گێڕانەوەی شوناسی فەرهەنگیی سەقز لە زمانی ٤٤ شاعیری کوردەوە؛ کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا» پەردەی لەسەر لادرا
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ کتێبی «سەقز له ڕوانگەی شاعیراندا»، تازەترین بەرهەمی توێژینەوەیی و کۆکراوە لەلایەن هونەرمەند «مستەفا ئاسوور»، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران، نووسەران، توێژەران، چالاکوانانی فەرهەنگی و ئۆگرانی ئەدەبیات لە هۆڵی «خانەی ئومێد»ی سەقز پەردەی لەسەر لادرا؛ بەرهەمێک کە بە کۆکردنەوەی ڕوانگەی ٤٤ شاعیری کورد سەبارەت بە سەقز، وێنەیەکی هەرمان لە مێژوو، فەرهەنگ، جوگرافیا و ناسنامەی ئەم شارەی لە قاڵبێکی توێژینەوەیی گشتگیردا تۆمار کردووە.
ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی «سەقز له ڕوانگەی شاعیراندا» ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بە پێشوازییەکی بەرچاو لەلایەن هاووڵاتییان و ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەب بەڕێوە چوو. ئەم کتێبە ئەنجامی ساڵانێک توێژینەوە و کۆکردنەوەی مستەفا ئاسوور، چالاکوانی فەرهەنگی، هونەری و کۆمەڵایەتییە و دەکرێت وەک یەکێک لە بەرهەمە بەرچاوەکان لە بوارەکانی سەقزناسی و ئەدەبیاتی توێژینەوەیی کوردی ئەژمار بکرێت.
ئەم بەرهەمە لە ٤٥٧ لاپەڕەدا و لەلایەن وەشانخانەی «هەژان»ەوە بڵاو کراوەتەوە؛ دکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، مامۆستای زانکۆ و توێژەری دیار، پێشەکییەکی توێژینەوەیی لە ٩٢ لاپەڕەدا بۆ نووسیوە و دکتۆر شەهباز مۆحسێنیش نووسراوێکی کورتی سەبارەت بە پێویستیی ئەم بەرهەمە تۆمار کردووە.
بە وتەی ئامادەکاری ئەم بەرهەمە، کتێبەکە جگە لە ناساندن و لێکۆڵینەوە لە شێعری ٤٤ شاعیری کورد سەبارەت بە سەقز، بەشێکی گرنگ لە توانستە مێژوویی، کلتووری و سروشتییەکانی ئەم شارەیش دەناسێنێت؛ لە کەتیبەکان، هۆزەکان، پۆششی ڕووەکی، گەڕەکەکان، ئاشەکان، باخەکان و کانییەکانەوە بگرە تا شار و ئاواییەکان، مزگەوتەکان، زیارەتگاکان و دەرکەوتەکانی تری ناسنامەی مێژوویی و فەرهەنگیی ئەم شارە.
لەم ڕێوڕەسمەدا، دکتۆر شەهباز مۆحسێنی، مامۆستای زانکۆ و نووسەر، بە پێداچوونەوە بە بەرهەمە هەرمانەکانی زانایان و ئەدیبانی کوردستان، ئەم کتێبەی وەک بەرهەمێکی بەنرخ بۆ ناسینی پێشینەی فەرهەنگیی سەقز و سەرچاوەیەکی جێگەی بڕوا لە بواری سەقزناسیدا پێناسە کرد.
لە درێژەدا، دکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، مامۆستای زانکۆ و توێژەری بواری ئەدەبیات و فەرهەنگ، بە ئاماژەدان بە پێگەی مێژوویی سەقز، ئەم شارەی وەک هێمای دێرینەبوونی فەرهەنگی و شارستانیەت لە کوردستان و لە هەمان کاتدا وەک خاڵی دەستپێکی بیرۆکە نوێیەکان و چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە وەرچەرخێنەرەکان زانی.
ناوبراو بە ناساندنی ژمارەیەک لە نووسەران، وەرگێڕان و توێژەرە دیارەکانی سەقز، جەختی لەسەر پێویستیی ناساندنی بەرهەم و بیرۆکەکانیان بۆ نەوەی لاو و کەڵکوەرگرتن لەم توانستە بۆ بەرزکردنەوەی سەرمایەی فەرهەنگیی کۆمەڵگە کردەوە.
دواتر پەری کەرەمی، هەڵەچنی کتێبەکە، پرۆسەی داڕشتن و دەستکاریی بەرهەمەکەی ڕوون کردەوە و وەک توێژینەوەیەکی بەپێز و هەرمان لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.