سنە؛ سەرکوتی نێوخۆیی دوای شەڕ؛ ئازاد ڕەعنایی لە سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژرا

٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤؛ ئازاد ڕەعنایی، لاوی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی "دووشان" شەوی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە ئینتیزامییەکاندا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، لە نزیک "سێڕای بەرقی ناوچەی فەیزاوا"، هێزە ئینتیزامییەکانی سنە بە "ئازاد ڕەعنایی" کە سواری ماتۆڕ بووە فەرمانی ڕاوەستانیان داوە. ئازاد لە ترسی ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو هەڵدێت و لە درێژەی ئەم هەڵهاتن و ڕاوەدوونانەی هێزە ئینتیزامییەکاندا، ناوبراو لە "بلواری دوکتور حوسێنی" دەکرێتە ئامانج و تەقەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت.
چێگینی فەرماندەی ئینتیزامیی شاری سنە ڕایگەیاندووە؛ دۆسییەیەک لەمبارەوە کراوەتەوە و نێردراوەتە لای ناوەندە دادوەرییەکان. ئەمە لەحاڵێکدایە کە تا ئێستا هیچکەس یان هێزێکی ئینتیزامی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کوشتنەدا لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە دەسبەسەر نەکراوە.
کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوتە سەر لێکدانەوەی کوژرانی ئازاد ڕەعنایی لە سنە، بە فۆکۆس خستنە سەر دژبەیەکییەکانی گێڕانەوە فەرمییەکانی پۆلیس و شایەتحاڵان و بینەران، تەقەی ڕاستەوخۆ و لێکدانەوەی یاسایی بەپێی یاسایی بەکارهێنانی چەک، شاردنەوەی هێزە ئینتیزامییەکان و میدیا حکوومەتییەکان لە گەیاندنی هەواڵەکە و لە کۆتاییدا دروستکردنی بەستێن بۆ ئەم قەتڵە لە بەستێنی کەشی نیزامی_ ئەمنییەتیی داسەپاو سەرکوتی نێوخۆیی پاش شەڕی ئێران و ئیسرائیل .