۱۲ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «ئومید چاوباز» و «هادی بایزیدی» کە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوون، دوای ۲۰ ڕۆژ، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ۴ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران. لەو ۹ هاوڵاتییە بۆکانییەی لە مانگی گەلاوێژدا دەسبەسەر کرابوون، هێشتا ۷ کەسی دیکەیان لە دەسبەسەریدا ماونەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممە، ۱۰ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئومید چاوباز»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حاجیلەک»ی سەر بە بۆکان، و «هادی بایەزیدی»، هاوڵاتیی ۲۲ ساڵان و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، دوای ۲۰ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ۴ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
بەوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەم کەسانە دوای دەسبەسەرکران، لە ۲۴ کاتژمێری یەکەمدا بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە و پاشان لە ۹ی خەرمانانی ١٤٠٥دا، دوای ۱۹ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا، بۆ بەشی دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان گوازراونەتەوە و ڕۆژی ۱۰ی خەرمانانی ١٤٠٥، هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ۴ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
کوردپا پێشتر بلاوی کردبووەوە کە بەرەبەیانیی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاتژمێر ٢ی نیوەشەو، «ئومید چاوباز»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «حاجیلەک»ی سەر بە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵەگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژ، «هادی بایەزیدی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان کەلوپەلێکی زۆری ماڵەکەیان تێکداوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، کەلوپەلی تایبەتیی هادی عەزیزی، لەوانە لەپتاپ و مۆبایلەکەی، هەروەها ئۆتۆمبێلەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
کوردپا لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥دا بڵاوی کردبووەوە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا، ۹ هاووڵاتی لە بۆکان دەسبەسەر کراون. «ئومید چاوباز»، «سدیق کەریمی»، «هادی بایەزیدی»، «پێشەوا چەمەنی»، «ئیسماعیل بادسار»، «زەکەریا بادسار»، «هێمن مەنیجه»، «حوسێن یووسفی» و «حوسێن یوونسی» ناوی ئەم هاوڵاتییانە بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.



-1280x720-640x360.jpg)

-1280x720-640x360.png)