ڕاپۆرتی ٦ مانگ سەرکوتکاریی پێکهاتەیی؛ زیاتر لە ١٤٣٠ حاڵەتی پێشێلکاریی زەقی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان
ئەم ڕاپۆرتە بەڵگەنامەیییە، کورتەیەکی گشتگیرە لە ڕەهەند، شێواز و دەرهاویشتە پێکهاتەیییەکان و ئاماری پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ دژ بە هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا کە وردەکاری، ناسنامە و تایبەتمەندییەکانیان لەلایەن «کوردپا»وە تۆمار کراوە. سەرنجی سەرەکیی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر قۆناغی توندی سەرکوتکاریی دوای خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و شیکردنەوەی دەرهاویشتە مرۆیی و مەدەنییەکانی شەڕی ئەم دواییانەیە.
مەودای جوگرافیی ئەم بەڵگەنامەکردنە، پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام، خۆراسانی باکوور و خۆراسانی ڕەزەوی دەگرێتەوە و هاوکات دۆخی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێراندا (وەک تاران، کەرەج و مەشهەد) دەسبەسەر کراون یان کوژراون و قوربانییانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەرەوەی سنوور لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە.
کوردپا راشکاوانە جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی پچڕانی بەربڵاوی ئینتێرنێت، سەپاندنی لایەنی توندی ئەمنییەتی، شاردنەوەی ئەندازیاریکراوی دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان و هەڕەشەکردن یان دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی قوربانیان، ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی سەرکوت و ماشینی کوشتن زۆر بەربڵاوتر لەم ئامارانەی خوارەوەیە. ئامارەکان لەم ترازنامەیەدا، تەنیا «ئەو حاڵەتانەن کە ناسنامەیان بە تەواوی پشتڕاست کراوەتەوە» و وەک ئاماری کۆتایی سەیر ناکرێن.
نواندنی کۆمەڵگەی ئاماری؛
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، کۆی گشتی ١,٤٣١ حاڵەتی سەربەخۆ لە پێشێلکردنی مافی ژیان، زەوتکردنی ئازادی، ئەشکەنجە و بەسەربازگەییکردنی کۆمەڵگە دژ بە هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە:
کوشتار لەی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤: پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ٢٣١ گیانبلەدەستداوی کورد (پێکهاتوو لە ١٥ ژن و ٢٠ منداڵ)؛ کوشتنی ئامانجدارى قوربانیان بە چەکی جەنگی و تۆمارکردنی وردەکاریی باری کەسی و زانیاریی ٦٣ بریندار.
ماشینی سزای لەسێدارەدان (١٥ ساڵە): لەسێدارەدانی ٣٠ کورد (لەوانە ٨ زیندانیی سیاسی کە دانپێدانانی زۆرەملێی ٦ کەسیان بڵاو کرایەوە) لە نێوان ٣٥٩ لەسێدارەدانی گشتیی وڵات لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦؛ لەسێدارەدانی نهێنیی ٤٦ زیندانیی سیاسی لە ماوەی ٥ مانگدا. پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ٩٨٠ لەسێدارەدراوی کورد لە ترازنامەی ١٥ ساڵەدا (کە ٣٠٪ی کۆی لەسێدارەدانە سیاسییەکانی ئێران پێکدەهێنێت).
دەسبەسەرکردنی ئەمنی و ئەشکەنجە: تۆمارکردنی ناسنامەی ٦٥٤ دەسبەسەرکراوی کورد (پێکهاتوو لە ٣٠ ژن و ٤٠ منداڵ)؛ بەڵگەنامەکردنی ١١ حاڵەتی دانپێدانانی زۆرەملێ بە دەموچاوی داپۆشراوەوە، ١٢ حاڵەتی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و ٨ حاڵەتی تەقەکردن یان لێدان لە کاتی دەسبەسەرکردندا.
بەسەربازگەییکردنی ژیانی مەدەنی: جێبەجێکردنی ستراتێژیی حکوومەت نیزامی لە ١٢ شاردا، ٤٠ حاڵەتی داگیرکردنی شوێنە گشتییەکان (نەخۆشخانەکانی سەقز و بانە، قوتابخانە و مزگەوتەکان) وەک قەڵغانی مرۆیی و دوورخستنەوەی سزایی ١٥٠ زیندانیی ناڕازی لە زیندانی مەهاباد.
دەرهاوێشتەکانی شەڕ و هێرشەکانی دەرەوەی سنوورەکان: گیانلەدەستدانی ٢٩ کەسی مەدەنی و ٦ هاووڵاتیی مەدەنی لە ناوخۆ؛ تەقاندنی زیاتر لە ٨٣٠ مووشەک و دڕۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە ٢٠ کوژراو (٩ پێشمەرگەی کورد و ٣ مەدەنی و...)
قوربانیانی تەقینەوەی مین (١٤ ساڵە): ٢ کوژراو لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦دا. لە ئاماری درێژخایەندا، ٤٨٣ هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی (١٣١ کوژراو، ٣٥٢ بریندار)؛ پێکهاتوو لە ٩٧ کۆڵبەر و ٦١ منداڵ، لەگەڵ هەڵپەساردنی سیاسیی دۆسییەکان و ڕێژەی ٧٣ لەسەدی کەمئەندامیی هەمیشەیی.
کوشتاری پێکهاتەیی کۆڵبەران (١٥ ساڵە): ٢ کوژراو و ٤ بریندار لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا. لە ترازنامەی ١٥ ساڵەدا، لە کۆی گشتیدا ٢,٦١٣ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی (٦٦۷ کوژراو، ١,٩٤٦ بریندار)؛ پێکهاتوو لە ٤٣ منداڵ. تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازی هۆکاری ٧٣٪ی ئەم زیانانەیە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا، بەڵگەنامە وردەکان، شێوازە پێکهاتەیییەکانی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیبوون و لێکۆڵینەوەی مەیدانیی هەر یەک لەم ٧ بەشە بە جیا پێشکەش کراوە:
١. کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان (بەفرانباری ١٤٠٤ / ژانویەی ٢٠٢٦)
ئامار و دێمۆگرافیای گیانلەدەستداوان: ڕێکخراوی کوردپا ناسنامەی سەرەتایی ٢٣١ هاووڵاتیی کوردی گیانلەدەستداوی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا پشتڕاست کردووەتەوە. لووتکەی کاتیی کوشتارەکە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا ڕووی دا و پێکهاتەی قوربانیان پێکهاتبوو لە ١٥ ژن، ٢٠ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ، ١٧ تەمەن مامناوەند و ئەوانی دیکە لە لاوان بوون.
بڵاوبوونەوەی جوگرافی و هەمەجۆریی پیشەیی: ١٠٩ کەس لە قوربانییان لە دەرەوەی کوردستان (زیاتر لە تاران، کەرەج و مەشهەد) گیانیان لەدەست داوە؛ حاڵەتەکانی دیکەی تۆمارکراو پێکهاتوو لە ٩٢ کەس لە کرماشان، ١٧ کەس لە ئیلام، ١٤ کەس لە خوراسانی ڕەزەوی و ١١ کەس لە خوراسانی باکوورە. لە ڕووی پیشەییەوە، گیانلەدەستداوان پێکهاتوون لە ١٨ کرێکار، ١٣ وەرزشوان، ٨ خوێندکاری زانکۆ، ٦ کادری دەرمان، ٣ قوتابی، ١ مامۆستای زانکۆ، ١ مامۆستای قوتابخانە، ٢ ئەندازیار و ٢ کارمەند.
ئامرازی سەرکوت و کوشتار: زۆرینەی ڕەهای قوربانییان بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللـەی جەنگی گیانیان لەدەست داوە. لانیکەم ٩ کەس بە گولـلەی ساچمەیی و ٢ کەسیش بەهۆی لێدانی باتۆم یان لەژێر ئەشکەنجەدا لە گرتنگەدا کوژراون.
بەبارمتەگرتنی تەرمەکان و سێناریۆسازی: ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکان دەستیان بە سێناریۆسازی کرد (ڕاگەیاندنی هۆکاری مردن بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی یان ناساندنیان وەک بەسیج). هەروەها ڕاپۆرتگەلێک لەسەر داواکردنی پارە و فرۆشتنی تەرمەکان تۆمار کرا؛ لەوانە ڕادەستکردنی تەرمی «گوڵاڵە مەحموودی ئازەر» لە بەرانبەر ٧٠٠ ملیۆن تمەن، ناشتنی زۆرەملێی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە و دەسبەسەرکردنی خزمەکانی لە ڕێوڕەسمەکەدا.
ناوەندە سەرەکییەکانی سەرکوت و مانگرتنەکان:
ڕووداوی مەڵکشایی و هێرش بۆ سەر نەخۆشخانە (١٣ی بەفرانبار): سەرکوتی خوێناویی خەڵکی بێچەک لە مەڵکشایی ئیلام، بووە هۆی گەمارۆدانی دوو ڕۆژەی نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی ئیلام لەلایەن یەکەی تایبەتەوە، تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەر بنەماڵەکان و تێکدانی چارەسەری پزیشکی بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی بریندارەکان.
کوشتاری ١٨ی بەفرانبار (کرماشان): دوای مانگرتنی گشتیی کاسبکاران لە ٢٠ شاری کوردستاندا، کۆبوونەوەیەکی بەربڵاو لە گەڕەکەکانی کرماشان (دەرەدرێژ، ئیلاهییە، نەوبەهار، ڕەشیدی) پێکهات کە تەقەی ڕاستەوخۆی سپا و پچڕانی یەکجاریی ئینتێرنێتی لەگەڵ بوو.
ئارایشی جەنگی لە تاران: جێبەجێکردنی سەرکوتی جیاواز (فرمێسکڕێژ، ساچمەیی، کڵاشینکۆف و قەناس) کە کوشتنی ئامانجدارى هاووڵاتیی کورد «سەعید شەهگولی» بە تەقەکردن لە گەرووی لێ کەوتەوە.
دۆخی بریندارەکان و بەستنی زانیارییەکان: بەهۆی دەسبەسەرکردنی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا، زۆرینەیان برینەکەی خۆیان شاردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کوردپا زانیاریی ٦٣ برینداری (زیاتر لە کرماشان، ئیلام، تاران و بۆجنوورد) تۆمار کردووە کە ٧ کەسیان بە چەکی جەنگی و ٥٥ کەسیان بە چەکى ساچمەیی بریندار بوون.
٢. داتا درێژخایەن و پێکهاتەیییەکانی لەسێدارەدانی ١٥ ساڵە (٢٠١٢ – نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦)
ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦: لە نێوان زیاتر لە ٣٥٩ لەسێدارەدان لە سەرتاسەری ئێراندا، کوردەکان بە ٣٠ کەس و بەلووچەکان بە ٢٨ کەس بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی ئێتنیکییان هەیە. ٩ کەس لە لەسێدارەدراوان ژن بوون و ٤ کەس لەبەر چاوی خەڵکەوە لە سێدارە دران.
بازدانی بێوێنەی لەسێدارەدانە سیاسییەکان: تەنیا لە ماوەی ٥ مانگدا (٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ تا ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥)، حوکمی لەسێدارەدانی ٤٦ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی بە شێوەیەکی خێرا و نهێنی جێبەجێ کرا کە بەرزترین ئامارە لە کورتترین ماوەی زەمەنیی دوای دەیەی ١٣٦٠. ئەم ژمارەیە پێکدێت لە ٢٠ ناڕازیی بەفرانباری ١٤٠٤، ١٤ تۆمەتبار بە سیخوڕی (بە بازدانی بێوێنەی لە ساڵەکانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦)، ١١ تۆمەتبار بە «بەغی» و یەک ناڕازیی ژن، ژیان، ئازادییە کە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٠ کەسیان بڵاو کرایەوە.
دیاریکردنی درێژخایەنی ١٥ ساڵە (٢٠١٢ تا ٢٠٢٦): لە کۆی گشتیی لانیکەم ٩,٠٧٨ لەسێدارەدان لە وڵاتدا (بە تۆمارکردنی ٥٦٣,١ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٥، لەسێدارەدانی ٢ ژن، ٥٠ منداڵ-تاوانبار و ٢٩۷ حالەت لەبەر چاوی خەڵکەوە) ناسنامەی ٩٨٠ هاووڵاتیی کورد پشتڕاست کراوەتەوە.
پێنوێنی ستەمی پێکهاتەیی و نەتەوەیی: کوردەکان سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ١٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، ٣٠٪ی کۆی لەسێدارەدانە سیاسییەکان (٤٥ کەس لە ١٤٩ کەس) و ٨٢٪ی لەسێدارەدانە عەقیدەتییەکان (٢٤ کەس لە ٢٩ کەس) لە سەرتاسەری وڵاتیان بەر کەوتووە.
شێوازە سیستماتیکەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ:
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان: ڕادەستنەکردنی تەرمی لەسێدارەدراوانی کورد بە بنەماڵەکانیان لە زیاتر لە ٩٥٪ی حاڵەتەکاندا.
بێبەشکردن لە مافی بەرگری: بێبەشکردنی ڕەها لە پارێزەری سەربەخۆ و ئەندازیاریکردنی ڕواڵەتیی دۆسییەکان لەلایەن پارێزەرانی دیاریکراوی ئەمنییەوە (وەک دۆسییەی مێهرداد محەممەدینیا).
گوشارە چەند لایەنەکان: ئەشکەنجەی جوگرافی (گواستنەوە بۆ تاران و ناوەندی پارێزگاکان)، تۆڵەسەندنەوەی ئابووری لە بنەماڵەکان (بڕینی یارانە و مووچە)، سڕینەوەی خەڵکی خۆجێی و نواندنی ڕقی نەتەوەیی لەلایەن دادوەرانی بێگانە لە کوردستاندا، و بەکارهێنانی خولی «لەسێدارەدانە پێشگیرانەکان» بۆ ترساندنی کۆمەڵگە.
٣. دەسبەسەرکراوان (نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦)
ئامار و جوگرافیا: کوردپا ناسنامەی ٦٥٤ دەسبەسەرکراوی کوردی تۆمار کردووە (٥٤٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و ١١٤ کەس دوای ئەوە؛ پێکهاتوو لە ٣٠ ژن و ٤٠ منداڵ). پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و خۆراسانی باکوور زۆرترین دەسبەسەرکردنیان هەبووە.
شاردنەوەی ئاماری دەسەڵات: میدیا فەرمییەکان بێ هێنانەوەی ناسنامە، باسیان لە دەسبەسەرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە کوردستان (١٥٨ کرماشان، ٩٤ سنە، ٢٥ ئیلام، ١١ ورمێ، ٥ خۆراسانی باکوور) بە تۆمەتی «سیخوڕی و جیاوازیخوازی» کرد. دەسەڵاتی دادوەریش دەسبەسەرکردنی ٣,٢٩٢ کەسی لە چوارچێوەی «یاسای توندکردنی سزای هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن» ڕاگەیاند.
شێوازەکانی دەسبەسەرکردن و توندوتیژی: دەسبەسەرکردنەکان بە دوو شێوازی سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکی (ناڕازیان) و ئامانجدار (سەرکوتی پێشگیرانەی چالاکوانان، هونەرمەندان و بنەماڵەکان) بوون. کوردپا ناسنامەی ٤١ کەسی بە لێدانی توند و ٨ کەسی بە ئەشکەنجە و تەقەی ڕاستەوخۆ لە کاتی دەسبەسەرکردندا تۆمار کردووە. ئەم ڕەوتە هێرشی چەکدارانە، تێکدان یان ئاگردانی شوێنی کار (کافەی ڕەحمەت ڕەشیدی و کافەی موحسین باویر لە ئیلام، ماڵەکانی یەعقووب محەممەدی، مەلا ئەبووبەکر یووسفی و یوونس مووساپوور) و هەڕەشە و بریندارکردنی بنەماڵەکانی (کارۆ مینبەری و مەسعوود خەلیلی) ی لەگەڵ بووە.
بێبەشکردنە یاسایییەکان و بەندە ئەمنییەکان: دەسبەسەرکراوان لە بەندە ئەمنییە نوێیەکاندا (مەهاباد و دێزڵاوای کرماشان)، لە پارێزەری دیاریکراو، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بێبەش کراون. دیاریکردنی بارمتە قورسەکان ڕێگریی لە ئازادیی کاتیی کەسانی کەمدرامەت (وەک محەمەدمین مەفتووعی مێردمنداڵی ١٦ ساڵەی بێسەرپەرست و سەید خەلیل ڕەسووڵی کە بە تەقەکردن لە پێی دەسبەسەر و بێ پارێزەر سزا درا) کردووە. لە دۆسییە قورسەکاندا، پارێزەرانی سەربەخۆ یان پارێزەرانی دیاریکراوی کارامە لادەبرێن (وەک دۆسییەی میهرداد محەمەدینیا).
دانپێدانانە زۆرەملێیەکان و ئەشکەنجەی توند: کوردپا ناسنامەی ١١ کەسی پشتڕاست کردەوە کە دانپێدانانی تلویزیۆنییان بە دەموچاوی داپۆشراوەوە بڵاو کرایەوە. حکوومەت هەروەها ڤیدیۆکانی دانپێدانانی بەکۆمەڵی (وەک پڕۆژەی «مەسخ» لە کرماشان بە ٨ کەس و ڤیدیۆی ٣ کەس لە ئیلام) بڵاو کردووەتەوە. کوردپا ئەشکەنجەی توندی ١٢ کەسی بەڵگەمەند کردووە: دڕانی گوێی محەممەد عەباسزادە؛ ئەشکەنجەی عەباس کەیهانی (پاڵەوانی جودۆ)؛ مانگرتن لە خواردنی ئیبراهیم ڕۆستەمی؛ ئەشکەنجەی موبین محەممەدزادە؛ شکانی ددان و پەراسووەکانی سەعید پیری؛ ئاسەواری توندی عەلی بەبری؛ تاکەکەسیی سەعید بادپا؛ شکانی شەویلکە و لووتی ئارشیا قەیسەربەیگی؛ ئەشکەنجەی ٨٠ ڕۆژەی ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەر؛ کێشانی نینۆکەکانی شلێر مامقادری؛ و ئەشکەنجەی کەیوان زەندکریمی.
دەسبەسەرکراوان لەژێر مەترسیی حوکمە قورسەکان و لەسێدارەداندا:
ئارشیا قەیسەربەیگی: لەسەر بنەمای دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، بە «فساد فیالارض» تۆمەتبار کراوە و لە ژێر مەترسیی لەسێدارەداندایە.
عەلیڕەزا قاسمینژاد، ئارمین ئەسەدیان و ئەحمەدڕەزا کۆهزادانی: وەک لیدەرەکانی خۆپیێشاندانەکان لە ئیلام لەژێر مەترسیی حوکمە قورسەکاندان.
سرووش کەرەمی (١٨ ساڵە): پاش زیاتر لە ٦ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی، بە تۆمەتی «موحاربه» لە تاکەکەسیی کرماشاندا بەند کراوە.
دانیال نیازی (١٨ ساڵە): پاش زیاتر لە ٥ مانگ دەسبەسەرکردن، بە تۆمەتی «موحاربه» لەژێر مەترسیی دەرچوونی حوکمی لەسێدارەداندایە.
٤. سەربازگەییکردنی ژیانی مەدەنی و سەرکوتی مەدەنی (بەفرانباری ١٤٠٤ تا جۆزەردانی ١٤٠٥)
شیکردنەوەی پێکهاتەیی و جوگرافیا: بە تۆمارکردنی زیاتر لە ٤٠ ڕاپۆرتی مەیدانی لەلایەن کوردپاوە دەردەکەوێ کە حکوومەت ستراتێژیی «سەربازگەییکردنی شارەکان و هەڵپەساردنی مافە مەدەنییەکان»ی لە ٣ پارێزگای سنە (سنە، سەقز، مەریوان، بانە، کامێران، سەوڵاوا)، ورمێ (ورمێ، مەهاباد، سەردەشت، شنۆ) و کرماشان (پاوه، ڕوانسەر) جێبەجێ کردووە.
پێنج جۆر مێکانیزمی حکوومەتی نیزامیی ڕانەگەیەندراو:
چۆڵکردنی زۆرەملێ و ئارایشی چەکداری: چۆڵکردنی زۆرەملێی ماڵ و دووکانەکانی دەوروبەری بلواری ئینقلاب و بازاڕی «کورد ماڵ»ی سەقز، ناردنی تۆپە قورسەکان بۆ سەقز و جێگیرکردنی ئامێرەکان لە دادگای سنەدا کە بووە هۆی ڕاکردنی هاووڵاتییان.
گەمارۆدانی ڕێگە و هاتنی هێزە نیابەتییەکان: دروستکردنی بازگەکانی پشکنین و پشکنینی دیجیتاڵیی مۆبایلەکان لە کامێران، سنە و ڕوانسەر؛ جێگیرکردنی سیستەمە لەیزەرییەکان لە مەریواندا بە بەکارهێنانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵا.
قەدەغەی هاتوچۆ بە «مافی تەقەکردن»: دەرکردنی قەدەغەی ڕەهای هاتوچۆ لە هێڵی سنووریی مەریوان، بانە، پاوە و سەردەشتدا. فەرمانداریی بانە بە فەرمی ڕایگەیاند بەرپرسیارێتیی مەترسییە گیانییەکان لەسەر خودی هاووڵاتییانە.
سەرکوتی دیجیتاڵ و شوێنپێهەڵگرتنی ستارلینک: هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵی چالاکوانان و وەرزشوانان لە سەقزدا و بەڕێخستنی ئۆتۆمبێلی گەڕۆکی شوێنپێهەڵگر بۆ دۆزینەوە و زەوتکردنی ئامێرەکانی ئینتەرنێتی ماهوارەیی ستارلینک.
بەکارهێنانی پلاکی نادیار و هەواڵنێرە خۆجێییەکان («جاش»): مانۆڕی هێزەکانی دەموچاو داپۆشراو بە ئۆتۆمبێلی بێ پلاک لە سەقز، گواستنەوەی ئامێرەکان بۆ ماڵی موخبیرە خۆجێیییەکان، و ڕێپێوان بە ڕاکێتهەڵگری «کاتیوشا» لە سەردەشتدا.
داگیرکردنی شوێنە مەدەنییەکان (قەڵغانی مرۆیی): گۆڕینی ژینگەکان بۆ حەشارگەی سەربازی بە بەکارهێنانی زۆر:
ناوەندە درمانییەکان: داگیرکردن و گۆڕینی نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدا (سەقز) و نەخۆشخانەی گشتیی سەلاحەدینی ئەیووبیی (بانە) بۆ پایەگای نیزامی؛ دەرکردنی زۆرەملێی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکانی تەوحید، بێعسەت و کەوسەری سنە.
کەشی پەروەردەیی و ئایینی: جێگیرکردنی هێز لە قوتابخانەکانی سەردەشت، شنۆ و زانکۆی پەیام نووری سەردەشت؛ داگیرکردنی مزگەوتەکان لە گوندی بێوران، گوندی گۆگجە (١٢٠ هێزی چەکدار) و مزگەوتی ئیمام جەعفەری سادقی شنۆ.
شوێنە وەرزشی و ئیدارییەکان: داگیرکردنی هۆڵە وەرزشییەکانی «مووسک ٢»ی مەریوان و «جەلیلی خەسرهوشاهی» مەهاباد لە تەنیشت ناوچەی نیشتەجێبووندا؛ داگیرکردنی باڵەخانەی دۆخانیات لە مەیدانی ئینقیلابی سنە.
سەرکوتی پێکهاتەیی زیندانەکان:
سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناو بەندەکان: هێرش بە گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەر زیندانی مەهاباد لەسەر ناڕەزایەتیی زیندانییان بە مەترسییە گیانییەکانی بنکەی سەربازیی هاوسێ، و دوورخستنەوەی سزایی ١٥٠ زیندانی (پێکهاتوو ١١٠ زیندانیی سیاسی) بۆ دابڕگەی میاندواو. ئاڵۆزی لە زیندانی مەریوان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەو زیندانییانەی کە لە شنۆ بوون و توانایی دابینکردنی بارمتەیان نەبوو.
ئەشکەنجەی جوگرافی و جیاکاری: گواستنەوەی دەسبەسەرکراوانی ئەمنیی «شارامفەر» بۆ بەندی گشتیی سنە؛ بێبەشکردنی زیندانییانی سیاسیی ناسراو (وەک ئیدریس مینبەری و سۆما پوورمحەممەدی) لە مەرەخەسی؛ جێگیرکردنی هێزەکانی «نوپۆ» لە زیندانی ورمێ و گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی بۆ بەندی ئەمنیی «ئێرشاد».
سەرکوتی شوناسی فەرهەنگی، ئایینی و ترساندن:
کورتە نامە هەڕەشەئامێزەکان: ناردنی کورتەنامەکانی هەڕەشەی دادوەریی دادگای سنە بۆ هاووڵاتییانی سنە بۆ چالاکی لە ئینستاگرامدا، و کورتەنامە گشتییەکانی هاندانی سیخوڕی بەسەر فیلمهەڵگرانی بنکە سەربازییەکان.
سەربازگەییکردنی پەروەردە: پشکنینی بیروباوەڕی قوتابخانەکان لەلایەن بەسیجەوە و مەرجدارکردنی نمرەکانی قوتابییان بە پێشکەشکردنی بەڵگەی وێنەیی لە ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمە حکوومەتییە شەوانەکاندا.
سەرکوت لە بۆکاندا: هەڕەشەی تلفۆنی لە گۆرانیبێژانی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە بۆ نەوتنەوەی گۆرانییە حەماسییەکان؛ داماڵینی جلی مەلایەتی و دەرکردنی نایاسایی «مامۆستا مەلا عوسمان زاکری» (پێشنوێژی سەربەخۆی مزگەوتی عەلیاوای بۆکان) بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و بەڕێوەبردنی سندووقی خێرخوازی.
بەرگریی مەدەنیی جەماوەری: کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵکی مەریوان کە سپای ناچار بە چۆڵکردنی یاریگای مووسک ٢ کرد؛ ڕاوەستانی خەڵکی گوندی گۆگجەی مەریوان کە بووە هۆی وەدەرنانی ١٢٠ هێزی چەکدار لە مزگەوتەکە و گوشاری ڕای گشتی لە بانە و سنە کە بە چۆڵکردنی هەندێک مزگەوت کۆتایی هات.
٥. بەشی دەرهاوێشتەکانی شەڕ و هێرشەکانی دەرەوەی سنوور (ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا پووشپەڕی ١٤٠٥)
زیانە مرۆییەکانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە: لە ڕەوتی هێرشە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێراندا، لانیکەم ٢٩ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران (پێکهاتوو لە ٥ منداڵ و ٤ ژن) و ٤٥ کەس بە توندی بریندار بوون. مێکانیزمی سەرەکیی برین و مردن، بەرکەوتنی تەرکش و نزیکی لە ئامانجە سەربازییەکان یان هاتوچۆ لە ڕێگاکاندا بووە. دەسەڵات بە بایکۆتی هەواڵی، ڕانەگەیاندنی ئاگادارکردنەوەی گشتی (زەنگی مەترسی)، نەبوونی حەشارگە و پچڕانی ئینتێرنێت، شاردنەوەیەکی توندی جێبەجێ کرد.
تەقەکردن لە فەزای مێلیتاریزەکراو و بازگەکانی پشکنیندا: بەدوای سەپاندنی فەزای ئەمنی لە شارەکانی کوردستاندا و تەقەی هەڕەمەکیی هێزەکان، ٧ هاووڵاتیی مەدەنی کرانە ئامانج (٦ کوژراو و ١ بریندار). لە نێوان کوژراواندا، دوو برا و چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی کرماشان بوون کە بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەژێر ڕاوەدوناندا بوون و دوای دۆزینەوەی شوێنی حەشارگەکەیان کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.
قەیرانی ئابووری و داڕووخانی خۆشگوزەرانیی شاری: بژێوی ڕۆژانەی خەڵک لەگەڵ گرانیی چەند بەرابەری پێداویستییەکانی ژیان (برنج، نایاببوونی ڕۆن و پشکبەندیی نان بۆ ١٠ دانە دوای ڕیزە درێژەکان) بەروڕوو بوو. نرخی ئاو، کارەبا و گاز هاوتەریب لەگەڵ دۆلار زیادی کردووە و پێبژاردنی نەختیی ڕۆژانەی لەگەڵە. سیستەمی بانکی لەگەڵ کەمیی پارەی نەخت، تێکچوونی ئەپلیکەیشنەکان و داڕووخانی بەهای اسکناس بەرەڕوو بوو. دەسەڵات بە شێواندنی قەیرانەکە، هەڵاوسانی فەرمیی بە ٣٠٪ ڕاگەیاند و گەڵاڵە نەگونجاوەکان لەگەڵ ڕاستیی بازاڕ وەک کاڵابەرگ و یارانەی یەک میلیۆن تمەنیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەڕەزایەتییەکان پێشکەش کرد.
سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان: لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا پووشپەڕی ١٤٠٥، کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی زیاتر لە ٨٣٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنییان دژ بە هەرێمی کوردستانی عێراق جێبەجێ کرد. ئەم هێرشانە لانیکەم ٢٠ کوژراو و ١٢٥ برینداریان لێکەوتەوە. جیاکردنەوەی ناسنامەی گیانلەدەستداوان بریتییە لە:
٩ پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.
٧ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق.
٣ هاووڵاتیی مەدەنی.
١ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش (ئەمنییەتی هەرێم).
١ سەربازی سپای فەڕەنسا.
تێکدانی کەمپی پەنابەران و ژێرخانەکان: ئامانجی سەرەکیی ئەم مووشەکبارانانە، بارەگا و کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسی (شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان، ژنان و منداڵان) بوو. لەم هێرشانەدا، ژێرخانەکان و ناوەندە گشتییەکان لەوانە نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، کتێبخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی ناو کەمپەکان بە ئەنقەست تێکدران.
٦. قوربانییانی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە جەنگییەکان (نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦ و ئاماری درێژخایەنی ١٤ ساڵە)
ئامار و دێموگرافی: لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا، دوو کەسی مەدەنی کورد (پێکهاتوو لە منداڵێکی ١٣ ساڵە) کوژران. لە ترازنامەی ١٤ ساڵەدا (٢٠١٢ تا ٢٠٢٦)، کۆی گشتی ٤٨٣ مەدەنی کورد بوونەتە قوربانی (١٣١ کوژراو و ٣٥٢ بریندار).
جیاکردنەوەی ئامار: ٩٧ کۆڵبەر (٢٠.١٪)، ٦١ منداڵ (١٢.٧٪)، ٣٩ ژن (٨.١٪)، ٢٨ شوان (٥.٨٪)، ١٥ هاووڵاتیی عەشایەر (٣.١٪) و ١٢ جووتیار (٢.٥٪). هەروەها ٥٦ میندۆزەوە (١١ کوژراو) و ٣٦ سەربازی (١٦ کوژراو) بوونەتە قوربانی. بەرزبوونی ڕێژەی بریندارەکان (٧٣٪) نیشاندەری ڕەهەندە بەربڵاوەکانی کەمئەندامیی هەمیشەییە.
بەردەوامیی مینڕێژکردن و مەودای پیسبوون: ئێران بە ٤.٢ میلیۆن هێکتار زەویی پیسبوو لە ٥ پارێزگای سنووریدا (بەتایبەت کوردستان)، دووەمین وڵاتی پیسبووی جیهانە. سەرەڕای بانگەشەی دەسەڵات لەسەر پاککردنەوەی ٨٠ لەسەدی، ڕەوتی چاندنی مینە نوێیەکانی دژە مرۆڤ و پایدەری لە هێڵە سنوورییەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و نزیکی ناوچەکانی نیشتەجێبووندا هەروا بەردەوامە.
پاککردنەوەی نایەکسان و جیاکاریئامێز: بە شایەتی عیسا بازیار (چالاکوانی ئەم بوارە)، ناوەندی پاککردنەوەی مین سەرنجی خۆی لەسەر ناوچەکانی خاوەن بەهای ئابووری و نەوتی کۆکردووەتەوە و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی کوردستانی هەروا بەجێ هێشتووە؛ هاوکات پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی گشتیش بە شێوەیەکی سیستماتیک نادیارە.
ڕێگرە دادوەری-سیاسییەکان و بۆشایییە یاسایییەکان:
ئەمنیکردن لە کۆمیسیۆنی ماددەی ٢: دۆسییەکانی کوردستان ساڵانێکە بە هۆکاری سیاسی هەڵپەسێردراون. دەسەڵات بە بیانووی «کۆڵبەری یان چوونە ناو ناوچەی سەربازی»، قوربانیان ڕەت دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا سنوورە سەربازییەکانی تا زەوییە کشتوکاڵییەکان و مەودای ماڵی خەڵک فراوان کردووە.
لادانی یاسایی و ناڕوونی: بە وتەی عوسمان موزەیەن (پارێزەری دادگستری)، یاساکانی ئێران هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵ و گەورەدا دانانێن، مافی چارەسەری بێبەرانبەر بوونی نییە و قوربانییان لە ئیمتیازاتی بریندارانی شەڕ (کەمئەندام/شەهید) بێبەشن. تەنیا لە سەردەشتدا ٤٠٠ دۆسییە بە پێشینەی ٢٠ تا ٣٠ ساڵە هەروا ناڕوون ماونەتەوە.
٧. کوشتاری پێکهاتەیی کۆڵبەران (نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦ و ترازنامەی ١٥ ساڵە)
ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦:
لەم ماوەیەدا، ٦ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە، سەردەشت و مەریواندا کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان (٢ کوژراو و ٤ بریندار).
شیکردنەوەی ستراتێژیی کەمبوونی ئامار: ئەم دابەزینە کاتییە نیشانەی باشبوونی بارودۆخەکە نییە؛ بەڵکوو دەرهاوێشتەی ڕاستەوخۆی داخرانی چالاکیی کۆڵبەرییە بەهۆی ڕوودانی شەڕ، خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار، پچڕانی ئینتیرنێت و بەستنی پێکهاتەییی سنوورەکان (بە ناردنی بەربڵاوی هێز و ڕێڕەوە بەستراوەکان).
ترازنامەی ١٥ ساڵە (٢٠١٢ تا نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦):
لەم قۆناغەدا، کۆی گشتی ٢,٦١٣ کۆڵبەری کورد کوژراون یان بریندار بوون کە پێکهاتوو لە ٦٦٧ کوژراو و ١,٩٤٦ بریندارە.
لە نێوان قوربانییانی ئەم ماوەیەدا، ٤٣ منداڵ و مێردمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ بوونیان هەیە. (زۆرترین ئاماری ساڵانە پەیوەندیدارە بە ساڵەکانی ٢٠٢٣ بە ٣٥٧ حاڵەت و ٢٠٢٤ بە ٣٣٨ حاڵەت).
جیاکردنەوەی پێکهاتەییی هۆکارەکانی زیانەکان:
تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان: هۆکاری سەرەکی و ئەنقەستی زیاتر لە ٧٣٪ی کۆی زیانەکان.
کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی (لە کاتی ڕاکردن یان ڕێگەی سەخت): زیاتر لە ٦٪.
ڕەقبوونەوە لە سەرما و ڕنوو: ٤٪.
تەقینەوەی مین: نزیک بە ٤٪.
سیاسەتی دووفاقی و پارێزبەندیی دادوەریی هۆکارەکان:
دەسەڵات کۆڵبەری نە بە کارێکی فەرمی دەزانێت و نە ڕەتی دەکاتەوە؛ لەلایەکەوە بە دەرکردنی کارتی «پێڵەوەری» هاتوچۆی سنووردار دەکات و لەلایەکی دیکەوە تەقەیان لێ دەکات. گەڵاڵەکانی ڕێکخستنیش نەزۆک ماونەتەوە.
بەبوونی بەدواداچوونی سکاڵاکان، هیچ کەس یان دامەزراوەیەک سزا نەدراوە؛ تەنانەت حکوومەت لە حاڵەتگەلێکی زۆردا تێچوو و حەقی گولـلەی تەقێندراو لە بنەماڵەی قوربانی داوا دەکات.
سیناریۆسازیی ئەمنی و بەکارهێنانی سیاسی:
کۆماری ئیسلامی لە قەیرانە سیاسییەکاندا، سەرکوت ئاراستەی توێژی بێبەرگری کۆڵبەر دەکات. لە مەترسیدارترین شێوازدا، بە تۆمەتبارکردنی کۆڵبەران بە هێنانی ئامێرەکانی تێرۆر (وەک دۆسییەی زانایانی ئەتۆمی)، سێناریۆسازییان بۆ دەکات؛ لەوانە دەرچوون و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی «ئیدریس ئالی»، «ئازاد شوجاعی» و «ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ» بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم سەرکوتە بەربڵاوە، لەسەر پابەندبوونی خۆی بە تۆمارکردنی ڕاستی و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە ئاماری سەرەوە تەنیا لەخۆگری ئەو حاڵەتانەیە کە ڕاستی و دروستییان لەلایەن کوردپاوە پشتڕاست کراوەتەوە و ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی تاوانەکان بەهۆی دیوارە ئەمنییەکانەوە زیاتر لەمانەیە، سەرجەم هاووڵاتییان، برینداران، شایەتحاڵان و مافخوازان بانگهێشت دەکەین تا بۆ تۆمارکردنی ڕاستی، ئاشکراکردنی تاوانەکان و یارمەتی لە ڕێگەی مافخوازی، بەڵگەنامەکانی خۆیان لە ڕێگەی کەناڵە پەیوەندییە ئەمنەکانەوە لەگەڵ ئێمە هاوبەش بکەن.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە