شنۆ؛ سەید جەماڵ تەها باوکێک کە لە جیاتی کچەکەی دەسبەسەر کرابوو، پاش ١٠٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی ئازاد کرا

19:02 - 12 پووشپەڕ 2725

١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ سەید جەماڵ تەها هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە هۆی دەستڕانەگەیشتی هێزە ئەمنییەتییەکان بە کچەکەی لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

پێشتر کوردپا لە ٣٧ ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییە و ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانەی شنۆ ڕایگەیاندبوو کە سەید جەماڵ تەها، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و دوابەدوای دۆسییەسازی بۆ کچەکەی، لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کراوە.

سەید جەماڵ  کە بە بڕیاری سەعید ئێقباڵ‌جوو دادستانی شاری شنۆ دەسبەسەر کرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی سەرەتای دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شنۆ لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە و دوابەدوای تێکچوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

گەوهەر تەها، کچی سەید جەماڵ بە هۆی گوشارە ئەمنییەتییەکان پاش پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شنۆ، لەگەڵ دۆسییەسازی بەرەوڕوو بووەتەوە و ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتەکانی "سەرپێچیکردن لە هێزەکان و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ کرابوو. ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە ناوبراو، باوکیان لە جیاتی خۆی دەسبەسەر کردووە.