دەسبەسەرکرانی باوکێک لە جیاتی کچەکەی؛ بەردەوامیی ناڕوونیی سەید جەماڵ تەها لە بەندیخانەی شنۆ سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ

00:42 - 1 بانەمەڕ 2725

٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤؛ سەید جەماڵ تەها، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکان بە کچەکەی بە ناوی گەوهەر تەها، لە ٣٧ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن ئەم هێزانەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگیراوە. گەوهەر تەها بە هۆی دۆسییەسازی لە درێژەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان و گوشارە ئەمنییەتییەکان ناچار بوو ئێران بەجێ بهێڵێ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەید جەماڵ تەها، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و دوابەدوای دۆسییەسازی بۆ کچەکەی، لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی ئەم شارە دەسبەسەرە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەید جەماڵ لە ماوەی ڕۆژانی سەرەتای دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شنۆ لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە و دوابەدوای تێکچوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئەەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو بە بڕیاری سەعید ئێقباڵ جوو، دادستانی شاری شنۆ بووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ، ناوبراو هێشتا دەسبەسەرە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گەوهەر تەها، کچی سەید جەماڵ بە هۆی گوشارە ئەمنییەتییەکان پاش پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕيسمەکانی نەورۆز لە شنۆ، لەگەڵ دۆسییەسازی بەرەوڕوو بووەتەوەو ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتەکانی "سەرپێچیکردن لە هێزەکان و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ کرابوو. ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە ناوبراو، باوکیان لە جیاتی خۆی دەسبەسەر کردووە.