادگای پێداچوونەوە بردووە. ئەم بڕیارە لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥دا پێی ڕاگەیەندراوە و دەبێت مانگێکی تر خۆی ڕادەستی بەندیخانە بکات بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی.
«شەهریار محەممەدی بریمانلو» لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ پێدانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای هەشت ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی بۆجنوورد ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش ببوو.
«شەهریار محەممەدی بریمانلو» لاوێکی ٢٠ ساڵانی کوردی کرمانج و لە هۆزی «بڕیمانلو» لە بۆجنووردە؛ هۆزێک کە بە وەرزشی زۆرانبازییەوە ناسراوە.