میلاد ناسری بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا

23:43 - 19 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤، میلاد ناسری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کانیڕەش" سەر بە شاری بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، میلاد ناسری، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکاندا لێپرسینەوەی لێ کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندی مێرمنداڵانی بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، میلاد ناسری بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گوندی "کانیڕەش" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.