سەردەشت؛ دوو مامۆستای سوننە مەزهەب بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کران

10:59 - 16 بانەمەڕ 2725

١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی خوارێ" و مامۆستا حەسەن خزری پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی سەرێ" سەر بە  شاری سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێوە هەرکامیان بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ بەڕێوە چوو و بڕیاری دادگای سەرەتاییان پێ ڕاگەیەندرا.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا پشتیوانییان لە خەڵک کرد، چەند جار بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ کران.

ئەم دوو مامۆستا سوننە مەزهەبە، لە درێژەی بزووتنەوەی ١٤٠١دا و بە هۆی پشتیوانی لە خەڵک، ناڕازییان، برینداران و بنەماڵەی گیانلەدەستداوان چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سەردەشت کران و پاش ئەوەی کە هەڕەشەیان لێ کرا و گوشاریان خرایە سەر، لەگەڵ دۆسییەسازیی ئەمنییەتی – دادوەری لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ بەرەوڕوو بوونەوە.

ئەم دوو مامۆستایە چەندین جار لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.