ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، پەری سامانی و ڕۆیا سامانی، دوو خوشکی کوردی خەڵکی مەهاباد دوای بانگکردنیان بۆ لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی»یان خرایە پاڵ.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەمای ئەم تۆمەتە بۆ ئیدیعای هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەهاباد سەبارەت بە ئەندامبوونی ئەم دوو خوشکە لە گرووپێکی تێلێگرامی لە ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە. بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە هیچ بەڵگەیەکیان پێشکەش نەکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم دوو خوشکە کوردەی خەڵکی مەهاباد و دوای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئێلێکترۆنیکییەکانیاندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، دەستیان بەسەر مۆبایل و لپ‌تاپەکەی ڕۆیا سامانی و مۆبایلەکەی پەری سامانیدا گرت.

ئەم دوو خوشکە دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلە ئێلێکترۆنیکییەکانیان، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا.