۱۳ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ «نیلووفەر موجاوری»، کچە لاوی ۲۷ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، کە بۆ ماوەی ۱۰ ڕۆژ لەلایەن کەسێکەوە دوای هەڵخەڵەتاندنی، لە شوێنێکی نادیار و لە بارودۆخێکی دژەمرۆڤانەدا ڕاگیرابوو و بەتوندی کەوتبووە بەر توندوتیژی، ئەشکەنجە، دەستدرێژیی جەستەیی و سێکسی و بێبەشکردن لە ئاو و خۆراک، تووشی مەرگی مێشکی بوو و دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بنەماڵەکەی ڕەزامەندییان لەسەر بەخشینی دوو گورچیلەی (کە تاقە ئەندامانی ساغی جەستەی بوون) دەربڕی و گیانی لەدەست دا.

بنەماڵەکەی سکاڵایان لە کەسێک بە ناوی «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» کردووە کە کەڵکی لە دۆخی بێدەسەڵاتی و ئازارچێشتوویی نیلووفەر وەرگرتووە و بە شێوازێکی تۆقێنەر ئەشکەنجەی داوە و دەستدرێژیی کردووەتە سەری؛ ئەو کەسە دوو ڕۆژ دواتر لە سنووری بانە و لەکاتێکدا کە خەریکی چوونەدەرەوە لە سنووری ئێران بوو، دەسبەسەر کرا.

کوردپا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «سوهەیلا مەهدیزادە»، پووری نیلووفەر موجاوری، کە ئەم دۆسییەی ڕاگەیاندووە، وردەکاریی ئەوەی بەسەر نیلووفەردا هاتووە و دژواریی توندوتیژی و دەستدرێژییە ئەنجامدراوەکانی گێڕایەوە. سوهەیلا وێڕای ئاماژەدان بەو توندوتیژی، ئەشکەنجە و دەستدرێژییەی کراوەتە سەر نیلووفەر، جەخت دەکاتەوە: «دەنگی نیلووفەر واتە دەنگی سەرجەم ئەو ژنانەی کە لەژێر توندوتیژیدان یان لە داهاتوودا دەکەونە بەر توندوتیژی، و دەبێت ئەم دەنگە بەرز بێتەوە تا ئەم توندوتیژییانە بوەستێندرێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بەرانبەر ژنانی دیکە بکرێت.»

١٠ ڕۆژ ئەشکەنجە، دەستدرێژی، برسییەتی و تینوێتی؛ نیلووفەر بە جەستەیەکی تێکشکاو و مەرگی مێشکییەوە گەیشتە نەخۆشخانە:

پووری نیلووفەر، بە تۆقێنەر ناوبردنی ئەو تاوانەی دەرهەق بە خوشکەزاکەی کراوە، دەڵێت: ئێمە بە تەواوی نازانین لەم ماوەیەدا لە چ شوێنێکدا کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و توندوتیژیی توندی جەستەیی و سێکسی؛ بەڵام بەپێی بارودۆخی نیلووفەر کە پێ و دەستەکانی خۆڵاوی بوون، مەزەندە دەکەین لە ژینگەیەکی نەگونجاو و خۆڵاویدا کەوتبێتە بەر ئەم ئاستە لە برینداری و تووشی مەرگی مێشکی بووبێت و گیانی لەدەست دابێت.

بەوتەی ئەو، شوێنەواری ئەشکەنجە و دەستدرێژییە توندوتیژەکە بە شێوازێک بووە کە زیانی توند بەر بەشی کۆئەندامی زاوزێ و کۆمی کەوتووە، سەرتاپای جەستەی شینهەڵگەڕاوە وەک ئەوەی بە شتێکی قورسەوە بەسەر تەواوی جەستەیدا ڕۆشتبن. چەناگە و ئێسکەکانی پەراسووی نیلووفەر تووشی شکان بووبوو و لە پشتی سەریشییەوە زەبرێکی توندی بەرکەوتبوو. سەرجەم ئەم توندوتیژییانەش لەکاتێکدا بووە کە لە ماوەی ۱۰ ڕۆژدا لە ئاو و خۆراک بێبەش کرابوو، و بیرکردنەوە لەوەی چ ئازارێکی تۆقێنەری چەشتووە، زۆر تاڵە.

پووری نیلووفەر دەڵێت: ئەمڕۆ هەینی ۱۳ی خەرمانانی ١٤٠٥ بنەماڵەکەی ڕەزامەندیی خۆیان بۆ بەخشینی دوو گورچیلەی دەربڕی، چونکە تەنیا ئەم دوو ئەندامەی جەستەی ساغ مابوونەوە و دەبەخشران، و دڵی ئەوەندە بێهێز بوو کە توانای بەخشینی نەبوو.

دوای ڕاگەیاندنی دۆسییەی نیلووفەر؛ دوو بنەماڵەی دیکە باسیان لە توندوتیژی و دەستدرێژی بەرانبەر کچەکانیان لەلایەن «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»یەوە کرد:

پووری نیلووفەر سەبارەت بە «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» دەڵێت: دوای دۆسییەی نیلووفەر دەرکەوت، ئەم کەسە زۆرێک لە ژنانی بەم شێوەیە هەڵخەڵەتاندووە و ئازاری داون، تەنانەت کەسانێک دەڵێن سێ ژنی کوشتووە کە من ناتوانم ئەم سێ کوشتنە پشتڕاست بکەمەوە. بەڵام دوای ئاشکراکردن و ڕاگەیاندنی توندوتیژی و کوشتنی نیلووفەر، دوو بنەماڵە پێیان وتووین کە ئەم کەسە کچەکانی ئێمەشی خستووەتە بەر توندوتیژی، دەستدرێژی و ئەشکەنجە، بەڵام نابێت ناوی ئێمە بهێنن.

«سەید عێزەدین سەیدتاهیری» ٤۱ ساڵان، خەڵک و دانیشتووی پیرانشارە و لە پیرانشار ژیاوە.

بنەماڵەکە، دوای خەواندنی نیلووفەر لە نەخۆشخانە، لە ئیدارەی ئاگاهیی پیرانشار سکاڵایان لەسەر «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» تۆمار کردووە. هێزە پەیوەندیدارەکان بە بنەماڵەکەیان وتووە: «ئێوە کارتان بەو کەسەوە نەبێت، ئێمە خۆمان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین.»

«سەید عێزەدین سەیدتاهیری» نیلووفەری بە برینداریی زۆرەوە بردووەتە دەرمانگە و وتوویەتی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و خۆی لە ڕێگای نەخۆشخانەی پیرانشاردا هەڵاتووە؛

زانیارییە گەیشتووەکان بە کوردپا لە ڕۆژی ڕابردوودا، ئاماژەیان بەوە دەکرد؛ «نیلووفەر موجاوری» ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە برینداریی زۆر لە ئاکامی توندوتیژی، ئەشکەنجە و ئازار و دەستدرێژیی توندی جەستەیی و سێکسی، لەلایەن «سەید عێزەدین سەیدتاهیری»یەوە کە خۆی وەک هاوسەری ناوبراو ناساندووە، بۆ بنکەی تەندروستیی گوندی «ئەندێزێ» دەگوازرێتەوە و ئەو دەڵێت نیلووفەر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە.

بارودۆخی نیلووفەر ئەوەندە مەترسیدار بووە کە کادری دەرمان دەڵێن دەبێت هەر ئێستا بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار. ئەو پیاوە دەڵێت: «منی ناوێت و خۆتان بێبەن»، بەڵام کادری دەرمان دەڵێن: «تۆ دەڵێیت هاوسەرتە و دەبێت لەگەڵ ئامبولانسەکەدا بێیت». لە کۆتاییدا «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» تا فەلەکەی «قورئان» لەگەڵ ئامبولانسەکە دەڕوات و لەوێ بە درۆ دەڵێت: «ڕایبگرن، دەبێت بڕۆم چەند بەڵگەیەک بهێنم» پاشان هەڵدێت و ئیدی ناگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

«سەید عیزەدین سەیدتاهیری» دوای هەڵاتنی، کاتژمێر ۱۱:۳۰ی نیوەشەوی سێشەممە پەیوەندی بە دایکی نیلووفەرەوە دەکات و دەڵێت: «من و نیلووفەر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووین و وەرە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی پیرانشار».

پووری نیلووفەر دەڵێت ئەم پیاوە لە پەیوەندییە تلفۆنییەکەیدا لەگەڵ دایکی نیلووفەر وتوویەتی دەبێت خۆی بە تەنیا بێت بۆ نەخۆشخانە و مافی ئەوەی نییە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و لە هیچکەس و هیچ تاک و دەوڵەتێکیش ناترسێت.

١٠ ڕۆژ ئەشکەنجە و بێبەشکردن لە ئاو و خۆراک؛ نیلووفەر بە جەستەیەکی شینهەڵگەڕاو، ئێسکی شکاو و مەرگی مێشکییەوە گەیشتە ورمێ؛

کارمەندانی نەخۆشخانەی «ئیمام خومەینی»ی پیرانشار لە هەر سەرەتاوە، بەهۆی خراپیی دۆخی نیلووفەر و نزمیی ئاستی هۆشیاریی مێشکی، دەڵێن دەبێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە بکرێت. نیلووفەر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی «ئیمام خومەینی»ی ورمێ.

بە وتەی پزیشکانی نەخۆشخانەی ورمێ، نیلووفەر لە ماوەی ۱۰ ڕۆژدا کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و توندوتیژیی توندی فیزیکی و سێکسی و دەستدرێژی. ئەو تەنانەت لە نان و ئاو بێبەش کراوە و شوێنی قامچی، ڕەشی و شینهەڵگەڕان بە تەواوی جەستەیەوە دەبینرا. هەروەها چەناگە و پەراسووی شکابوون و پشتی سەریشی زەبرێکی سەخت بەرکەوتبوو.

بەوتەی پزیشکان، توندوتیژی و بێبەشکردن لە خۆراک و ئاو بەرانبەر ئەم کچە تا ئاستێک بووە کە وەک مێرمنداڵێکی ۱۴ یا ۱۵ ساڵان هاتووەتە بەرچاو. پزیشکان وتوویانە ئەم حاڵەتە لە دڕندانەترین جۆری توندوتیژی بووە کە بەرانبەر ئەم کچە لاوە ئەنجام درابێت. ئەوان هەر لە سەرەتاوە ڕایدەگەیەنن کە نیلووفەر تووشی مەرگی مێشک بووە و زیانێکی توندی بەرکەوتووە و داوا لە بنەماڵەکەی دەکەن ئەندامەکانی جەستەی کە ساغ مابوونەوە ببەخشن.

لە کۆتاییدا، ڕۆژی هەینی ۱۳ی خەرمانانی ١٤٠٥، تەنیا دوو گورچیلەی کە ساغ مابوونەوە، بەخشران.

«سەید عێزەدین سەیدتاهیری» لە نیلووفەر نزیک ببووەوە و کەڵکی لە دۆخی بێدەسەڵاتیی ئەو وەرگرتبوو؛

پووری نیلووفەر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپادا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییانە لەسەر وردەکاریی بێسەروشوێنبوونی نیلووفەر تا گواستنەوەی بۆ دەرمانگە و نەخۆشخانە لە ئەنجامی دژواریی ئەشکەنجە و دەستدرێژیدا دەڵێت: نیلووفەر ئێوارەی یەکشەممە ۱ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لەکاتێکدا بڕیار بوو بەیانییەکەی زوو لەگەڵ دایکی بڕۆن بۆ سەر کار، دایکی کە ماندوو دەبێت، ئاخیری شەو داوای لێ دەکات بۆ شوێنی کار ماکارۆنی لێبنێت و کاتێک دایکی لە خەو هەڵدەستێت، دەبینێت ماکارۆنی لەسەر تەباخەکەیە و تەباخەکە داگیرساوە، بەڵام نیلووفەر دیار نییە.

دایکی زۆر نیگەران دەبێت، ناچێتە سەر کار و چەندین جار پێوەندی بە مۆبایلەکەی نیلووفەرەوە دەکات، بەڵام مۆبایلەکە کوژاوەیە. تا ئەوەی ئەو پیاوە بە ناوی «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» بە مۆبایلی نیلووفەرەوە پەیوەندی بە مۆبایلی دایکییەوە دەکات. دایکی نیلووفەر دەپرسێت: «تۆ کێیت و بۆچی مۆبایلی کچەکەم لای تۆیە؟». ئەو دەڵێت: «من فڵانە کەسم و کچەکەت بە ئارەزوو و ویستی خۆی لەگەڵ من هاتووە و ئێمە دەمانەوێت پێکەوە هاوسەرگیری بکەین». دایکی دەڵێت دەبێت لەگەڵ کچەکەم قسە بکەم. نیلووفەر لە پشت تلفۆنەکەوە دەڵێت: «ڕاست دەکات، لەگەڵ ئەو هاتووم». پاشان دایکی دەڵێت: «ئەگەر بە ویستی خۆت ڕۆیشتوویت، بۆچی هیچ جلێکت لەگەڵ خۆت نەبردووە؟». نیلووفەر دەڵێت: «بۆم دەکڕێت».

دوای ئەم پەیوەندییە، مۆبایلی نیلووفەر دەکوژێنرێتەوە و ئیتر هەڵناکرێتەوە. «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» لە ڕێگەی مۆبایلی خۆیەوە، لەم ۱۰ ڕۆژەدا، ناوەناوە پەیوەندی بە باوک و دایکی نیلووفەرەوە دەکات و دەڵێت بەم زووانە بۆ قسەکردن لەگەڵیان و وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیری دێتە لایان. باوک و دایکی نیلووفەر چاوەڕێ دەبن و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئەو پیاوە سەردانی ماڵەکەیان بکات. (شایانی باسە لە ناوچەگەلێکی کوردستاندا، هاوڕێبوونی کچان لەگەڵ کوڕان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بێ ئاگاداریی بنەماڵەکان، لە ڕابردووەوە بە شێوەی فەرمی باو بووە و لە زۆر حاڵەتدا لەلایەن بنەماڵەی کوڕەکەوە سەردانی بنەماڵەی کچەکە دەکەن تا ڕەزامەندیی بنەماڵەی کچەکە بەدەست بهێنن)

بەوتەی پووری نیلووفەر، بنەماڵەکە، جگە لەو ڕستە کۆتاییانەی نیلووفەر دوای پەیوەندیی ئەو پیاوە لەگەڵ دایکیدا وتبووی، ئیدی هیچ قسە و ئاخاوتنێکیان لەگەڵ نیلووفەر نەکردووە و نازانن بە تەواوی نیلووفەر چۆن لە ماڵ دەرچووە و ئەو پیاوە چۆن ئەم کچەی هەڵخەڵەتاندووە کە دەرگای ماڵەکەی بۆ بکاتەوە. تەنانەت ڕوون نییە چۆن دوای کردنەوەی دەرگای ماڵەکە لەگەڵ خۆی بردوویەتی و هیچ کەسێک ئەم بابەتەی نەدیوە.

بەڵام بنەماڵەکە لەو بڕوایەدان؛ ئەم پیاوە لە هەمان پەیوەندیی سەرەتاییەوە نیلووفەری ترساندووە و هەڵیخەڵەتاندووە و بەپێی بارودۆخی نیلووفەر، کە هەمیشە گۆشەگیر و تەنیا بووە و تەنانەت بە بەرزی قسەشی نەدەکرد، کەڵکی لە دۆخی بێدەسەڵاتیی ئەو وەرگرتووە.

پووری نیلووفەر دەڵێت: ئێمە قسەکانی نیلووفەرمان نەبیستووە کە بڕیارەکە بە وردی چی بووە، بەڵام چونکە مەنجەڵی خۆراکەکە لەسەر تەباخەکە ماوەتەوە و تەباخەکە داگیرساوە، مەزەندە دەکەین کە نیلووفەر بە حەزی خۆی نەڕۆیشتبێت و بەڵکوو هەڵیخەڵەتاندووە و ترساندوویەتی.

نیلووفەر و دایکی لە ڕێگەی کارکردنەوە لەگەڵ «سەید عێزەدین سەیدتاهیری» ئاشنایەتییان هەبووە. بەوتەی پووری نیلووفەر، ڕوون نییە ئەو چۆن توانیویەتی لەو چەند جارەی نیلووفەر لەگەڵ دایکیدا ڕۆیشتووە بۆ سەر کار، لێی نزیک بێتەوە، ژمارەی مۆبایل لە نیلووفەر وەربگرێت، چەند جارێکیش قسەی لەگەڵ بکات و هەڵیبخەڵەتێنێت. 

نیلووفەر بەبێ جلوبەرگ و کەلوپەلی کەسی لە ماڵ چووبووە دەر؛

بەوتەی پوورەکەی، نیلووفەر تەنیا کارتی میللی و مۆبایلی پێ بووە و تەنانەت ئەگەر ئەو پیاوە بەڵێنی هاوسەرگیریشی پێ دابێت، نەیوتووە پێناسەکەی  لەگەڵ خۆی بهێنێت. ئەو تەنانەت هیچ جلێکی دیکەی لەگەڵ خۆی نەبردووە و هەمان جلی شەو کە لە ماڵ دەرچووە تا ئەو کاتەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەبەریدا بووە.

بەڵام گوارەی لە گوێدا بووە و کاتێک بنەماڵەکەی ڕۆیشتوون بۆ نەخۆشخانە، نه گوارەی زێڕ و نه مۆبایلەکەی نیلووفەر لای نەبووە. 

ژیانی نیلووفەر؛ کچێکی تەنیا و بێدەسەڵات:

نیلوەفەر موجاوری، کچە لاوی ۲۷ ساڵان، خەڵک و دانیشتووی پیرانشار بوو. ئەو تا چەند پۆلی خوێندنی سەرەتایی خوێندبوو. ئەو، بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا، دوای مایوپووچبوونی باوکی، لە ڕاپەڕاندنی کاری ماڵەوە و بەتایبەت چاودێریکردنی براکانی هاوکاریی دایکی دەکرد و هەندێک جار لەگەڵ دایکی دەڕۆیشت بۆ سەر کار؛ چونکە دایکی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی کرێکاری لە مەزراکان و تەنانەت لە زستاناندا لە ساردخانەکاندا، لە نەبوونی باوکی خێزانەکەدا، هەوڵی دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی دەدا.

نیلووفەر کچێکی گۆشەگیر بوو و هیچ هاوڕێیەکی نەبوو و سادەیی و تەنیاییەکەی بێدەسەڵاتی کردبوو. دڵێکی پاک و سادەی هەبوو، سەرجەم کارەکانی ماڵەوەی ئەنجام دەدا و چاودێریی براکانی دەکرد. تەنانەت هەرگیز لەگەڵ هیچ پیاوێک قسەی نەکردبوو. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم کارە زاڵمانە و جینایەتکارانە، داوای ئەمنکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بۆ ژنان و کچان دەکات تا زیاتر لەمە نەبنە قوربانیی توندوتیژییە هەوسارپچڕاوەکان؛ ئەو کارەساتەی بەسەر نیلووفەر موجاوری، کچە ۲۷ ساڵانی پیرانشاریدا هات، نموونەی بەرچاوی ژنکوژی، ئەشکەنجە و ئازاری تۆقێنەری جەستەیی و سێکسی، و ڕفاندن و سەندنی ژیانی مرۆیی لە سایەی یاسا دژەژنییەکان و سستبوونی پێکهاتەیی سیستەمی دادوەری و ئەمنیدایە. ئەم تاوانە تۆقێنەرە کە بە ۱۰ ڕۆژ بەندکردن لە بارودۆخێکی دژەمرۆڤانە، بێبەشکردن لە ئاو و خۆراک، لێدان و ئەشکەنجەی توند تا ئاستی شکانی چەناگە و پەراسوو، دروستکردنی سووتاندن و شوێنی قامچی، تەقەکردن یان زەبری کوشندە بۆ سەر و ئەنجامدانی دژوارترین دەستدرێژییە سێکسییەکانی لەگەڵ بووە و بووە هۆی مردنی مێشکی و بەخشینی تەنیا دوو گورچیلە ساغەکەی نیلووفەر، نموونەی دیاری بێ سزا مانەوەی پێکهاتەیی و توندوتیژیی حکوومەتی - کۆمەڵایەتییە؛ چونکە تۆمەتباری ٤۱ ساڵە وێڕای هەبوونی پێشینەی ئازاردانی کچانی دیکە، بە بەکارهێنانی کەلەبەرە یاساییەکان، نابەرابەرییە یاساییەکان و نەبوونی ئێمکانیاتی پشتیوانیی خێرا بۆ ژنانی بێدەسەڵات، بە دروستکردنی ترس و هەڕەشە لە بنەماڵەی قوربانییەکە، بە ئاسانی تاوانی کردووە.

نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ورمێ؛ ۱۴ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ وێنەگەلێک لە ماڵاوایی تاڵی بنەماڵە و کارمەندانی نەخۆشخانە لە تەرمی نیلووفەر موجاوری؛ دانانی تۆڕ و گوڵی سوور لەسەر جەستەی توندوتیژی لێکراو و ڕۆڕۆی دایکی: «بووکی جوانم، ئارام بنوو»؛

https://t.me/kurdpaagency/39422

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە