مافخوازیی بنەماڵەی مێحراب عەبدوڵڵازادە بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە؛ فریامان کەون، مێحراب بێتاوانە

01:50 - 9 بەفرانبار 2725

٣ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ بنەماڵەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کە تازەیی حوکمی سێدارەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە و مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمی منداڵەکەیان زۆر بووە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەتوندی داوای یارمەتی لە ناوەندە مافی مرۆییەکان و بەرپرسانی جیهان کردووە. ئەوان خوازیاری ڕاگرتنی خێرای جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدان و پێداچوونەوەی دۆسییەی کوڕەکەیان و براکەیان لە ڕەوتێکی دادوەریی دادپەروەرانە و ڕوونن. باوک، دایک و برای مێحراب عەبدوڵڵازادە جەختیان لەسەر بێتاوانیی ناوبراو کردەوە و وێڕای باسکردن لە دۆخی دژوار و قەیراناویی ناوبراو، باسیان لە ستەمێک کرد کە لە ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیدا دژی ناوبراو، ڕووی داوە.

ئەم بنەماڵەیە لە پەیامەکانی خۆیاندا ئاماژە بە نادادپەروەری لە ڕەوتی دادڕەسیی مێحرابدا کردووە و جەختیان لەسەر دەستێوەردانی خێرای ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە کردووە. ئەوان جەختیان لەسەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی مێحراب، نەبوونی بەڵگەی باوەڕپێکراو دژی ناوبراو، گوشارە دادوەرییەکان و ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە. داواکاریی ئەم بنەماڵەیە تەنیا ڕاوەستاندنی حوکمی سێدارە نییە، بەڵکوو ئەوان داوایان لە سیستمی دادوەری ئەوەیە کە دۆسییەی مێحراب بەشیوەی دادپەروەرانە و بەپێی بەڵگەی ڕاستەقینە بێت.

کوردپا لە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بڵاوی کردەوە؛ لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادەی پشتڕاست کردەوە و مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمەکەی زۆرە. مێحراب کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێیە، لە دادگاییەکی نادادپەروەرانەدا و لەژێر ئەشکەنجە و سەرەڕای هەبوونی پارادۆکسە ئاشکراکان لە دۆسییەکەی، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" بە لە سێدراەدران سزا درا.

بنەماڵەی مێحراب بە هاوارێک لە ڕووی ناچاری و ئازارەوە، داوایان لە ویژدانە بەئاگاکان، ناوەندە مافی مرۆییەکان و هەموو خەڵکی جیهان کرد کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەم لاوە بێتاوانە یارمەتیدەریان بن.

دەقی نامەکانی دایک و باوکی مێحراب لە بەشی فارسیی کوردپادا بڵاو کراوەتەوە.