گرتنگەی شارامفەر؛ تێپەڕینی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەمجەد ساڵحزادە و درێژکردنەوەی دووبارەی ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی بۆ مانگێکی دیکە

ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە" تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز، کە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە گرتنگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگیراوە. بڕیاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ تێپەڕینی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و درێژکردنەوەی دووبارەی بڕیاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بۆ مانگێکی دیکە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: تاکوو ئێستا بە فەرمانی هێزە ئەمنییەتییەکان بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەمجەد ساڵحزادە سێ جار درێژ کراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەمجەد ساڵحزادە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
دۆسییەی پێشووی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دەرچوونی سزا دژی ئەمجەد ساڵحزادە:
ئەم هاووڵاتییە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای داسەپاو، سزای ناوبراو بۆ پێبژاردنی سەد و ٦٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی گۆڕدرا.
سزای ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی برگەی ٤٤٢ بۆ پیبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی کەم کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای ئەمجەد ساڵحزادە بۆ پێبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە لقی ٢ی جیبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەرێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.