پێشنوێژی هەینیی ورمێ؛ بۆ لەسێدارەدانەکان دەستخۆشی لە دەسەڵاتی دادوەری کرد و دژابەرانی «نا بۆ لەسێدارەدان»ی بە «نەزانکاری مۆدێڕن» وەسف کرد
١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «سەید مێهدی قوڕەیشی»، پێشنوێژی هەینیی و نوێنەری وەلیی فەقێ لە ورمێ، لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە دەسەڵاتی دادوەری بۆ لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە حکوومەت بە «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» تۆمەتباری کردبوون، جەختی لەسەر بەردەوامیی «بەرەنگاربوونەوەی قورس» و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان کردەوە. ناوبراو دروشمی «نا بۆ لەسێدارەدان» و ڕادەربڕینی بلاگێرەکان و کەسایەتییە دیارەکان (سلێبریتییەکان) دەربارەی دۆسییە ئەمنییەکانی بە هەڵە زانی و دژابەرانی لەسێدارەدانی بە «نەزانکاری مۆدێڕن» ناودێر کرد و لەسێدارەدانەکانی بە «دەرسی عیبرەت» بۆ کۆمەڵگە دانا.
میدیا حکوومییەکانی وەک میزان و تەسنیم بە پشتبەستن بە وتەکانی پێشنوێژی هەینیی ورمێ نووسیویانە کە ئەو بۆ «بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی هاوکاریی دوژمنیان کردووە» سپاسی دەسەڵاتی دادوەریی کردووە و وتوویەتی دەسەڵاتی دادوەری «لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم کەسانەدا نەرمیی نەنواندووە و بە جیددییەتەوە کاری کردووە». هەروەها جەختی کردووەتەوە: «ئەم بابەتە دەبێت بە هێزەوە بەردەوام بێت.»
ناوبراو لە درێژەدا، هێنانەئارای دروشمی «نا بۆ لەسێدارەدان»ی بە هەڵە زانی و وتی: «بلاگێرەکان و کەسایەتییە دیارەکان مافی ڕادەربڕینیان دەربارەی بابەتە ئەمنییەکان نییە... ئەم جۆرە ڕادەربڕینانە دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی کەسانی ناشارەزا لە بوارە پسپۆڕییەکاندا، لە کاتێکدا دادوەری و دەرکردنی بڕیار لە دەسەڵاتی دادگادایە.»
قوڕەیشی دژابەرانی لەسێدارەدانی بە «نەزانکاری مۆدێرن» ناو برد و وتی ئەوان «بە پاڵپشتیی دوژمنان» بەدوای «بێبەریکردن»دا دەگەڕێن. هەروەها جەختی کردەوە: «قیساس بەپێی دەقی ڕوونی قورئانی پیرۆز، هەوێنی ژیانی کۆمەڵگەیە.»
پێشنوێژی هەینیی ورمێ لە کۆتاییدا، لەسێدارەدانەکانی بە «دەرسی عیبرەت» بۆ کۆمەڵگە ناو برد و جەختی کردەوە: «جێبەجێکردنی لێبڕاوانەی بڕیارەکان دەربارەی ئەو کەسانەی هاوکاریی دوژمنیان کردووە و ئاسایشی وڵاتیان خستووەتە مەترسییەوە، دەتوانێت بۆ کەسانی دیکە ببێتە دەرسی عیبرەت تا نەکەونە نێو ڕێبازی هاوکاری لەگەڵ دوژمن.»
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە، ئەم لێدوانانە چەندین پێشێلکاریی سەرەکیی لە پێوەر و ستانداردەکانی مافی مرۆڤدا تێدایە؛
تۆمەتبارکردنی هەڵمەتی «نا بۆ لەسێدارەدان» و ئازادیی ڕادەربڕین؛ بەپێی ماددەی ١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕادەربڕین دەربارەی بابەتە کۆمەڵایەتی و دادوەرییەکان مافی هەموو هاووڵاتییانە. وەسفکردنی دژایەتیکردنی لەسێدارەدان وەک «نەزانکاریی مۆدێڕن» یا «هاوکاری لەگەڵ دوژمن»، هەوڵێکە بۆ بەستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و زەوتکردنی مافی دادخوازیی ئاشتییانە.
هەڕەشە لەسەر مافی ژیان: بەپێی ماددەی ٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و ماددەی ٦ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی ژیان بنەڕەتیترین مافی هر مرۆڤێکە. هاندانی خێراکردن و بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان لەگەڵ گیانی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان کە داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی پلەبەپڵەی سزای مەرگ دەکەن، بە تەواوی لە دژایەتیدایە.
پەردەپۆشکردنی پێشێلکاریی «دادگاییپێکردنی دادپەروەرانە»: ئیدعای دەرچوونی بڕیارەکان لە دادگا تایبەتمەندەکاندا لە کاتێکدا دەکرێت کە بەپێی ماددەی ١٤ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەر تۆمەتبارێک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، دادگای ئاشکرا و سەربەخۆ، و بەکارنەهێنانی دادنپێدانانی زۆرەملێی هەیە؛ ئەو حاڵەتانەی لە دادگاکانی ئینقلاب و دۆسییە ئەمنییەکان لە ئێراندا بە توندی پشتگوێ دەخرێن.
بەکارهێنانی کەرەستەیی لە سزای مەرگ بۆ «تۆقاندن و عیبرەت»: بەکارهێنانی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ «دەرسی عیبرەت بە کەسانی تر»، پشتگوێخستنی کەرامەتی زاتیی مرۆڤە و نیشانەی ڕەفتاری بێبەزەییانە و سووکایەتیکەرانە بەپێی ماددەی ٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە (ئازاری ٢٠٢٦) تا ئێستا لانیکەم ٢٦ کەس لە ناڕازییان، ١٣ زیندانیی سیاسیی سەر بە گرووپە دژبەرە قەدەغەکراوەکان، و ١٢ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی یان هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکان لە سێدارە داوە. لەوانە ٣ لاوی کورد و زیندانیی سیاسیی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی «ئومید بێهزاد»، «مێحراب عەبدوڵڵازادە» و «ناسر بەکرزادە» لە ٣ مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون و تەرمی هر ٣ کەسیان ڕادەستی خێزانەکانیان نەکراوەتەوە و تووشی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوون، کە نیشانەی دیاری دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەژێر ئهشكهنجه و دادنپێدانانی زۆرەملێدایە.