١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەعدوون غەزاڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە دوای بانگکرانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی مەهاباد دەسبەسەر کراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، سەعدوون غەزاڵی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی قازی «سیامی»، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات» سزای ساڵێک بەندکردنی داسەپاو و ساڵێک بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرابوو.
سەعدوون غەزاڵی ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە ماڵەکەی خۆیدا و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرماناندا بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.





